کۆریای باکور رایگەیاند، فەرمانی بە یەکە سەربازییەکان کردووە، موشەکی زیاتر لە دەریادا هەڵبدەن، وەک وەڵامێک بۆ مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانى کۆریای باشور و ئەمریکا.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی فەرمی کۆریای باکور، ئەمڕۆ، سیشەممە، 6ی کانونی یەکەمی 2022 فەرمانەکەى بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەم موشەکانە وەک وەڵامێکن بۆ ئەو مانۆڕانەی ئێستا لە کۆریای باشور دەکرێن، بە بەشداری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەمە دوای ئەوە دێت، کە کۆریای باکور رایگەیاند، کە زیاتر لە 130 موشەکی ئاراستەی دەریا کردووە لە کەناراوەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتەکەی، هەندێکیان لە ناوچەی پارێزراوی نزیک سنوری دەریایی نێوان هەردوو کۆریا کەوتوونەتەخوارەوە.
بەگوێرەى ئاژانسی رۆیتەرز، سیئۆل ئەم کارەی کۆریای باکور بە پێشێلکاری رێککەوتنی 2018ی نێوان هەردوو کۆریا دادەنێت، کە ئەوکات بۆ کەمکردنەوەی گرژی نێوان هەردوولا واژۆ کرا.
هێزە ئەمریکیەکان و هێزەکانی کۆریای باشور، مانۆرێکیان بە بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی لە نزیک سنورەکانی کۆریای باکور دەستپێکردووە، لە دوێنێ دووشەممەوە.
مانۆری هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و کۆریای باشور
هاوپەیمانان دەڵێن ئەو مانۆڕانە پێویستن بۆ بەرپەرچدانەوەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆریای باکور، کە ئەمساڵ ژمارەیەکی پێوانەیی موشەکی تاقیکردووەتەوە و ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2017ەوە.
پیۆنگیانگ رەخنەی توند لە مانۆڕەکان دەگرێت و بە سوکایەتی وەسفی دەکات، دەڵێت ئەم مانۆرە بەڵگەیە لەسەر سیاسەتی دوژمنکارانەی سیئۆل و واشنتن.
پیۆنگیانگ:
ئەم مانۆرە بەڵگەیە لەسەر سیاسەتی دوژمنکارانەی سیئۆل و واشنتن
گوتەبێژی سوپای کۆریای باکور، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوری راگەیاندووە، پێویستە لەسەر دوژمنان دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان رابگرن لەناوچەکانی نزیک هێڵی پێشەوە.
گوتیشی، سوپا فرمانی کردووە، کە هەموو یەکە شەڕکەرەکان لە هەموو ئاستەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیا بن، وە فرمان کراوە کە سەربازەکان چاودێرییەکانیان چڕبکەنەوە.