زووم، ئاژانسەکان:
شی جینپینگ، سەرۆکی چین، بەنیازە رۆژی پێنجشەممە بە سەردانێکی دوو رۆژە بگاتە سعودیە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی چین و عەرەب کە بڕیارە لانیکەم 14 سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی بەشداری تێدا بکەن، ئەمەش پاش کەمتر لە پێنج مانگ لە “لوتکەى جەددە” دێت کە ئەمریکا و نۆ وڵاتى عەرەبى بەشدارییان تێداکرد.
چەند مانگێکە دەنگۆی سەردانی سەرۆکى چین بۆ گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سعودیە) بڵاوبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن حکومەتەکانی سعودیە و چینەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
پەکین تائێستا هیچ لێدوانێکى فەرمی لەبارەی سەردانەکەی شی بۆ سعودیە نەداوە، رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لەبارەی ئەو گەشتە پرسیار لە “ماو نینگ” گوتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى چین کرا، بەڵام ناوبراو رایگەیاند هیچ زانیارییەکی لەبارەی گەشتەکەوە نییە.
هەفتەی رابردوو حکومەتی سعودیە بۆ رووماڵکردنی لوتکەکە، فۆڕمی تۆمارکردنی بۆ پەیامنێران نارد، بەبێ ئەوەی وادەی وردی لوتکەکە پشتڕاست بکاتەوە، حکومەتی سعودیە رەتیکردەوە سەبارەت بە لوتکەکە و سەردانەکەی شی هیچ لێدوانێک بۆ سی ئێن ئێن بدات.
سى ئێن ئێن: رۆژى پێنجشەممە شی جینپینگ سەردانى سعودیە دەکات
بە پێچەوانەى لایەنە فەرمییەکانەوە، چەند بەرپرسێکى چینى و عەرەبى ئاشکرایان کردووە، بە ئەگەرى زۆرەوە لوتکەکە لە دە رۆژى یەکەمى کانوونى یەکەم بەڕێوەدەچێت، دوایین زانیارییەکانیش لەوبارەیەوە لەلایەن کەناڵى سى ئێن ئێنى ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە و لە زارى چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکراى کردووە کە رۆژى پێنجشەممە 8ى کانوونى یەکەمى 2022 شى سەردانى سعودیە دەکات و لە لوتکەى چین و ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەشداردەبێت.
سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی چین لەکاتێکدایە، کۆمەڵێک ناکۆکی لەنێوان ئەمریکا و چین لەلایەک و ئەمریکا و سعودیە لەلایەکى دیکەوە هەیە، واشنتن ساڵانێکە لە هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیدایە لەگەڵ سعودیە.
ئەمریکا و سعودیە بەمدواییانە لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت روبەروی ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکانیان بوونەوە، ئەوەش پاشئەوەى رێکخراوی ئۆپێک پڵەس بە سەرۆکایەتی سعودیە، لە هەوڵێکدا بۆ “سەقامگیرکردنی” نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، دوو ملیۆن بەرمیل نەوتى لە بەرهەمى رۆژانە کەمکردەوە.
چین وەک زەبەلاحێکی ئابووری لە رۆژهەڵات، لەسەر پرسی تایوان لەگەڵ ئەمریکا لە ناکۆکیدایە و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار بەڵینی داوە ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان، ئەوا ئەوان پارێزگاری لێدەکەن.
لەلایەکى دیکەوە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداوی عەرەبی لە واشنتن نیگەرانن و بەوە تۆمەتبارى دەکەن کە نەیتوانیوە لە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا سەرکەوتووبێت، ئەمەش چینى هانداوە هەوڵى بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و نەیارەکانی ئەمریکا کە بریتین لە ئێران و روسیا بدات.
هەڵوێستى چین و سعودیە لە شەڕى ئۆکراین بە دڵى رۆژئاوا نەبوو
سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین، هەڵوێستەکانى چین و سعودیە بە دڵى وڵاتانى رۆژئاوا نەبووە، هەردووکیان خۆیان لە پشتگیریکردنی سزاکانی سەر روسیا بەدوور گرتووە و ریاز چەندین جار جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ هاوبەشێکی سەرەکی بەرهەمهێنەری وزەیە و دەبێت لە بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەسدا راوێژی پێبکرێت.
دوابەدوای کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی رابردوودا، هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا سعودیەیان تۆمەتبار کرد بەوەی لایەنگری روسیا دەکات و یارمەتی ڤلادیمێر پوتین دەدات لە شەڕی دژی ئۆکرانیا، بەڵام کاربەدەستانی سعودیە رەتیدەکەنەوە کە نەوت وەک چەکێک بەکاربهێنن لە دژی ئەمریکا و رۆژئاوا، یان لایەنگری روسیا بن لە شەڕەکەدا.
دەبێت چاو بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعودیەدا بخشێنینەوە
بایدن لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا رایگەیاندبوو، دەبێت ئەمریکا “چاو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەدا بخشێنێتەوە،” کە بەڕواڵەت بایدن لە سەردانێکی مانگی تەمموزدا بۆ ریاز هەوڵی ئاساییکردنەوەی دابوو.
پێدەچێت لەدوای سەردانەکەی سەرۆکی چین، کە یەکێکە لە نەیارەکانی ئەمریکا، پەیوەندی نێوان ئەمریکا و سعودیە بەرەو دۆخێکی ئاڵۆزتر بچێت و ناسەقامگیری سیاسی لە ناوچەکەدا دروستبکات.