زووم..
بەهۆى گۆڕینى پارەى مووچە بۆ پارەى دڕاوى داهاتى ناوخۆ، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری لقی سلێمانی بانکی هەرێمی سڕکرد و دەسەڵاتەکانی لێسەندەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی کە کۆپییەکی دەست زووم کەوتووە و واژۆی ئاوات شێخ جەنابی لەسەرە و گشتاندن بۆ سەرجەم بانکەکانی سلێمانی کراوە، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی بانکی هەرێم سڕکرا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە.
بەگوتەی سەرچاوەیکی وەزارەتی دارایی بۆ زووم، یەکێک لە هۆکارەکان گۆڕینی پارەی مووچەیە کە لە بەغدادەوە هاتووە. ئەو پارانە 25 هەزاری و 50 هەزاری بوون و کاتێک وەزارەتی دارایی پارەی بۆ بانکی هەرێم لە سلێمانی ناردووە کە دابەشی سەر بانکەکانی بکات، بەشێکی پارەکەی لای خۆی گل داوەتەوە و بەشێکی بۆ بانکەکانی دیکە ناردووە و داوایکردووە لە داهاتی بانکەکە بەشە تەواونەکراوەکە پڕبکەنەوە.
سەرچاوەکە گوتیشی، ئەو پارەی کە کورتهێنانەکەی لەلایەن بانکەکانەوە پێ پڕکراوەتەوە پارەى دڕاوى داهات و خاڵە سنوورییەکان بووە و دراوە بە فەرمانبەر، تەنانەت هەزار دیناریشی تێدابووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، مانگانە کێشەی مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی 70 و خانەنشینانی دیکە و قەرەباڵغی بانکەکان بەهۆی گۆڕین و گلدانەوەی پارەی مووچە بووە لەلایەن بەڕێوەبەری بانکی هەرێمەوە، هەروەها دەسەڵاتی لە بەڕێوەبەری بانکەکانی دیکە وەرگرتووەتەوە، بۆیە لەئێستاشدا دەسەڵاتی لێسەندراوەتەوە و لەمەودوا پارە دابەشکردن دەچێتە بانکی ئاشتی لە سلێمانی.