زووم…
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راپۆرتێکی نوێی لەبارەی نەخۆشی سیل بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت، لە 53 وڵاتی ئەوروپا کە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستیشی تێدایە، لە ساڵی 2022 رێژەی توشبوونی مناڵانی خوار 15 ساڵ لەسەدا چوار پۆینت سێ بووە، بەڵام ساڵی 2023 رێژەکەی بۆ 10% بەرزبووەتەوە و 172 هەزار نەخۆشی نوێ تۆمارکراون.
راپۆرتەکە بە هاوکاری سەنتەری ئەوروپی بۆ خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان ئامادەکراوە و دەشڵێت، تەنها لە یەکێتی ئەوروپا و ناوچەی ئابوریی ئەوروپا 37 هەزار حاڵەتی نەخۆشی سیل تۆمارکراوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر دوو هەزار نەخۆشی زیادیکردووە و ئەوەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ژمارەی توشبوانی سیل و پێویستە دەستبەجێ رێوشوێنی پێویست بۆ رێگریکردن لە زیادبونی نەخۆشیەکە بگیرێتەبەر.
هاوکات هانس کلوگ بەڕێوەبەری هەرێمی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، کۆتایهێنانی بە نەخۆشی سیل خەون نییە، بەڵکو بژاردەیە، بەڵام بارگرانی ئێستای نەخۆشی سیل و زیادبوونی مەترسیدار لە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە تووشی دەبن، لەکاتێکدایە ئەو پارەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شەڕی جیهانی سیل دەکرێت 11 ملیار دۆلار کەمبوەتەوە.