زووم..
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی فراوانکردنی هێرشەکانیان لە غەزە دەکات، ئەگەر حەماس تەواوی بارمتەکان ئازاد نەکات، هەروەها دەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکانی بەرامبەر حەماس بە پێشهاتێکی گرنگ ناوبرد.
نەتانیاهۆ لەبەردەم کنێستی ئیسرائیل گوتی، دانیشتووانی غەزە هەستیان بەوە کردووە حەماس ماڵوێرانی و وێرانکارییان بۆ دەهێنێت، ئەمەش زۆر گرنگە، هەمووی دەرخەری ئەوەیە سیاسەتی ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە.
هەر لە قسەکانیدا نەتانیاهۆ ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدات لە رێی پشتیوانیکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی دژی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە بەڕێوەدەچن.
دوای دوو مانگ لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەزە، لە رۆژی 18ـی ئەم مانگەوە سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی شکاند و رۆژانە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر غەزە، لەو کاتەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 830 فەلەستینی کوژراون.