کونی ناو گۆرەوی یاریزانان لە مۆندیالی ٢٠٢٢ی قەتەردا بۆتە حاڵەتێکی دوبارە و لە زۆربەی یارییەکاندا دەیبینین، بەڵام داخۆ هۆکارەکەی چی بێت؟.
کونی گۆرەوی نە مۆدێلە و نە بێ پارەییە، بەڵکو ئەو کونانە یارمەتیدەرن بۆ رێگرتن لە گرژبونی ماسولکە، کە بەهۆی کەمبونەوەی جوڵەی خوێن لە قاچی یاریزاناندا دروست دەبێت.
یاریزانانی هەڵبژاردەکان دەستبەجێ جوتێک گۆرەوی نوێ لە ئیدارەی تیپەکانیان وەردەگرن
بەر لە دەستپێکردنی هەر یارییەک، یاریزانانی هەڵبژاردەکان دەستبەجێ جوتێک گۆرەوی نوێ لە ئیدارەی تیپەکانیان وەردەگرن، بەوپێیەی گۆرەوییەکانیش تازەن و قوماشەکەش زۆر نەرم و شل نییە، بۆیە لە رێی ئەو کونانەوە گوشاری سەر قاچ و پێی یاریزانان کەمدەکرێتەوە، بە تایبەت ئەوانەی پێیەکانیان گەورەیە.
هەندێک لە یاریزانان کون دەکەنە بەشی پشتەوەی گۆرەوییەکانیان
گۆرەوی تەسک بۆ هەموو مرۆڤێک ئازاربەخشە، جا وەرە بۆ یاریزان، کە ئازاری زۆر بە قاچەکانی دەگەیەنێت و گرژبونی ماسولکەشی لێدەکەوێتەوە. هەربۆیە لە نوێترین داهێناندا و بۆ کەمکردنەوەی گوشار، هەندێک لە یاریزانان کون دەکەنە بەشی پشتەوەی گۆرەوییەکانیان، بەوەش بوارێکی باشتر بە ماسولکەکانی قاچیان دەدەن و لە ئازارەکانیان کەمدەکەنەوە.
جەستەمان بە رێژەیەکی مامناوەندی نزیکەی ٦٠%ی لە ئاو پێکدێت
بۆئەوانەشی کە یاریزانن، مەرج نییە گرژبونی ماسولکە تەنها بە ماندوبونی جەستە دروست ببێت، بەڵکو دەشێت بەهۆی کەمی ئاویشەوە دوچاری یاریزان ببێت. چونکە جەستەمان بە رێژەیەکی مامناوەندی نزیکەی ٦٠%ی لە ئاو پێکدێت، بۆیە زۆر گرنگە ئاستی خوێیەکانی ناو خانەکانی جەستە بپارێزرێن، لەنێویشیاندا خانەکانی ماسولکە دەبێت لەئاستێکی دروستدا، بپارێزرێت.
ئاو هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئاستی دروستی مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم لە جەستەدا
سەرەڕای ئەوانەش، ئاو هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئاستی دروستی مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم لە جەستەدا، چونکە ئەوانە یارمەتیدەرن بۆ چۆنێتی چاکبونەوەی خانەکانی ماسولکە و پاراستنیشی، رێگریش دەبن لە زیاد کەمبونەوەی خانەکان و دروستبونی گرژبون.