زووم..
ئەندامێکی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کاتی وردبینیی لیستی مووچەی مانگی سێ لە وەزارەتى دارایی عێراق، تا ئێستا هیچ کێشەیەک دروست نەبووە. دەشڵێت، چاوەڕوانین رۆژى سێشەممە یان چوارشەممە بەغداد مووچەی مانگی سێ بنێرێت.
ئەو ئەندامەی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم بە زوومی راگەیاند، فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاریی دارایی عێراق، دوێنێ هەینى دەوامیان کردووە، بۆئەوەى وردبینیی لیستەکە تەواو بکەن، ئێمەش هەر لە بەغدادین هەر پرسیارێکیان لەسەر لیستەکە هەبووبێت بە زوویى وەڵاممان داونەتەوە، هەرچەندە پرسیاریان کەمە و ئەم مانگە کەمترین تێبینییان لەسەر لیستەکە هەیە.
دەشڵێت، وردبینییەکە بە خێرایی دەکرێت و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە دوو رۆژى داهاتوودا کارەکانی وردبینیی لیستەکە بە پێداچوونەوەی تەیف سامی، وەزیری داراییشەوە تەواو دەکرێت.
پێشتریش بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایی بە زوومى گوت، چاوەڕوانین رۆژى سێشەممە یان چوارشەممە بەغداد مووچە بنێرێت، ئەو ئەندامەى شاندى داراییش لە بەغداد هەمان چاوەڕوانی هەیە و دەڵێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دوو رۆژەدا تەمویلی مووچەی مانگی سێ دەکرێت.
لە رۆژى چوارشەممەوە شاندى تەکنیکى لە بەغدادن و لیستى مووچەیان داوە بە وەزارەتى دارایی، وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بەنیازە پێش جەژنى رەمەزان مووچە دابەش بکات، ئەگەر ئەم هەفتەیە بەغداد بینێرێت.