سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، پێویستە حکومەتی تورکیا بە مەبەستی ئاشتی شاند بنێرێتە ئیمڕالی، نەک سەرباز بنێرێتە ئەودیو سنور، دەشڵێت دەرگاکانی ئیمڕالی نەکرێنەوە، لە هەڵبژاردندا دەرگاى سەرکەوتن بۆ هیچ لایەک ناکرێتەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتى دیموکراتى گەلان هەدەپە، گوتارێکی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، پرۆسەی ئاشتی، داواکاری میت بۆئەوەی جێی عەبدوڵلا ئۆجالان بگرێتەوە و دۆخی ئۆجالان لە ئیمڕالی بڵاوکردەوە.
هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) ویستویەتی لەگەڵ دەمیرتاش کۆببێتەوە
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەداوە، هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) ویستویەتی لەگەڵیدا کۆببێتەوە، داواکاری فیدان لەکاتێکدا بووە کە پرۆسەی چارەسەرکردن هێشتا بەردەوام بووە و شاندەکان سەردانی ئیمرالیان دەکرد، بەڵام ئەو قبوڵی نەکردووە.
دەمیرتاش: پێویستە شاندى ئاشتی بنێرنە ئیمڕالی
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، رایگەیاند، پێویستە حکومەتی تورکیا بە مەبەستی ئاشتی، شاند بنێرێتە ئیمڕالی، نەک سەرباز بنێرێتە ئەودیوی سنور و گوتی، “ئەو داواکاریەی کە پێشکەشمان کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجالان لە ئیمڕالی بە مەبەستی وەگەڕخستنەوەی ئاشتییە و گۆشەگیریی سەر ئۆجالان دژی یاسایە، تاوانە و ئەشکەنجەیە.”
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ئاماژەی بەوەدا کە داواکاری چاوپێکەوتن مافێکى یاساییە و بە مۆڵەتی تایبەتی وەزارەتی داد چاوپێکەوتن لە زیندانەکاندا ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەش من پارێزەرم و دەتوانم دەسەڵاتی پارێزەرییەکەم بۆ ئەم چاوپێکەوتنە بەکاربهێنم.
دەمیرتاش: ئایا نایاسایی نییە کە سزادراوێک ساڵانێکە بۆی نییە پارێزەرەکانی ببینێت؟
هەر لەبارەى قەدەغەى گەشتکردن بۆلاى ئۆجالان، دەمیرتاش دەڵێت: ئایا نایاسایی نییە کە سزادراوێک ساڵانێکە بۆی نییە پارێزەرەکانی ببینێت؟ ئەمە رێگایەکە کە دەتوانین پێکەوە، بەشداری لە ئاشتی کۆمەڵایەتی تورکیا و چارەسەری دیموکراسی و ئاشتیانەی کێشەکانمان بکەین.
دەمیرتاش گوتیشی، پرۆسەی چارەسەریی ئەرکێکی شەرەفمەندانەیە بۆ ئێمە. هەمیشە شانازی بەوە دەکەین کە هەوڵمان داوە، رێگری لە مردنی هەزاران کەس بکەین. ئێمە کەموکوڕی و ناتەواویمان هەبووە، بەڵام کەس بۆی نیە ئامانج و مەبەستمان بخاتە ژێر پرسیارەوە.”پێویستە لانیکەم هەموو کەسێک بە ئەندازەی ئۆجالان بۆ ئاشتی هەوڵ بدات
پێویستە لانیکەم هەموو کەسێک بە ئەندازەی ئۆجالان بۆ ئاشتی هەوڵ بدات
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە کۆتایی گوتارەکەیدا دەڵێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئامادەین لە ئیمڕالی لەگەڵ ئۆجالان کۆببینەوە و بەشداری لە ئاشتی کۆمەڵایەتیدا بکەین، پێویستە هیچ یاریەک نەبێت، هەموو شتێک روون و ئاشکرا بێت، پرۆسەکە بنەمایەکی یاسایی و لەژێر سایەی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە بچێت، پێویستە لانیکەم هەموو کەسێک بە ئەندازەی ئۆجالان بۆ ئاشتی هەوڵ بدات، نابێت بۆ تاکتیکی هەڵبژاردن ئەم کارە نەکرێت، پێویستە بزانرێت دەرگاکانی ئیمڕالی نەکرێنەوە، دەرگاکانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا بۆ هیچ لایەک ناکرێنەوە”.