زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە یەمەن نرخی خۆراک 300% بەرزبووەتەوە و نیوەى منداڵان بەدخۆراکن
بیتەر هۆکینز نوێنەرى رێکخراوى یونیسێفى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە یەمەن رایگەیاند، دۆخی ململانێکانى یەمەن گەیشتووەتە ئاستێکى ترسناک و خەمناک، زیاتر لە 10 ساڵە جەنگ بە چڕیی بەردەوامە، خەونى منداڵانى ئەو وڵاتە دزراوە، داهاتووین وێران بووە، یەک نەوە هاتووەتە پێشەوە شەڕ بۆ مانەوە دەکات.
راشیگەیاند، دۆخی خراپى منداڵانى یەمەن لەوپەڕیی خراپیدایە لەسەر ئاستى هەموو جبهان، برسییانە، بێبەشن لە هەموو بارودۆخێکى منداڵیی، لە هەر دوو منداڵێکی خوار تەمەن پێنج ساڵ یەکێکان بەدخۆراکە، تا ئێستا 537 هەزار منداڵى بەدخۆراک تۆمارکراون، هەزاران کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، یەک ملیۆن و 400 هەزار ژنى سکپڕ و شیردەر هەیە کە خواردنیان دەستناکەوێت و بەدخۆراک بوون، ئەوەش سەردەکێشێت بۆ ئەوەى ئەو بارودۆخە درێژە بکێشێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، نرخی خۆراک لە یەمەن 300% بەرزبووەتەوە.
سەباح
لە سۆران بەرزترین پردى عێراق دروستدەکرێت
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەى سەربەخۆی سۆران بە رۆژنامەى سەباحی راگەیاندوە، تیمی ئەندازیاری و هونەریی لە پارێزگاى هەولێر دەستیان بە کار کردووە بۆ دروستکردنى بەرزترین پرد لەسەر ئاستى عێراق.
دەشڵێت، پردەکە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین پرۆژەکانى ناوچەکە و بڕی 50 ملیار و 500 ملیۆن دینارى تێدەچێت.
بە گوێرەى گوتەى سەرپەرشتیارى ئیدارەى سۆران درێژیى پردەکە پێنج کیلۆمەترە، بۆ هەر لایەکی سێ سایدە و بەرزییەکەى 32 مەترە، ئاسانکارییەکى زۆر دەکات بۆ هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلکى گەورە و بچووک و کاتى زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەى لەو رێگەیەوە هاتووچۆ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پردەکە ناوەندی شارۆچکەى سۆران دەبەستێتەوە بە مێرگەسوورەوە، ئەوەش بایەخێکى گەورەی هەیە بۆ کەرتى گەشتیاری و بازرگانى لە ناوچەکەدا.

عەرەب
هاوردەنەکردنى غاز و کارەبا ماناى پچڕانى پەیوەندیی نێوان عێراق و ئێران نییە
دواى ئەوەى ترەمپ بڕیاریدا بە سزادانى زیاتری ئێران و یەکێک لەو هەنگاوانە بڕیاری راگرتنى هاوردەى غاز و کارەباى ئێران بوو بۆ عێراق، بەڵام بەرپرسانى ئێرانى رایدەگەیەنن کە هەناردە نانەوتییەکانیان بۆ عێراق زۆر زیادیکردووە.
بەگوێرەى گوتەى بەرپرسانى گومرگی ئێران لە ماوەى 11 مانگدا بە بەهاى 11 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار شتومەکیان رەوانەى عێراق کردووە.
فرود عەسکەرى بەڕێوەبەرى کارگێڕیی گومرگی ئێران رایگەیاند، لەنێوان مانگی ئازاری 2024 تا مانگی شوباتى 2025 پەیوەندییە بازرگانییە نانەوتییەکانیان زیادیکردووە و ئەو ئامارەش هی ئەو 11 مانگەیە.
بەرپرسانى عێراقیش رایانگەیاند، کاڵا هاوردەکانى ئێران بریتین لە خۆراک و ئەو پیشەسازییانەى لەو بوارەدان و پێداویستى رۆژانەى هاووڵاتییانن، کە بەهۆی گۆڕانى کەشوهەوا و پەککەوتنى کارگەکانەوە ناتوانرێت لەناوخۆی عێراقدا بەرهەم بهێنرێت.
بەگوێرەى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتى گومرگی ئێران، عێراق لە ریزبەندى یەکەمى ئەو وڵاتانەدایە کە بەرهەمە خۆراکی و کشتوکاڵییەکانیان لێدەکڕێت و قەبارەى ساڵانەى نزیکە لە دوو ملیار دۆلار.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەى تاران تایمز کە لێدوانى لە بەرپرسانى هەردوو وڵات وەرگرتووە، بەرپرسانى هەردوو وڵات جەختیانکردووەتەوە قەبارەى بارزگانی نێوان هەردوو وڵات بەرزبکەنەوە بۆ 20 ملیار دۆلاری ساڵانە.
دەستور
هۆکارەکانى کەمبوونەوەى رووداوەکانى ماتۆڕ لە عێراق ئاشکرا دەکرێت
عەقید حەیدەر شاکر محەمەد بەڕێوەبەرى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، پێویستە ئەو کەسانەى کە ماتۆڕ لێدەخوڕن مۆڵەتیان هەبێت و ماتۆڕەکانیشیان ژمارەیان هەبێت و تۆمارکراوبن و تەمەنیان لە سەروو 16 ساڵەوە بێت.
دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت سەرجەم پێداویستییەکانى سەلامەتییان هەبێت بەو شێوەیەى کە لە یاساى ژمارە 8ـى ساڵی 2019دا هاتووە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم کامێراکانى نێو شەقام و رێگاکان بەکاردەهێنرێن لە هەموو پارێزگاکانى عێراقدا.
راشیگەیاند، هیچ ماتۆڕێک ئەگەر لە یاساکانى بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆ دەرنەچێت رێگەى پێنادرێت بێتە عێراقەوە، دەشڵێت، بەهۆی ئەو رێککارانەوە کە گیراونەتەبەر رێژەى رووداوەکانى ماتۆڕ کەمیانکردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

تایمز
فشاری ترەمپ کەوتووەتە سەر وەزیری دارایی بەریتانیاش
ناوەندێکی چاودێریکردن لە بەریتانیا دەڵێت، شەڕی باجەکانی کۆشکی سپیی ئەمریکا، زیان لە بودجەی بەریتانیاش دەدات. ئەگەر ئەو هەڕەشانەی دۆناڵد ترەمپ بکەونە بواری کارپێکردنەوە، کە دەڵێت لە هەفتەی ئایندەوە باجی زیاتر بەسەر بەریتانیاشدا دەسەپێنێت، ئەوا رەیچڵ ریڤزی وەزیری دارایی دەکەوێتە بەر ئەگەری دوو گریمانەوە، یان ئەوەی کە باج بەرزبکاتەوە، یان لە بڕی خەرجیی گشتی کەمبکاتەوە.
ریڤز لە گوتاری بەهارەی خۆیدا باسی لەوەکرد، کە ناچاربووە بڕی 14 ملیار پاوەند لە بودجەی گشتی کەمبکاتەوە، چونکە ناوەندی بەرپرس لە بودجەی وڵات (ئۆ بی ئاڕ) رایگەیاندووە، کە ئاستی گەشەی چاوەڕوانکراو دابەزیوە بۆ نیوە. ئەگەری ئەوەی کە ئاستی پێویستی کەمکردنەوەی بودجەی گشتی لەو بڕەش
زیاتر بێت کە راگەیەندراوە پەنجا بە پەنجایە.
فاینەنشیەڵ تایمز
خەڵکی غەزە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان کۆبوونەوە، بەڵام ئەمجارەیان لە دژی حەماس بوون و دەڵێن نایانەوێت بکوژرێن
فەلەستینییەکانی خەڵکی غەزە بە گردبونەوەیەکی گشتیی خۆیان پەیامیان ئاراستەی حەماس کرد، داوا دەکەن ئیتر شەڕکردن کۆتایی پێبهێندرێت. دوێنێ بۆ دووەم رۆژ کۆبونەوەیەکی جەماوەریی گەورە لە بەیت لاهیای باکوری کەرتی غەزە بەڕێوەچوو. هاواریان دەکرد، کە خەڵک دەیانەوێت ئیتر حەماس کۆتایی پێبێت. ژمارەی خۆپیشاندەران هەزارانی تێپەڕاند و خواستی ئەوان بۆ چوونەسەر شەقام ئەوە بوو داوایان دەکرد، کۆتایی بە ئەو شەڕە بهێندرێت، کە 17 مانگە
درێژەی هەیە و زیاتر لە پەنجا هەزار کەسی کوشتووە. وڵاتەکەشی وێڕانکردووە، کردوویەتیبە خۆڵەمێش.
باسم نەعیم، بەرپرسی گەورە لەناو بزوتنەوەی حەماسدا لە فەیسبووکی خۆی نوسیویەتی، خەڵک مافی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن، بەڵام دەبێت گوتاریان لە دژی ئیسرائیل بێت.
دەیلی مەیل
هەڵخەڵەتێندراوە
لاپەڕە یەکی ئەم رۆژنامەیە سێ وێنەی وەزیری دارایی بەریتانیای بڵاوکردۆتەوە. بە هەر سێکەیان دیمەنی پێکەنینێکی وەزیرەکە دەردەخەن، کە دەچێت لەبەردەم پەرلەماندا راپۆرت و گوتاری خۆی پێشکەش بکات. بە نوسینێکی گەورە لەسەری نوسیوە: هەڵخەڵەتێندراوە، پاشان دەڵێت ریڤز پەتپەتێن دەکات. لە نوسینەکەیدا دەڵێت ریڤز گوتویەتی ئارامیی ئابوری دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکە و 10 ساڵی داهاتووی خۆشگوزەرانی مسۆگەر دەکات. کەچی راستیی روداوەکان بەو شێوەیەیە، کە بڕی گەشەی پێشبینیکراومان بۆ ساڵی ئایندە دادەبەزێت بۆ نیوە، وا چاوەڕواندەکرێت ئەم خانمە باجی زیاترمان بەسەردا بسەپێنێت.

گاردیەن
دەرهێنەرێکی فەلەستینی، کە خەڵاتی ئۆسکاریشی هەیە دەڵێت سەربازەکانی سوپای ئیسرائیل بە قۆناغەتفەنگ لێیانداوە
حەمدان بیلال دەرهێنەرێکی فەلەستینیی فیلمە. خەڵاتی ئۆسکاریشی بردۆتەوە، دەڵێت ئەو مەفرەزەیەی ئیسرائیل کە چوون بۆ دەستگیرکردنی، دوو سەربازیشیان لەگەڵدابووە. ئەو سەربازانە بە قۆناغە تفەنگ لێیانداوە و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێکردووە. بیلال یەکێکە لە ئەو چوار دەرهێنەرەی پێکەوە فیلمێکیان دروستکردووە، ناونیشانەکەی بریتییە لە (خاکی دیکەمان نییە) باس لە رووخاندن و وێرانکردنی گوندەکانی کەناری رۆژئاوای فەلەستین دەکات، لە پێشبڕکێکانی ئەمساڵی ئۆسکاردا، خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی بردەوە، بەڵام کە سوپای ئیسرائیلی چونەتەسەر ماڵەکەی دەستگیری بکەن ئەشکەنجەیان داوە.
رۆژنامە تورکییەکان

جمهوریەت
ئیمامئۆغڵو لە سیلیڤیریەوە پەیام بۆ کۆشک دەنێرێت: لەگەڵ میللەت پێکەوە دەینێرینەوە ماڵ
سەرۆکی هەڵبژێدراوی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە چوارەم رۆژی نێو زینداندا پەیامێکی رەوانەی ئەو پەخشانە کرد، کە نزیکن لە کۆشک و دەڵیت، چۆن دەکرێت بەم چەشنە خراپ بن، یەک کەس هەیە کە ئەم کەشە خراپەی خوڵقاندووە. ئەویش لە رێگەی سندوقەوە پێکەوە لەگەڵ میللەتدا رەوانەی ماڵەوەی دەکەین.
تورکیا
باخچەلی: دەبێت یەخەیان بگرین و لێیانبپێچینەوە
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە زۆر بە توندی دژی خۆپیشاندانەکانی سەراچخانە وەستایەوە و بە ئاژاوەگێڕ ناویان دەبات. ئەو دەڵێت، ئەوانە شەبەکەی جاسوسی، چەتەی شارن و ئەوان پارەی حەڵاڵی میلەتەکەمانیان کە سەرچاوەکانی شارەوانیە بەکارهێناوە، لەرێگەی بەرتیل و دزی و گەندەڵیەوە پارەیان بەدەستخستووە، ئێستاش دەبێت لەبەردەم یاسادا حساب بدەن.
قەرار
سەرکردەکانیش نیگەرانن لە دۆخی تورکیا
داودئۆغڵو دەڵێت، رەمەزان مانگی پاکبوونەەوەیە، دەبێت ئۆپەراسیۆنی 19ـی ئازاریش ببێتە سەرەتای ئەو پاکبوونەوەیە، بەڕێز سەرکۆمار تکایە ئەوانەی بە گەندەڵییەوە تێوەگلاون لە نزیکەکانی خۆتەوە دەستیانپێبکە و وڵاتیان لێپاک بکەرەوە. بۆ بەرەنگاری گەندەڵی سەرەتا ئاوێنەیەک بۆ خۆتان بگرن.
عەلی باباجان دەڵێت، باشە وڵاتێک کە وەزیری گەنجینەکەی بۆ ئەوەی تویتێک بکات ناچاربێت ڤی پی ئێن بەکاربهێنێت، ئیتر کێ متمانە بەو وڵاتە دەکات و قەرزی پێ دەدات، وڵاتێک کاندیدی سەرکۆمارەکەی دەستگیر بکرێت و رۆژنامەنووسان دەستبەسەر بن، جۆن وەبەرهێنی بیانی بۆی دێت، ئێ نایەت.

ئاکشام
چین بە بڕی یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لە ئۆتۆمبێلدا لە تورکیا
دوای بی وای دی، ئێستا سەرەتای ئۆتۆمبێلی چێریە، چین کارگەیەک دەکاتەوە، پێنج هەزار کەس دەخاتە سەر کار.
چێری لە شاری سامسۆن بەنیازە کە کارگەیەکی نوێ بکاتەوە بۆ دروستکردنی پارچەی ئۆتۆمبێلی جیلی نوێی کارەباییەکانی. ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی
200 هەزار دانەی هەیە.