زووم..
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری عەباس عراقچیی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە دەڵێت، هەندێک شت هەن پێویستە بگۆڕدرێن، ئەمجا ئێران دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ واشنتندا دەستپێبکات.
لەم مانگەدا تاران نامەیەکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای پێگەشتووە، تێیدا ماوەی دوو مانگ دیاریکردووە، کە ئێران بتوانێت تێیدا بگەڕێتەوە و گفتو لەبارەی هەوڵە ئەتۆمییەکانی خۆیەوە بکات. دەبێت لەم دوو مانگەدا ئێران خۆی یەکلاییبکاتەوە، ئایا دەتوانێت گفتوگۆ بکات، یان ئەوەتا دەبێت چاوەڕوانی سزای زۆر قورسی ئەمریکا بکات.
عەلی خامنەئیی رێبەری باڵای ئێران لە رووی پرەنسیپەوە ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکادا رەتکردۆتەوە، بەڵام عراقچیی وەزیری دەرەوەیان گوتی ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی هەڕەشەکان و ناوەڕۆکی نامەکەش دەداتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی دیکە عراقچی گوتی هۆکاری رەتکردنەوەی گفتوگۆ لەلایەن ئێرانەوە، سەرسەختیی ئەم وڵاتە نییە، بەڵکو ئەنجامی ئەزموون و مێژووە، پێش ئەوەی تاران ببێت بە لایەنی گفتوگۆکردن، دەبێت واشنتن سیاسەتەکانی خۆی چاک بکاتەوە.