زووم..
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە زوومی راگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تایبەت بە زەویوزار لە سنووری سەنگاوی سەربە قەزای چەمچەماڵ سێ کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندارە. هاوکات زوومی دهۆکیش گواستیەوە، هەر ئەمشەو لە سنوری بەردەڕەش بەهۆی شەڕی دوو بنەماڵەوە پێنج کەس بریندار بوون.
سەرچاوەکەی پۆلیسی چەمچەماڵ گوتیشی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی قاسم بەگزادەی سەربە ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ، لەسەر کێشەی زەویوزار شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە روویداوە، بەهۆیەوە سێ کەس کوژراون، دووانیان بران و ئەوی دیکەش ئامۆزایانە. هەر لە شەڕەکەدا بریندارێکیش هەیە، کە برینەکەی سەختە.
هاوکات، زوومی دهۆک گواستییەوە لە گوندى گۆمەزەردی سنوری قەزای بەردەڕەش، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆى گولـلەوە بریندار بووە و ئەوانى دیکەش بە دار و بەرد برینداربوون.
لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا 17 کەس لە باشوری کوردستان لەسەر کێشەی جیاواز کوژراون، چوار کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، نۆ کەس لە سنووری سلێمانی و سێ کەسی دیکەش لە سنووری پارێزگای کەرکوک.