بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە هەڵمەتێکدا هێزەکانی ئەڵمانیا 25 کەسیان بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ روخاندنی حکومەتی ئەو وڵاتە دەستگیرکرد.
میدیا ئەڵمانییەکان باس لەوە دەکەن، کە گومانلێکراوەکان گروپی راستڕەوی توندڕەو و کەسایەتییەکی سەربازیی پێشووی وڵاتەکەن، کە لەپشت پلانەکەوەن و هەوڵیانداوە هێرشبکەنە سەر باڵەخانەی پەرلەمان و حکومەت و دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن.
پیاوێکی ئەڵمانی، کە بە شازادە هاینریچ سێزدەهەم ناودەبرێت و تەمەنی 71 ساڵە، بە تۆمەتباری سەرەکی پلانگێڕییەکە دادەنرێت.
داواکاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا رایگەیاند، لەنێو ئەو کەسانەی لە 11 ویلایەتی ئەڵمانیا دەستگیرکراون، دوو کەس سەرکردایەتی گروپەکەیان کردووە.
ئاژانسەکان باس لەوە دەکەن، گومان دەکرێت ئەو “پیلانگێڕانە ئەندامانی بزوتنەوەی توندڕەوی ریچ بن، کە لە مێژە بەهۆی هێرشە توندوتیژەکان و پیلانگێڕییە رەگەزپەرستەکانیانەوە” لەژێر چاودێری پۆلیسی ئەڵمانیادان. ئەو گروپە رەتیدەکەنەوە دان بە دەوڵەتی مۆدێرنی ئەڵمانیادا بنێن.
بەگوێرەى زانیارییە سەرەتاییەکەن گروپەکە پێکهاتوون لە 50 ژن و پیاو، کە پیلانیان داڕشتووە بۆ روخاندنی حکومەت و گۆڕینی بە دەوڵەتێکی نوێ، کە مۆدێلی ئەڵمانیای ساڵی 1871 پەیڕەو بکات.
گوتەبێژی فەرمانگەی داواکاری گشتی فیدراڵی دەڵێت “هێشتا ناوێکمان بۆ ئەم گروپە نییە بە میدیاکانی بڵێین.”