زووم…
باسم محەمەد بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت دەڵێت، کۆمپانیای بریتش پیترۆلیۆم بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک لە 308 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 420 هەزار بەرمیل بەرزدەکاتەوە.
باسم محەمەد بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، رێککەوتنی حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بەریتانییەکە بۆ 25 ساڵە لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ پێنج ساڵی دیکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک بە هەردووی بەشی هاڤانا و بابە گوڕگوڕەوە، هەروەها کێڵگەکانی خەباز و جەمبور و بای حەسەن گەشەیان پێدەدرێت.
دەشڵێت، کۆمپانیاکە بۆ ماوەی شانزە ساڵ رۆژانە وەبەرهێنان لە 400 ملیۆن پێ سێجا غازی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دەکات کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی غازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکان.
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشکردووە، لەسەدا ٨٥ی ئەو کەسانەی لە پرۆژەکانی بی پی لە کەرکوک کاردەکەن عێراقی دەبن و لەسەدا پانزەشی پسپۆڕانی بیانین.