زووم..
دوای چوار رۆژ لە دەستبەسەرکردنی، دادگا بڕیاریدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەرورەشارەوانی ئیستنەبوڵ زیندانیی بکرێت.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەسەر دۆسیەی “گەندەڵی” رەوانەی زیندان کراوە و لەگەڵ 18 کەسی دیکە بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ دەرچووە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی جەهەپەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا و رکابەری سەرسەختی ئەردۆغانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 2028 بەڕێوەبچێت.
هەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە بە بەشداری زیاتر لە یەک ملیۆن ئەندام بەڕێوەدەچێت کە کاندیدی سەرەکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەستنیشاندەکەن و بە ئەگەری زۆرەوە ئیمامئۆغڵو هەڵدەبژێردرێت.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە 19ـی ئەم مانگە بە چەند تۆمەتێکی جیاواز دەستگیرکرا، لەوانە: گەندەڵی، بەرتیل وەرگرتن لە پێدانی تەندەر و هاوکاریکردنی پەکەکە و چەند تۆمەتێکی دیکە.
بەهۆی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵوی تەمەنی 53 ساڵ، شەقامی تورکیا هەژاوە و ماوەی چوار رۆژە لە چەند شارێکی تورکیا، بەتایبەتی ئیستەنبوڵ خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت و بە هەزارەها کەس دەڕژێنە سەر شەقامەکان، پۆلیسیش بە گازی فرمێسکڕێژ و سپرای بیبەر هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدات.