زووم..
سەجاد سالم، پەرلەمانتاری سەربەخۆى عێراق دەڵێت، گۆڕانکاریی بەڕێوەیە و ئەوەش دەرەنجامی خراپ بەرێوەبردنی دەوڵەتی عێراق و خراپ هەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ پرسە دەرەکییەکان لەنێویاندا پاشکۆیەتیى راستەوخۆ بۆ ئێران.
سەجاد سالم، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى دیجلەى عێراقى دەڵێت، بە راشکاوانە دەڵێم گۆڕانکاریی بەڕێوەیە، ئەو گۆڕانکارییەش ئێمە دروستمان نەکردووە، خۆ ئێستا نە خاوەنی ئەحمەد چەلەبین بچێت لەگەڵ ئەمریکییەکان لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات، نە خواستى ئەوەشمان هەیە سواری تانکی ئەمریکی بین، بەڵکو ئەو بابەتە دەرەنجامی خراپیی رژێمی ئێستایە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا، وەک خراپ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پرسە دەرەکییەکاندا و پاشکۆیەتیى راستەوخۆ بۆ ئێران.
دەشڵێت، لە چوارچێوەی ئەو دۆخە نوێیەى بەسەر ئێراندا دەچەسپێن، هەمان دۆخ بەسەر عێراقیشدا دەچەسپێن، ئەمە روونە عێراق بەهۆی ئەو دۆخە زیانی پێدەگات جا لەڕێگەی ئابوورییەوە بێت یان سەربازیی یاخود رێگەی دیکە، ئیتر نازانین، هەمووان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی کە بۆشاییەک دروستدەبێت.
سەجاد سالم کە پەرلەمانتارێکى شیعەیە لەسەر پارێزگاى واست، باسى لەوەکردووە، دەکرێت کەمتر لە دوو مانگى دیکە سزاکانى سەر عێراق تەواو روونببنەوە، هەر هەوڵێک بدرێت تەنها بۆ دواخستنی دەرکەوتنی ئەو قەیرانەیە کە ئەمەش دەکرێت قەیرانی دیکە دروستبکات، بۆیە ئەم بابەتە روونە و ئێستا هەندێک لایەن خەریکن لە رووی سیاسییەوە خۆیان لەگەڵ دۆخی نوێ دەگونجێنن.
لە وەڵامى پرسیارى پێشکەشکارەکەدا کە کاربەدەستانى ئێستاى عێراق دەڵێن، دۆخەکە بەوجۆرە نییە و ئەگەر گۆڕانکارییش روویدا لەڕێی سندوقی دەنگدانەوە دەبێت و رێژەیی دەبێت، ئەو گوتى، ئەوان لە هەمان دۆخی رژێمەکەی سەدامدان لە ساڵی 2003، کاتێک ئەمریکییەکان گەیشتبوونە کوت، کەچی بەرپرسانى بەعس دەیان گوت، ئای چ سەرکەوتنێکی جوانە بە یاوەریی خودا.. با پێتان بڵێم بەرپرسانى ئێستاى عێراق خۆشیان لە دۆخێکی پڕ وەهمدا دەژین، لە ئاست بینینی واقع کوێربوون و تواناى خوێندنەوەی پێدراوەکانیان نەماوە.