زووم..
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکی بەردەوامە.
عەبدولغەنی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە گوتی، ئامانجی سەرەکی لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، لە ئێستاشدا گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەولێر بۆ دەستپێکردنەوەی نەوت بەردەوامە و ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانیان رێککەوتنە، چاوەڕوان دەکەن رۆژانە 350 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بەندەری جەیهانەوە هەناردە بکرێت.
دەشڵێت، لە یاسای بودجەدا 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و دواتر لەلایەن تیمێکی راوێژکارییەوە نرخەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان دیاری دەکرێت، چونکە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
بە گوتەی وەزیری نەوت، جیاوازییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر کۆمپانیا راوێژکارییەکە و بڕی ئەو نەوتەیە دەدرێتە هەرێم بۆ پێداویستیی ناوخۆ، چونکە بڕی 46 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاریکراوە بۆ پاڵاوگەکان.
عەبدولغەنی دەشڵێ، بەغداد دەسەڵاتی بەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمدا نییە و ئۆپیک ئاگاداری کردوونەتەوە هەرێمی کوردستان رۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.