زووم..
حکومەتی کۆریای باشوور باری نائاسایی راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی چەندین ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان دارستانەکانی باشووری ئەو وڵاتەیان گرتوەتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکان تا ئێستا لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون و سەدان کەسیش ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.
ئاگرە سەرەکییەکە لە رۆژی هەینی دەستیپێکردووە و بە خێرایی بۆ سێ ناوچەی دیکە بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا تەنها 25%ی کۆنتڕۆڵ کراوە.
دەسەڵاتداران دەیان ئۆتۆمبێل و سەدان کارمەندی فریاگوزارییان کۆکردۆتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکان و کۆپتەرەکان لە ئاسمانەوە هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن.
وەزارەتی ناوخۆی کۆریای باشوور رایگەیاند: حکومەت ناوچەکانی باشووری بە ناوچەی کارەساتبار ناساندووە و هەوڵەکانی بەرفراوان کردووە بۆ خێراکردنی کوژاندنەوەی ئاگرەکان و گەیاندنی فریاگوزاری.