لاهور شێخ جەنگى بەربانگى لەگەڵ یاریزانانى یانەى نەورۆز و چەند کەسایەتییەکى وەرزشى کردەوە.
لاهور شێخ جەنگی دوێنێ شەممە بەربانگی لەگەڵ سەرپەرشتیار و راهێنەر و دەستەی کارگێڕیی و یاریزانانی یانەی نەورۆز و ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری وەرزشی و هونەرمەندی شاری سلێمانی کردەوە.
لاهور شێخ جەنگى رایگەیاند، ئاستی وەرزشی نەورۆز و یاریگا نوێیەکەی رۆحی وەرزشییان لە شاری سلێمانی زیندووکردووەتەوە و کەرتی وەرزشیان بووژاندووەتەوە، جێی خۆیەتی هەموومان پاڵپشتی ئەم یانە ئاست بەرز و پێشکەوتووە بکەین.
لاهور شێخ جەنگی ستایشی یانەی نەورۆزی کرد و راشیگەیاند؛ سەرکەوتنەکانی یانەکە مێژوویەکی پرشنگداری تۆمارکردووە، کە بووەتە جێگەی خۆشحاڵی هەمووان، دیمەنە جوان و پڕ لە هاندەرە سەرسەختەکانی یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆزیش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگی داوەتەوە و بۆ سلێمانی و خەڵکە خۆشەویستەکەی جێگەی خۆشحاڵییە .
لاهور شێخ جەنگی هەوڵەکانی یانەی نەورۆزی بەرز نرخاند و داوای لە یاریزانەکان کرد خۆیان زیاتر ماندوو بکەن و باشتر خۆیان ئامادەبکەن بۆ یارییەکانی داهاتوو تا نازناو و پاڵەوانیەتی بۆ نەورۆز و سلێمانی تۆماربکەن، وەک سەرۆکی یانەکەش پشتگیری و پشتیوانی خۆی بۆ دووپاتکردنەوە لە پێناو سەرکەوتنی نەورۆز و خزمەتکردنی کەرتی وەرزش لە شاری سلێمانی.