ئەمشەو لە پاڵاوتنى مۆندیال، عێراق و فەڵەستین لە ئوردن رووبەڕووى یەکدەبنەوە.
لە گەڕى هەشتەمى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى نەتەوەکانى ئاسیا بۆ گەیشتن بە جامى جیهانى 2026، ئەمشەو کاتژمێر نۆ و 15 خولەک هەردوو هەڵبژاردەى عێراق و فەڵەستین لە یاریگاى نێودەوڵەتى عەمان لە پایتەختى ئوردن رووبەڕووى یەکدەبنەوە.
شاندى هەڵبژاردەى عێراق لە یەکشەممەوە گەیشتووەتە ئوردن و لە یاریگاى ناوبراودا ئامادەکاریەکانى بۆ یارییەکە ئەنجامداوە، بە ئامانجى بەردەوامبوون لە کێبڕکێکردن بۆ بەدەستهێنانى کورسییەکى مۆندیالى 2026.
پێش یارییەکە عێراق بە 12 خاڵ لە پلەى سێیەمى کۆمەڵەى دووەمدایە و بەجیاوازى گۆڵ لە دواى ئوردنى پلەى دووەمەوەیە، کە کۆریاى باشور بە ١٥ خاڵ پێشەنگى کۆمەڵەکەى گرتووە.
هاوکات فەڵەستین بە سێ خاڵ لە پلەى شەشەم و کۆتایى کۆمەڵەکەدایە و تەنیا هەوڵى بەدەستهێنانى ئەنجامێکى ئەرێنى دەدات لە یارییەکەدا، بەڵام عێراق بە بردنەوە هەلى سەرکەوتنى راستەوخۆى بۆ دوایارییەکانى جامى جیهانى زیاددەکات.