زوومی کلتووری
ئەکتەر و ئەستێرەی دیاری ئەمریکی ‘جۆرج کلۆنی’ دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە بەرنامەی ٦٠ خولەکی کەناڵی ‘سی بی ئێس’ ئامادەبوو، تا لە بارەی یەکەمین شانۆی خۆی لە برۆدوەی قسەبکات.
شانۆکە لە فیلمی ‘GOOD NIGGHT AND GOOD LUCK ـەوە وەرگیراوە.
چیرۆکی فیلمەکە لەبارەی رۆژنامەنووسێکەوەیە لە ساڵانی ١٩٥٠ـی ئەمریکادا، سەرەڕای فشارە سیاسییەکان لەسەری بەڵام ئەو بەردەوام دەبێت لە گواستنەوەی ئەو چالاکییانەی دژ بە کۆمەنیستەکان ئەنجامدەدرێت.
لە ئیستاشدا رۆژنامە سونەتییەکانی نێو ئەمریکا، بابەتی ئەم فیلمەیان بەستووەتەوە بە ئەمڕۆی ئەمریکا و تەماحکارییەکانی ترەمپ و ئیلۆن ماسک.
لەلایەکی ترەوە لە ئێستادا ترەمپ سکاڵای لەسەر کەناڵی سی بی ئێس و بەرنامەی ٦٠ خولەک تۆمار کردووە، بە بیانووی تەداخولی کەناڵەکە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا.
کلۆنی لە بەشێکی بەرنامەکەدا دەڵێت: رەنگە دەوڵەت لە رێگەی کۆمپانیا گەورەکانەوە دەستی هەبێت لە بچوک پیشاندانی رۆژنامەنووسان و کاریگەری رۆژنامەنووسان، چونکە دەوڵەتەکان حەز بە ئازادی رۆژنامەگەری ناکەن’.
ترەمپیش لە کاردانەوەی ئەم قسانە و، بۆچوونەکانی کلۆنیدا لە تروث سۆشیال نووسیوێتی: بۆچی بەرنامەیەکی بێ ئیعتیباری وەک ٦٠ خولەک، ریکلام بۆ ئەستێرەیەکی نمرە دووی سینەما و شکستخواردووی سیاسی وەک کلۆنی بکات؟
کلۆنی یەکێک لەو ئەستێرە دیارانەی هۆڵیوود بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، پشتیوانی تەواوی لە کامالا هاریس کرد بۆ بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە و ئەمەش بووە هۆی تووڕەیی ترەمپ و بە ئەکتەرێکی ئاستنزم ناوی هێنا.