ئەمڕۆ سێیەم رۆژى بەردەوامبوونى مانگرتنى سەرتاسەرییە لە رۆژهەڵاتى کوردستان، دوکان و بازاڕەکان داخراون، بەشێکى ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیش کوژێندراونەتەوە.
رۆژى دووشەممە، 5ى کانونى دووەمى 2020، مانگرتنى سەرتاسەرى لە شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەستیپێکرد، سێ رۆژ بۆ بەردەوامبوونى دیاریکراوە، وەک رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ ئاماژەیان پێداوە.
مانگرتنەکە، شێوازێکى دیکەى ناڕەزایەتییە بەرامبەر کۆمارى ئیسلامى ئێران، چەقەکەى رۆژڵاتى کوردستانە، هاوکات لە هەندێک شار و ناوچەى دیکەى ئێرانیش بەردەوامە.
مانگرتنەکە، شێوازێکى دیکەى ناڕەزایەتییە بەرامبەر کۆمارى ئیسلامى ئێران
بەگوێرەى گرتە ڤیدیۆییەکان، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ئەمڕۆ لە شارەکانی ئەسفەهان، کرمان، زەنجان، سنە، تاران، بۆجنورد، ئەردەبیل، دیواندەرە، پاوە، شنۆ، بەندەر ئەنزەلی، کازیرون و مەهاباد بازارەکان داخران و مانگرتنى گشتییە.
بەگوێرەى زانیاریی رێکخراوى مافى مرۆڤى کوردستان، لە پاوەى سەر بە پارێزگاى کرماشان، لە رۆژى دووشەممەوە 120 ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر راگیراون و خاوەنەکانیان مانیانگرتووە.
دوای بانگەوازی جەماوەری بۆ مانگرتنی سراسەری لە شارەکانی ئێران لە ڕۆژانی ١٤، ١٥ و ١٦ی سەرماوەز، ئەمڕۆ کاسبکاران و دووکاندارانی #سنە بۆ دووهەمین ڕۆژ دووکانەکانیان داخست و مانیان گرتووە. #مهسا_امینی #ناڕەزایەتی_سەراسەری #مانگرتنی_سەراسەری pic.twitter.com/Tt0SYqBhMq
— ئێرانوایەر (@kurdishiranwire) December 6, 2022
رێکخراوەکە دەڵێت، زانیارییمان هەیە، لە بەشی پێوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی رێگەوبانی پاوەوە پەیامی تایبەت و لە گروپى واتسئاپییشەوە پەیامی گشتییان بۆ خاوەنى بارهەڵگرەکان ناردووە بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە و گەڕانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان و هەڕەشەىان لێکردوون.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامى مانگرتن، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیش بەردەوامە، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی تەکنیکی حاجی نەسرەدین توسی و زانکۆی تەباتەبائی لە تاران ئەمڕۆ خۆپیشاندانیان کرد، کە هاوکات رۆژى خوێندکارانى زانکۆیە لە ئێران.
مەرگى ژینا ئەمینى، دۆخێکى دروستکرد، پێناچێت بەرپرسانى ئێران هەرگیز چاوەڕوانىان کردبێت، ئەو رۆژى 13ی ئەیلول لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقى تارانەوە دەستگیرکرا و دواى سێ رۆژ لە رووداوێکى گوماناویدا گیانى لەدەستدا.
لەو رۆژەوە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە، دروشمى “ژن، ژیان، ئازادى” لە تەواوى ئێران و ئەو وڵاتانەشى خۆپیشاندان بۆ پشتگیری هاوڵاتیان ئێران دەکەن دەگوترێتەوە.
داهاتووی کۆمەڵگە لەگەڵ دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” جوانترە
محەمەد خاتەمى، سەرۆککۆمارى پێشووترى ئێران
محەمەد خاتەمى، سەرۆککۆمارى پێشووترى ئێران شەوى رابردوو گوتى، داهاتووی کۆمەڵگە لەگەڵ دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” جوانترە.
ئەو دەڵێت، نابێت رێگە بدرێت ئازادییەکان و بواری ئەمنی لەدژی یەکدی بن.
خاتەمى لە ریفۆرمخوازەکانى ئێرانە، کچێکى بەتۆمەتى بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییە، لە زیندانى ئەوینى تاران، زیندانی کراوە.
مامەڵەى پۆلیسی ئەخلاق، لەگەڵ ژینا، کە وەک هۆکارى سەرهەڵدانى ناڕەزایەتییەکان دادەنرێت، پێش دوو رۆژ محەمەد جەعفەر موتەزری، هەڵپەساردنى کارەکانى ئاشکراکرد، هەرچەندە نەبووە هۆکارى دامرکاندنەوەى ناڕەزایەتییەکان. ئێرانییەکان ئەزمونیان لەگەڵ چەندجارێکى پێشووترى هەڵپەسارندن و کاراکردنەوەى پۆلیسی ئەخلاق هەیە.
دەستکەوتنی ئامارى وردى ژمارەى کوژراو، بریندار و دەستگیرکراوانى ئێران ئەستەمە، بەڵام بەگوێرەی ئەو ئامارانەى رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەستیانکەوتووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 450 کەس لە خۆپیشاندانەکان کوژراون، کە نزیکەی 122 کەسیان هاوڵاتى کوردن. هەروەها نزیکەی 30 ژن و 60 کەسیش مێردمنداڵ بوون.
لەبارەى ژمارەى دەستگیرکراوان دەڵێن، زیاتر لە 20 هەزار کەس دەستگیرکراون و مەترسی سزای لەسێدارەدان لەسەر ژمارەیەک چالاکیان هەیە.
رێکخراوى هەنگاو ئەمڕۆ باسی “رفاندنی” ژمارەیەک مێرمنداڵى لە رۆژهەڵاتى کوردستان کردووە، کە چارەنوسیان دیار نییە.