زووم..
سوپای ئەمریکا بەردەوامە لە هێرشەکانى بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی حوسییەکان لە پارێزگاکانی حودەیدە، سەعدە، مەعریب و ئەلجەوف لە یەمەن، سەرچاوەکانی ئەو وڵاتەش ئاشکرایانکرد، بەهۆى هێرشەکانى ئەو دواییە، مەنسوور ساعدی، داڕێژەری هێرشە دەریاییەکانی حوسییەکان و کەسایەتییەکی سزادراوی ئەمریکا، لە یەکێک لە هەڵمەتەکاندا بریندار بووە و بۆ چارەسەرکردن بۆ شاری سەنعا گواستراوەتەوە.
چەند رۆژێکە بە وردی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن بەردەوامە راپۆرتە ناوخۆییەکان و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، فڕۆکەکانی ئەمریکا پێنج هەڵمەتیان بۆ سەر ناوچەی مەجزەری مەعریب لە باکووری رۆژهەڵاتی یەمەن، هەروەها کۆگاکانی چەک و سەربازگەی سەر بە گروپی حوسییەکان لە نزیک شاری بەراقیش لە باکووری پارێزگای ئەلجەوف ئەنجامداوە.
هاوکات سوپای ئەمریکا بۆردومانی کەمپی ماسیان کرد، کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە لە شاری مەریب و شوێنەکانی دیکەی ناوچەی مەجزاری هەمان پارێزگاکە و بەهۆیەوە ئۆتۆمبیل و کۆگاکانی چەک لەناوچوون.
زۆربەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگای حودەیدەیە، کە چوار جار شوێنە سەربازییەکانی فڕۆکەخانەی حودەیدەیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها بەشێک لە هەڵمەتەکان شوێنەکانی بەندەری سەلیفیان کردە ئامانج و کۆگایەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان و بنکەی دەریایی پارێزگاکەیان وێران کرد.
سەرچاوەکانی یەمەن پشتڕاستیان کردەوە، کە لە هەڵمەتەکاندا چەندین سەکۆى مووشەکى و زرێپۆشەکان تێکشکێنراون و لە ئەنجامدا دەیان چەکداری حوسی کوژراون، کە لەناویاندە ئەو سەرکردە سەربازییەى حوسییەکان هەیە.
مەنسوور ساعدی یەکێکە لە سەرکردە دیارییەکانى حوسییەکان، رۆڵێکى گەورەى هەیە لە پێشخستنى سیستمى مووشەکى ئەو گرووپە و لە لیستى تیۆرى ئەمریکادایە، کە دواى برینداربوونى چارەنووسى بە نادیارى ماوەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە مەیدانییەکان، سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناحیەی سەحەر و کیتافیان لە سەعدە، کە قەڵای حوسییەکانە بۆردومان کردووە و دامەزراوە سەربازییەکانی گرووپەکانیان کردووەتە ئامانج.