زووم..
گۆڤاری فۆربسی ئەمریکى بڵاویکردووەتەوە، بەهۆى زیادکردنى باجى گومرگیى لە ئەمریکا، نرخى ئایفۆن 43% بەرزدەبێتەوە.
بەگوێرەى گۆڤاری فۆربس، ئێستا لە ئەمریکا نرخى ئایفۆن 16 پرۆماکس هەزار و 599 دۆلارە، نرخەکەى بۆ دوو هەزار و 300 دۆلار بەرزدەبێتەوە، هەرزانترین جۆرى ئایفۆنیش کە ئایفۆن 16 ئى یە، نرخەکەى لە 599 دۆلارەوە بۆ 856 دۆلار بەرزدەبێتەوە، بێگومان ئایپاد و ئاپڵ وۆچ و ئەیرپۆد و کۆمپیوتەرى ماکیش بەهەمان رێژە نرخیان بەرزدەبێتەوە.
گۆڤارەکە نووسیویەتى، 80%ـی بەشەکانی ئایفۆن لە چین لەلایەن کۆمپانیاى چینى فۆکس کۆنەوە دروستدەکرێن کە هاوبەشى لەگەڵ کۆمپانیاى ئاپڵ هەیە، کاتێک ئەو ئامێرانە دەهێنرێنەوە بۆ ئەمریکا کۆمپانیاى ئاپڵ دەبێت نزیکەى 40 ملیار دۆلار باج بدات، لەحاڵەتێکدا ئەگەر کۆمپانیای ئەپڵ زیانەکە بخاتەسەر بەرکاربەران ئەوان نرخی هەموو بەرهەمەکان 43% بەرزدەبنەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، باجی گومرگی بەسەر کاڵای هاوردەی هەموو وڵاتەکان سەپاند، بەجۆرێک کە کەمترین رێژە 10%ـیە و بەگوێرەی وڵاتەکانیش رێژەی باجەکە دەگۆڕێت. گەورەترین زیانمەند چینە چونکە سەپاندنی باج بەڕێژەی 34% و پێشتریش 20% باجی گومرگی بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنرابوو، بەمجۆرەش ئێستا 54% باجی گومرگی دەخرێتە سەر هەر کاڵایەک لە چینەوە رەوانەی ئەمریکا بکرێت.
هەنگاوەکەی ترەمپ ناڕەزایی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتووەتەوە و بازاڕی جیهانی شڵەقاندووە، تەنها لە ماوەیەکی کەمیشدا کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا پێنج ترلیۆن دۆلاری بەهاکانیان لەدەستداوە.
ترەمپ دەڵێت، سەپاندنی باج لە ماوەی درێژخایەندا قازانج بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەگەیەنێت و باسی لەوە کردووە ئەم هەنگاوەی بۆ بوژانەوە ئابووری وڵاتەکەیەتی تاوەکو هەوڵبدرێت زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت.