زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
نەفەس
15ملیۆن هاووڵاتی گوتیان ئیتر بەسە
15 ملیۆن هاووڵاتی بە دەنگدانیان بۆ کاندیدیی ئیمامئۆغڵو،
بە دەسەڵاتیان گوت ئیتر بەسە.
زیاتر لە 15 ملیۆن گەنج و لاوو پیر چونە سەر سندوق
تاوەکو دەنگ بدەن بە کاندید بوونی ئیمامئۆغڵو، ئەمەش دەنگێکی ناڕەزایی گەورەبوو بۆدەسەڵات کە پێی بڵێن بەسە ئیتر.
پۆستا
بە پەشمەک دەیانەوێت خەڵکەکە توڕە بکەن
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەی کابینەکەیدا باسی لەو پۆلیسانە کرد کە لە نەورۆزی شاری جزیرەی باکووری کوردستاندا پەشمەکیان داوەتە منداڵان.
بە توندی ئیدانەی کاردانەوەکانی کرد بەرامبەر ئەو هەوڵانەی پۆلیس و گووتی،” ئەوان خۆیان پشتگیری لەتیرۆری شەقام دەکەن، کەچی حەماسەتی ئەوە گرتوونی کە پۆلیسێک پەشمەکی داوەتە
منداڵان.
ئەردۆغان لەبارەی جەهەپەو خۆپیشاندانەکانەوە دەڵێت،” ئەوان هیچ کێشەیانلە بەتاڵان بردنی ماڵ وموڵکی میللەت نیە، لەگەڵ بە مەیخانە کردنی مزگەوتەکانیشدا، هیچ کێشەیەکیان نیە، بەڵام کاتێک پۆلیسێک پەشمەک دەداتە منداڵێک پێی ناڕەحەتدەبن.”
ئایدنلک
دەم پارتی بانگەوازەکەی ئۆجالان هەڵدەوەشێنێتەوە
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی،دوای دەستگیر کردنی ئیمائۆغڵو، رای کرد بەرەو پشتگیری کردنی ئیدارەی جەهەپە،
لەکاتێکدا دوو پێشنیارو سیناریۆ لەبەردەم دەم پارتیدا هەیە، یان ئەوەتا پێکەوەلەگەڵ جەهەپەدا بەشدار دەبن لە پرۆژەی ئەتلەنتیک- کە تایبەتە بەهەوڵەکانی رووخانی
ئەردۆغان یان ئەوەتا گوێ بەداواکاریەکەی عەبدوڵا ئۆجالان دەدەن بۆ دانانی چەکی پەکەکە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی مەیل
هەوڵێک هەیە رێگری لە کڕینی ئەو پلێتی وزەی خۆرانە بکرێ، کە بە کرێکاری کۆیلە دروستدەکرێن
چەند ئەندام پەرلەمانێک شەوی رابوردوو هۆشدارییان داوە لەوەی هەندێک وەزیری سەر بە پارتی کرێکاران دەیانەوێت لە ئەو پانێڵی وزەی خۆرانە بکڕدرێن، کە گومان دەبرێت بە زۆرەملەیی بە کرێکاری بە کۆیلەکراو دروستکرابن، بەڵام پارتی کرێکاران چاو لەو بابەتە دەنوقێنێت. ئەو کۆمپانیایەی وەزیرەکان دەستنیشانیان کردووە پانێڵی لێ بکڕن بەڵگەی لەسەر هەیە کە ژمارەیەک کرێکاری هەن وەک کۆیلە دەستی بەسەرداگرتوون و کاری زۆرەملەییان پێدەکات، کۆیلایەتیی سەردەم لەلای ئەوان بوونی هەیە.
تایمز
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە هەڵە پلانی هێرشەکانی سەر یەمەنی ناردووە بۆ گرووپێک
کۆشکی سپی و کاربەدەستە باڵاکانی کۆنگرس بڕیاریان داوە لێکۆڵینەوە لە هەڵەیەک بکەن، کە لە دەستی پێت هێگسی وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە دەرچووە.
هێگ بە هەڵە هەندێک پلانی زۆر نهێنیی بۆردومانکردنەکانی یەمەنی ناوردووە بۆ گروپێکی گفتوگۆکردن، کە یەک رۆژنامەنوسیشی تێدایە.
ئەمە هەڵەیەکە لە کەسانێکەوە دەرچووە، کە سەر بە پارتەکەی خودی سەرۆکی ئەمریکان، پەیامەکانیش گەشتوون بە دەستی جێفری گۆڵدبێرگی سەرنوسەری گۆڤاری “زە ئەتڵينتیک” لە رێگای پەیامێکی ناو ئەپڵیکەیشنی سیگناڵەوە، کە سەرەتای ئەم مانگە بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو هێرشانەی سەر یەمەن بۆ چەند کاربەدەستێک دروستکراوە.

گاردیەن
پۆلیس دەڵێ گێچەڵکاری لەناو خێزانەکاندا یەکێکە لە هۆکارەکانی خۆکوشتن
پۆلیسی بەریتانی دەڵێ، ئەو کەسانەی کە لە ماڵەوە و لەناو خێزانەکاندا، گێچەڵ بە کەسانی دەوروبەری خۆیان دەکەن، دەبن بە یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن.پۆلیس کاتێک ئەم زانیارییەی بۆ ساغ بۆتەوە کە لێکۆڵینەوەی لە کەیسی چەندان توندوتیژی کردووە، کە لەناو خێزانەکاندا ئەنجامدراون.ئەم زانیارییانە لە راپۆرتێکدا هاتوون، کە دەڵێ ژمارەی ئەو ژنانەی لە دوو ساڵی رابوردوودا بە خۆکوشتن کۆتایی بە ژیانیان هاتووە، دووهێندەی ژمارەی ئەو ژنانە زیاترە، کە لەناو ناکۆکییەکانی خێزاندا بە دەستی مێردەکانیان کوژراون.
بەگوێرەی راپۆرتەکە لە ماوەی چوار ساڵی رابوردوودا 1012 حاڵەتی مردن لە بەریتانیدا تۆمارکراون، کە هۆکاری سەرەکییان خۆکوشتن بووە بە هۆکاری زۆربوونی توندوتیژیی خێزانییەوە. ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە روودەدات.
دەیلی ئێکسپرێس
مستەر ترەمپ هەستە لەخەو؛ هەموو خەڵکی ئۆکراین بوون بە قوربانی
ئەمە پەیامی یەکێک لە رۆژنامەنووسەکانی رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسە، کە وەک پەیامنێر چووەتە ئۆکراین، لەوێ بارودۆخی خەڵکی کییڤی پایتەختی بینیوە و هاواری لێ هەستاوە.
ئەو رۆژی ئەو رۆشتووە، وەک هەر رۆژێکی دیکەی ناو کیێڤی پایتەختی ئۆکراین وابووە. رۆژنامەنوسەکە دەڵێ، “کاتژمێر 11ـی شەو بوو، جاربەجار لە دوورەوە دەنگی شووتەی هۆشدارییەکان و تەقینەوەش دەهاتن”.
دووایی دەنگی تەقاندنی مووشەکە ئاسمانییەکان قورستر هاتن، لە پڕێکدا تێکەڵەیەکی دووکەڵی سپی و ئاگر ئاسمانیان پڕکردەوە، دەنگی چەندان تەقینەوە بەدوای یەکدیدا هاتن. من و کچەکەم کە بۆ شتکڕین چووبووینە دەرەوە لە یەکێک لە مۆڵەکان شت بکڕین، بەڵام ئەوەی بینیمان لە دۆزەخێک دەچوو. ئەوە رەوشی ئۆکراین و شارەکانیەتی مستەر ترەمپ هەستە لەخەو.
رۆژنامە عەرەبییەکان

شەرقلئەوسەت
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە بەردەوامە
لەماوەى کەمتر لە 24 کاتژمێر دا ئیسرائیل دوو ئەندامی مەکتەبى سیاسی بزووتنەوەى حەماسى کوشت. کە بریتى بوون لە سەڵاح بەردویل بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکان و ئیسماعیل بەرهوم بەرپرسی دارایی.
لە دواى تەواوبوونى وادەى ئاگربەستەکەشەوە تا ئێستا ژمارەى کورژاروەکانى مەکتەبی سیاسی حەماس بەرزبووەتەوە بۆ پێنج کەس.
پێشتریش عیسام دەعالیس، بەرپرسی دۆسیەى ئابوریی، یاسر حەرب، محمەد جەماسی بەرپرسی دۆسیەى یاسایی لە سێ هێرشى جیاوازى ئیسرائیلدا کوژران.
سەباح
رووبارى دیجلە بووەتە زبڵخانە و پاشماوەى نەخۆشخانەکانیشى تێدەکرێ
عودەى جەندیل گوتەبێژى ئەمانەى بەغداد رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ خاوێنکردنەوەى رۆخ و کەنارەکانى رووباری دیجلە بەهۆی کەمی ئامێر و پێداویستییەکانەوە وەک پێویست نییە.
ماسیگرێک دەڵێ، بۆهۆی ئەو هەموو زبڵەوە کە دەکرێتەوە رووبارەکە رەنگی ئاوەکە گۆڕاوە بۆ خۆڵەمێشى و رێژەى ماسى تێیدا کەمبووەتەوە، رەمەزان حەمزە پسپۆڕی سیاسەتەکانى ئاو بە نیگەرانییەوە بە رۆژنامەکەى گوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەى مادە کیمیاوییەکانى نێو رووبارەکە بۆ سێ هێندەى رێژەى ئاسایی کێشە بۆ بەرکارهێنانى ئاوى دیجلە دروستبووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکان کە نەیویستووە ناوى ئاشکرابکرێت بە رۆژنامەکەی گووت، بەهۆی نەبوونى بودجەى تایبەت بە خاوێنکردنەوەى ئاوى روبارەکەوە تادێت وێرانتر و پیستر دەبێت، سەرەڕاى ئەوەش بەشێک لە نۆرینگە و نەخۆشخانەکانیش پاشماوە تەندورستییەکانیان دەکەنە نێو روبارەکەوە.
عەرەب
میدیا تورکییەکان بایکۆتى گواستنەوەى خۆپیشاندانەکانیان کردووە و چاویان لەسەر غەزە و سوریایە
دواى دەستگیرکردنى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانى ئەستانبوڵ خۆپیشاندانەکان بەردەوامییان هەیە، بەڵام چاوى میدیاکانى دەوڵەتى تورکیا لەسەر وێرانییەکانى غەزە و گۆڕانکارییەکانى سوریایە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە، میدیا تورکییەکان بە تەواویی پشتیوانى لە ئەردۆغان و سیاسەتەکانى دەکەن و لەسەروو هەموویانەوە ئاژانسى ئەنادۆڵو.
هەرچەندە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا پشتیوانى لە خۆپیشاندانەکان دەکەن کە بەشێکى زۆر لە شارەکانى گرتووەتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە، ئەنادۆڵو زۆرترین کارەکانى خۆی تەرخانکردووە کێشەکانى سوریا و غەزە و سوریا، وەک ئەوەى شتێک لە وڵاتەکەى خۆیدا روینەدابێت، ئاماژەى بەوەشکردووە زۆرینەى ئەوانەى میدیاکانى تورکیا بەڕێوەدەبەن لە نەتەوەى تورکن و سیاسەتەکانى حکومەتەکەى ئەردۆغان بەڕێوە دەبەن.
مەدا
چەک چۆن بنەبڕدەکرێ لە کاتێکدا وەزیر و پەرلەمانتارەکان بەچەکەوە دەسوڕێنەوە
مەنسور عەلى سوڵتان بریکارى وەزیری ناوخۆ، بۆ کاروبارى پۆلیس و بریاردەری لیژنەى نیشتمانى بۆ نەهێشتنى چەکى بێمۆڵەت رایگەیاند، تا ئێستاش لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بانگەشە بۆ کڕین و فرۆشتنى چەک دەکرێت.
بە گوتەی ئەو لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا 35 هەزار کەس ناویان تۆمارکراوە کە چەکیان هەیە و بریارى تۆمارکردنى چەکیش تا 31ـى کانوونى یەکەمی ئەمساڵ درێژەى هەیە و چاوەڕێش دەکرێت ئەو رێژەیە زۆر بەرزببێتەوە.
هەرچەندە 32 هەزار پارچە چەکیشیان لە دەستى عەشایەرەکان وەرگرتووەتەوە، لە ئۆپراسیۆنە جۆراوجۆرەکاندا ملیۆنەها پارچە چەک و تەقەمەنییان کۆکردووەتەوە.