- ئیبراهیم حەمیدی
- شەرقولئەوسەت – لەندەن
وەرگێڕانى: ئالان عومەر، زووم
مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى “شەرقولئەوسەت” کە لە لەندەن دەردەچێت، باس لە دوایین بارودۆخى ناوچەکانى باکور و رۆژهەڵاتى سوریا (رۆژئاڤاى کوردستان) و هەڕەشەکانى تورکیا بۆ ئەنجامدانى هێرشى زەمینى دەکات.
لە چاوپێکەوتنەکەدا مەزڵوم عەبدى دەڵێت، ئیدارەى پێشووى ئەمریکا بە سەرۆکایەتى دۆناڵد ترەمپ خیانەتى لێکردین، کاتێک لەگەڵ ئێمە نەبوو دژى هێرشى زەمینى تورکیا لە کۆتاییەکانى ساڵى 2019، دەشڵێت ئیدارەى ئێستاى ئەمریکا تائێستا رێگەى بە هێرشى زەمینى تورکیا نەداوە.
پرسیار لە نیگەرانییەکانى کرا لەوەى هێزەکانى روبەڕوى “خیانەتێکى” دیکە ببێتەوە، لە وەڵامدا مەزڵوم عەبدى دەڵێت “ئێمە هەمیشە نیگەرانین، بەڵام هیوادارین ئیدارەى نوێى ئەمریکا پابەند بێت بە بەڵێن و پابەندییەکانییەوە و رێگە نەدات تورکیا هیچ ئۆپراسیۆنێک ئەنجام بدات”.
ئەمانەى خوارەوە پرسیارەکانى شەرقولئەوسەت و وەڵامەکانى مەزڵوم عەبدییە:
شەرقولئەوسەت: هەسەدە بە فەرمی وەستانی هاوکارییەکانى خۆى لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش راگەیاند، لەهەمانکاتدا دەوریەکانی ئەمریکاش بۆ هاوکاری هەسەدە لە هێڵەکانی بەرکەوتن کەمبوونەوە، دەتوانیت ئەم بابەتەمان بۆ روون بکەیتەوە؟
مەزڵوم عەبدى: با بابەتەکان بە وردی تێبگەین، ئێمە رامانگەیاند کە هێرشەکانی تورکیا بەردەوامە و بەئامانجگرتنی ئەو هێزەی دەورییەکان ئەنجام دەدەن ئۆپەراسیۆنەکەی راگرت، بارودۆخەکە بەمجۆرە بوو، لەکاتی هێرشەکان دەورییەکان کەمکرانەوە بە جۆرێک کە بە پێی توانا بێت، بەڵام ئێستا کاری هاوبەش دەستیپێکردوەتەوە و بابەتەکە پەیوەست بوو بە دۆخی ئەمنییەوە، لەگەڵ باشبوونی بارودۆخەکە هەماهەنگی دەستیپێکردەوە.
شەرقولئەوسەت: واتە کارکردنى نێوان هەسەدە و هاوپەیمانان وەکو پێشوترە، لە دژایەتی داعش بێت یان بابەتی دەورییەکان؟
مەزڵوم عەبدى: رێک بەو جۆرە، گەڕاوەتەوە دۆخی پێش 20ی مانگ
شەرقولئەوسەت: تێبینی کەمبوونەوەى هێرشەکانی تورکیامان کرد لەم چەند رۆژەی رابردوودا، فشارەکانی ئەمریکا هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەن؟
فشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئەنقەرە تاڕادەیەک کاریگەرییان هەبووە
مەزڵوم عەبدى: پێموایە فشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئەنقەرە تاڕادەیەک کاریگەرییان هەبووە، لەگەڵ تێپەرینی کات فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەنقەرە زیاتربوون، ئەنقەرە پێشێلی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی کردبوو کە لەگەڵ روسیا و ئەمریکا ئەنجامی دابوون، ئەمە فشارێکی زۆری دروستکرد کە بووە هۆی کەمکردنەوەی هێرشەکان.
هۆکاری دووەم ئەوەیە کە هێزە سەربازییەکانی ئێمە خۆیان زۆر باش ئامادەکردبوو، بۆ نموونە کاتێک کۆبانێ، مەنبەج و تەل رەفعەت روبەروی بۆردومانی زۆر توند بوونەوە بە فرۆکەی (ئێف 16) و هەزاران تۆپباران، بەڵام هێزەکانی هەسەدە تەنانەت یەک برینداریشی لەم ناوچانە نەبوو، تورکەکان ئەوەیان دەستنەکەوت کە دەیانویست، تەنانەت لە ئاستی مەدەنی و ژێرخانی ئابوریش هیچ زیانێک بەر پارێزگای حەسەکە نەکەوت.
شەرقولئەوسەت: هەندێک دەیانگوت ئەمریکا گڵۆپی سەوزی رانەگەیەنراوى بۆ هێرشەکانی تورکیا هەڵکردووە تاوەکو بۆماوەی 10 رۆژ بۆردومان بکات، بۆیە هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوت و غاز بوون، یان نزیک بوون لە بنکە سەربازییەکانى ئەمریکاوە، هیچ زانیاریەکت لەم بارەیەوە هەیە؟
مەزڵوم عەبدى: ناتوانین بڵێین گڵۆپی سەوز هەڵکراوە یان هەماهەنگی هەبووە لە نێوان ئەو هێزانەی لە خاکەکەدا هەن، بەڵام رەخنەکانمان بە دیاریکراوى لە هێزەکانی هاوپەیمانی بوو چونکە لەسەر خاکەکە بونیان هەیە و بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستان، ئەگەر ئەرکی خۆیان بەجێبهێنایە هێرشەکان بەو ئاستە نەدەبوون، هەڵوێستیان لاواز بوو بەرامبەر هێرشەکان، وەکو پنتاگۆن رایگەیاند، تورکەکان سەربازە ئەمریکییەکانیان خستە مەترسییەوە.
شەرقولئەوسەت: ئایا فڕۆکەى تورکی لە راستیدا هاتنە نێو ئاسمانی سوریاوە؟ دەوترێت تا سنوی دێرەزوور هاتوون؟
مەزڵوم عەبدى: بەڵێ ئەوان داخڵی ئاسمانی دێرەزوور بوون کە 70کم لە سنوری سوریاوە دوورە، هەروەها کەمپی هۆلیان کردە ئامانج کە 80کم لە قوڵایی خاکی سوریادایە، هەموو ئاسمانی سوریا بۆ ئەوان کرایەوە.
شەرقولئەوسەت: ئەمریکا هیچی نەکرد بۆ وەستاندنیان؟
مەزڵوم عەبدى: جگە لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکان، نەخێر هیچی نەکرد.
ترست هەیە لە خیانەتێکی دیکەی ئەمریکا بەرامبەر کورد؟
شەرقولئەوسەت: ئەمریکا و رۆژئاوا لە 100 ساڵدا حەوت جار خیانەتیان لە کورد کردووە، ترست هەیە لە خیانەتێکی دیکەی ئەمریکا، یان لەوەی واشنتۆن پشت لە کورد بکات پاش ئەو هەموو قوربانییەی لە جەنگی دژ بە داعش پێشکەشتان کردووە، ترست لە خیانەتی ئەمریکا هەیە؟
مەزڵوم عەبدى: ئۆپراسیۆنی پێشوو ساڵی 2019 بوو، لەوکاتەدا هەماهەنگی هەبوو لە نێوان ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و تورکیا بۆ ئۆپراسیۆنەکە، بۆیە ئێمە لەوکاتەدا ناومان نا خیانەت، ئێستا رایانگەیاندووە کە ئیدارەی بایدن رێگە بە هاتنە ناوەوەی سەربازانی تورکیا و وێران کردنی ناوچەکە نادات، بە راستیش فشاری ئەمریکی هەبووە بۆ ئەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی نوێ روونەدات، ئێمە هەمیشە نیگەرانین بەڵام هیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانیان بن، رێگە بە هێرشی تورکیا نەدەن.
شەرقولئەوسەت: پێش چەند رۆژێک وتت ئەم هێرشانە تاقیکردنەوەیە بۆ ئیدارەی بایدن، ئێستا لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکە دڵنیایت؟ هیچ خیانەتێکی نوێی ئەمریکی نییە؟
مەزڵوم عەبدى: تائێستا پێمان وایە ئەمریکییەکان لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ تورکیا، داوامان کردووە بەردەوام بن لە فشارەکانیان، بۆئەوەی تورکیا و بەتایبەت ئەردۆغان تێبگات کە نابێت ئەم هێرشانە بکات ئەگەر دەیەوێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە و حوکمی خۆی لە هەڵبژاردنەکان بپارێزێت.
نیگەرانین و هەڵوێستی ئێستای ئەمریکا بەس نییە
شەرقولئەوسەت: من ئەمەوێت باسی وشەی خیانەت بکەیت، تۆ نیگەران نیت لە خیانەت؟ ترست نیە؟
مەزڵوم عەبدى: با روون قسە بکەین، ئەمە رووی نەداوە تائێستا، بەڵام نیگەرانین و هەڵوێستی ئێستای ئەمریکا بەس نییە، بەڵام بابەتەکە لێدەگەڕێین بۆ کات.
شەرقولئەوسەت: رێککەوتن لە نێوان روسیا و ئەمریکا و تورکیا هەبوو لە ساڵی 2019، تورکیا دەڵێت هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە بە کشانەوەی هێزەکانی بە قوڵی 30کم یان 32کم، ئایا ئەمە راستە؟
مەزڵوم عەبدى: هەمووان دەزانن ئێمە پابەندی خاڵ بە خاڵى رێککەوتننامەکەین، روسیا کە “گرەنتیکارى” رێککەوتنەکانە خۆیان لێرەن و ئاگادارن، ئەمریکییەکانیش کە رێککەوتنیان لەگەڵ تورکیا هەیە.
شەرقولئەوسەت: لە رووی کردارییەوە چیتان کردووە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەکە؟
هیچ کارێکمان نەکردووە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی تورکیا
مەزڵوم عەبدى: تاکە پاساوی تورکەکان ئەوەبوو، کە هەڕەشە هەیە لەسەر ئاسایشیان، وەکو هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند جارێک وەڵاممان داوەتەوە کە تائێستا هیچ کارێکمان نەکردووە هەڕەشە بێت بۆ سەر ئاسایشی تورکیا لەم ناوچانەوە، هیچ هێرشێکمان نەکردووە راستەوخۆ دژی تورکەکان بێت.
شەرقولئەوسەت: داوای کشانەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و دانانی چەکە قورسەکانیان کردووە، وایە؟
مەزڵوم عەبدى: ئەو هێزانە بە شێوەیەکی فەرمى بوونیان نیە لەسەر سنور، تەنها سوپای سوریا لە تەواوی سنور بڵاوەیان پێکراوە.
شەرقولئەوسەت: دەڵێن هەرەشەمان بۆ سەر تورکیا دروست نەکردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ لەلایەن کەسانێکەوە جێبەجێ کراوە کە پەیوەندییان بە هەسەدە و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد هەیە و بەڵگەمان هەیە، هیچ بەڵگەیەکی تورکیتان دراوەتێ لەسەر پەیوەندی هەسەدە و تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ؟
مەزڵوم عەبدى: کێشە بنەڕەتییەکە ئەوەیە تورک هاوکاری کەس ناکات، ئەوان بەڵگەکانیان نەداوەتە دەست ئەمریکا، ئەوان بەڵگە و زانیاریی تەنها لە رێگەی میدیاکانەوە بڵاودەکەنەوە و دەیانەوێت دنیا بڕوایان پێبکات، رامانگەیاند کە ئەو کارە بە تیرۆریستی دەزانین و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.
با زانیارییەکی نوێت بدەمێ، ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەو زانیاریانە کردووە کە تورکیا لە رێگەی میدیاکانەوە بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ بەشی یەکەمی لێکۆڵینەوەکەمان تەواوکرد، لێکۆڵینەوەکەمان داوەتە لایەنی بەرپرس لە نێویاندا لایەنی ئەمریکی، لێکۆڵینەوەکان لە ماوەیەکی کەمدا کران و سەلماندمان کە ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان نییە بەو هێرشەوە، گەیشتین بەوەی ئەو کەسانەی تورکیا ناوەکانی ئاشکراکردوون سەر بەو شارانەبوون کە پێشتر لەگەڵ داعش بوون، ئێمە ناو و زانیاری و وێنەکانیانمان گەیاندووەتە دەستی لایەنەکان، ئەو کچەی پیشانیان دا ماوەیەک لەمەوبەر چەند جارێک سەردانی “عەفرین”ی کردووە کە براکەی و مامی و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی لەوێن.
شەرقولئەوسەت: عەفرین لە ژێر دەسەڵاتی تورکەکانە؟
مەزڵوم عەبدى: بەڵێ چەند فەرماندەیەک لەژێر ناوی سوپای نیشتمانی و کەسانی دیکە پێشتر لە ناوچەکە بوون پێش 2018، دەرمان کردن و دواتر چوونە ناوچەی دیکە، ئەو ناوانەی تورکەکان رایانگەیاند پەیوەندییان بە یەکە چەکدارەکانی جەرابلوس و عەفرین هەیە، بەشی دووەمی لێکۆڵینەوەکە لە چەند رۆژی داهاتوو کۆتایی دێت.
شەرقولئەوسەت: بە رای تۆ کێ لەپشت هێرشەکەوەیە؟
مەزڵوم عەبدى: نامانەوێت کەس تۆمەتبار بکەین، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین پەیوەندیان بەو ناوچانە هەیە کە لە ژێر دەسەڵاتی تورکیان وەک جەرابلوس و عەفرین، بەڵگەشمان هەیە کە بەشێک لە تەقەمەنیەکان لەو ناوچانەوە هاتوون، ئەوان دەستیان لەو بابەتە هەیە و بەڵگەکان دەبێت بیسەلمێنن کە هەسەدە هیچ پەیوەندییەکی بەو باباتەوە نییە.
شەرقولئەوسەت: ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر پێگەیەکی تورکی لە عەفرین
مەزڵوم عەبدى: ئاگاداری ئەوە نیم
هەڵوێستی روسیا بێلایەنانەیە
شەرقولئەوسەت: لەبارەى گفتوگۆکان لەگەڵ روسیا، زانیارییەکان دەڵێن فەرماندەی سوپای روسیا سەردانی قامیشلۆی کردووە، روسیا چیان پێ وتن لە سەروبەری ئەم گرژییانەدا؟
مەزڵوم عەبدى: با زانیارییەکە راست بکەینەوە، دەڵێن لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆوە هاتوون، ئەوان کە سەردانمان دەکەن دێنە بنکەکانمان.
شەرقولئەوسەت: بە بازگە ئەمریکییەکاندا تێدەپەڕن کە سەردانتان دەکەن؟
مەزڵوم عەبدى: دێن بۆ بنکەکانمان، سەردانیان کردین و فەرماندەیی روسیا هات و کۆبوونەوەکەمان بە ماوەیەکی کورت تەواوکرد، تورکیا روسیا تۆمەتبار دەکات کە گوایە پابەندی نەکردووین بە جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی سۆچی ساڵی 2019، لەلایەکی دیکەوە روسیا هەوڵدەدات تورکیا پابەند بکات بە رێککەوتننامەکەوە، دەتوانم بڵێم ئێستا هەڵوێستی روسیا بێلایەنانەیە و دەیەوێت رێککەتننەکە جێبەجێ بکەین، ئێمە لای خۆمانەوە تێبینی زۆرمان لەسەر پێشێلکارییەکانی تورکیا هەیە، بۆ نموونە ئەوان باسی 30کم دەکەن لەکاتێکدا لەم ماوەیەی رابردوو تا قوڵایی 70-80کم هاتوون و بنکەی سەربازیی و مەدەنیشیان هەیە.
ئێمە داوامان کردووە روسیا بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت و تورکیا پابەندی رێککەوتنەکە بکەن، هەڵبەت تورکیاش تێبینی لەسەر ئێمە هەیە و دەڵێت هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشمان، لای خۆمان پابەند دەبین و ئەگەر پێشێلکاریی تاکەکەسیش هەبێت پابەند دەبین بە رێککەوتنەکە، ئێمە بە فەرمى بوونمان نییە لەسەر سنور تا تورکیا داوا بکات بکشێینەوە بە قوڵی 30کم، ئەوەی هەیە هێزی ئاسایشە، هێزی ئاسایش لە دەرەوەی رێککەوتنەکەیە، ئەوان لە هەموو شوێنێک هەن چونکە بابەتی کشانەوەکە نایانگرێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ روسیا بۆ تاوتوێی پێشێلکارییەکانی تورکیا بووە، داوامان کردووە پابەندی رێککەوتنەکەیان بکەن.
شەرقولئەوسەت: دەوترێت روسیا داوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدەی کردووە لە کۆبانێ و منبج لە بەرامبەردا هێزەکانی رژێمى سوریا بچنە ئەو شوێنانە.
مەزڵوم عەبدى: با زانیاریت بدەمێ، خۆی هەر لە بنەڕەتدا هێزەکانی رژێم ژمارەیان زیاترە لە هێزەکانی ئێمە لەو ناوچانە، نزیکەی دوو هێندەی ئێمە هێزەکانی سوریا لە ناوچەکاندا بوونیان هەیە، لە کۆبانێ و منبج و تەل رەفعەت بوونێکی تەواویان هەیە، تەنانەت ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئەو ناوچانە بۆ هێزەکانی رژێم زیاتر کێشەیە وەکو بۆ ئێمە، ئەو بە ئامانج دەگیرێت، ئەو دەبێت بریاڕ بدات ئایا دەکشێتەوە و ئەو ناوچانە بۆ سوپای تورکیا بەجێدەهێڵێت، یان لەگەڵ تانک و چەکە قورسەکانیان جەنگ دەکەن، ئەوان هێزی سەرەکین لەوێ و هیچ پێویستییەک نییە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لەو ناوچانە و ناکشێینەوە.
شەرقولئەوسەت: دیدارەکەی فەرماندەی روسیا لە بنکەی رمێلان بوو یان کێڵگەکەی وەزیر
مەزڵوم عەبدى: ببورە وەڵام نادەمەوە
شەرقولئەوسەت: راستە دەوترێت ئێران لە ریفى حەلەب هێزی جوڵاندووە و خۆی وەکو هاوبەش لە خاکەکە پیشان دەدات؟
مەزڵوم عەبدى: ئێستا ئێرانییەکان لە تەل رەفعەت و شەهبا و چەند ناوچەیەکی ریفى حەلەب هەن، بەڵام لە رۆژهەڵاتی فورات و جەزیرە بەشێوەی فەرمى بوونیان نییە.
ئێمە رێککەوتوین لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا
شەرقولئەوسەت: دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق گەیشتن بەکوێ؟ رێککەوتنێکت لەگەڵ سەرۆکی مەکتەبی ئاسایشی نیشتمانی “لیو عەلی مەملوک” واژۆکرد لە 2019، رێککەوتنەکە لەسەر بڵاوکردنەوەی هێز بوو لە چەند ناوچەیەک، ئەو رێککەوتنە جێبەجێکرا؟
مەزڵوم عەبدى: ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە جێبەجێ کراوە، جا لەگەڵ ئەوان بێت یان لەگەڵ روسیا، پابەند بووین بە رێککەوتنەکان، ئێمە تەنها لەسەر گەڕانەوەی دامودەزگاکانی رژێم رێکنەکەوتین، بەڵکو رێککەوتین لەسەر پاراستنی سنورەکان و بوونی هێزەکانی رژێم لەسەر سنور، یارمەتیانمان دا لە بڵاوکردنەوەی سوپا لەسەر تەواوی سنور، پێویستمان بە رێککەوتنی دیکە نییە و بابەتی سنور کۆتایی پێهاتووە، هەندێک بابەتی دیکە هەیە دەبێت لەگەڵ رژێمی سوریا رێکبکەوین، وەکو بابەتی سەروەریی و سنور و ئاڵا و هێما نیشتمانییەکان.
ئێمە رێککەوتوین لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەردەوامی دانوستانەکان، بەڵام لە هەندێک بابەتی کارگێریی ناکۆکین بۆ نموونە بابەتی پەروەردە و خوێندن.
شەرقولئەوسەت: بەڵام ناکۆکی هەیە لەسەر زمانی کوردی و چارەنووسی هەسەدە و ئیدارەی خۆبەرێوەبەری؟
مەزڵوم عەبدى: بەشێوەیەکی گشتی ئێمە دژی ئەوە نین هەسەدە بەشێک بێت لە دامەزراوەی بەرگریی سوپای سوریا، بەڵام مەرجمان هەیە، ئێمە 100 هەزار چەکدارمان هەیە ماوەی 10 ساڵە دەجەنگین، هێزەکانمان پێویستیان بە چارەسەری دەستووریی و یاسایی هەیە، هەسەدە پێویستە رۆڵ و کاریگەریی و تایبەتمەندی هەبێت لەنێو سوپای سوریادا، لەسەر بابەتە گشتییەکان رێککەوتوین بەڵام لە وردەکارییەکان هەندێک کێشە هەیە، کاتی پێویستە.
شەرقولئەوسەت: وا دیارە دیمەشق داوای بڕی زیاتری نەوت دەکات کە بۆی بنێرن، ئێوە بڕێکی زۆر دەنێرن بۆ شێخ مەقسود لە حەلەب، بەڵام ناوچە حکومییەکان لە قەیرانی کەمی نەوتدان.
مەزڵوم عەبدى: با زانیارییەکت بدەمێ، تورکیا هەڕەشە لە تەل رەفعەت و شێخ مەقسود دەکات، لەگەڵ بەردەوامی هەڕەشەکان رژێمیش گەمارۆی توندی خستووەتە سەر ئەو ناوچانە، رێگە بە گواستنەوەی سوتەمەنی و ئارد و خۆراک نادات، خەڵک لەوێ برسین، سەرمایانە، کارەبا نییە، فڕنەکان وەستاون، ئەمە نیشاندانی نیاز پاکی نییە، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت ئێمەش هەمان وەڵاممان دەبێت.
شەرقولئەوسەت: زیانەکانی ژێرخانی نەوت و گاز چەندە لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا؟
مەزڵوم عەبدى: ئامانجەکە وەستاندنی ئەو دامەزراوانە بوو کە گاز و نەوت بەرهەمدێنن، تاکە وێستگەی بەرهەمهێنانی غازی ماڵان بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە وەستا، لە سەدا 50ی پاڵاوگە و دامەزراوەکان وەستان و ئێستا لە قۆناغی چاککردنەوەدان.
شەرقولئەوسەت: لیوا مەملوک و هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا مانگی تەموز لە مۆسکۆ یەکیان بینی، دیداری دیکەش لە نێوان فەرماندە سورییەکان و ئەمنی تورکی هەبووە، نیگەران نیت لە پەیوەندی سوریا و تورکیا؟ پێتوایە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرە بۆ روبەروبونەوەی هەسەدە؟
دیمەشق دژی لەشکرکێشی تورکیایە بۆ سەر خاکی سوریا
مەزڵوم عەبدى: با ورد بین، دەوڵەتی سوریا و دیمەشق خۆی دژی لەشکرکێشی تورکیایە بۆ سەر خاکی سوریا و ئەمە هەڵوێستیکی نیشتمانیە، بەڵام ئێمە نیگەرانین و پێمانوایە هەڵوێستی سوریا نانیشتمانیە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا، لەکاتی هەڕەشەی تورکیا دەبێت کاری لەپێشینەمان بەگژداچوونەوەی داگیرکاریی بێت، تورکیا دەیەوێت خاکی سوریا داگیربکات جا منبج بێت یا کۆبانێ یا تەل رەفعەت یاخود ناوچەی دیکە.
سوریا دەیەوێت سود لە هێرشەکان وەربگرێت بۆ فشار خستنەسەر ئەو ناوچانەی کە دەکرێت گفتوگۆیان لەسەر بکەین لە داهاتوودا، وەک منبج، دەێرەزوور، رەققە و ناوچەکانی دیکە.
ویستیم ئەمە بوروژێنم چونکە بابەتێکی نیشتمانییە، چونکە دەزانین دیداری زۆر هەیە و سوریا ئینکاری لێناکات، دەبیستین داوای هەمانگیان لێدەکرێت لەلایەن تورکیا بۆ لێدانی ئامانجی دیاریکراو، بەڵام سوریا رەتیدەکاتەوە، هیوادارین ئەم وەڵامەی سوریا راست بێت و هیچ رێکەوتنێکی ئەمنی لە دژمان نەکرێت.
هەڵوێستەکەی ئەسەد بۆ رەتکردنەوەى دیدارى ئەردۆغان ژیرانە بوو
بەڵام وەکو ئەوەی پێمان گەیشتووە و لە میدیاکانیشەوە باسکراوە، بەشار ئەسەد دیداری ئەردۆغانی رەتکردووەتەوە تا دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، ئەمە بڕیارێکی دروستە و چارەسەری کێشەی سوریا دەکات، چونکە خەمی ئەردۆغان تەنها بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و نەهێشتنی جوڵانەوەی کوردە، بۆ ئەمەش دوو بژاردەى لەبەردەستە، یان دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی بۆ راگەیاندنی سەرکەوتنی سەربازیی و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە هەڵبژاردنەکان.
یان رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق لەسەر حسابی دۆزی کورد، کە ئەمەش دووبارە پێگەی لە هەڵبژاردنەکان بەهێز دەکات، بۆیە هەڵوێستەکەی بەشار ئەسەد هەڵوێستێکی ژیرانە بووە.
شەرقولئەوسەت: بەگوێرەى زانیارییەکانم تۆ رەتیدەکەیتەوە بچیت بۆ دیمەشق، بۆچی رەتیدەکەیتەوە و مەرجەکانت چیە بۆ چوون بۆ دیمەشق؟
مەزڵوم عەبدى: ئێمە شاند دەنێرین بۆ دیمەشق، من کاتێک دەمەوێت بچمە دیمەشق کە بارودۆخ بگونجێت بۆ چارەسەر، دەمەوێت چوونەکەم هاوکار بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە بۆ قەیرانەکان، ئەمەش پێویستی بە زنجیرە سەردانێک هەیە تا بارودۆخ گونجاو بێت و چارەسەر بوونی هەبێت.
دەقى چاوپێکەوتنەکە لە رۆژنامەى شەرقولئەوسەت