زووم…
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت رایگەیاند، دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەنوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران مشتومڕەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی یەکلاکردەوە.
رۆژنامەکە دەڵێت، هەرچەندە بەشێک لە شیعەکان دەیانەوێت یاسای هەڵبژاردنەکان بگۆڕن، لەسەر ئاستی پارێزگاکان هەڵبژاردن بکرێتە یەک بازنە، بەڵام کۆمسیۆن لە ئامادەکارییەکانی بەردەوامە.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن بە رۆژنامەکەی گوتووە، لە رووی یاساییەوە پێویستە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە کاتی خۆیدا و لە پێش 25ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، چونکە یاسای هەڵبژاردنەکان دیاریکردووە دەبێت 45 رۆژ پێش کۆتایهاتنی خولی ئێستا هەڵبژاردن بکرێت.
بە گوتەی عیماد جەمیل، هیچ نووسراو و ئاگادارکردنەوەیەکیان لەبارەی گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکان پێنەگەیشتووە، لەگەرێکی وادا هەڵبژاردن بۆ شەش مانگ دوادەکەوێت، ئەمەش بابەتێکە کە یاسا رێگەی پێنەداوە، بۆیە کۆمسیۆن لە ئامادەکارییەکانی بەردەوامە و دەستیکردووە بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران.