زووم..
سەرۆکی لیژنەى وزە لە پەرلەمانی عێراق هۆشداری لەکەمبوونەوەی وزە دەدات و دەڵێت، ئەگەر حکومەت و هاووڵاتیان پێکەوە کار بۆ چارەسەری کێشەکە نەکەن، هاوینێکی بێکارەبا و تاقەتپروکێن چاوەڕێی عێراقییەکان دەکات.
محەمەد نوری سەرۆکی لیژنەى وزە لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی عەرەب جدیدی گوتووە، هەنگاوەکانی چارەسەرى کێشەى کارەبا زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت، ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات بە پازەدە ساڵی دیکە چارەسەر نابێت.
عێراق پێویستى بە 32 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام تواناى بەرهەمهێنانی لە 24 هەزار تێپەڕناکات، واتە هەشت هەزار کورتهێنانی هەیە، لەکاتێکدا گەشەکردنى شوێنى نیشتەجێبوون، کارگە و شوێنکارەکان، هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووان، بەردەوامە و خواستیان لەسەر کارەبا زیاتر کردووە.
بەگوتەی محەمەد نوری، کارەباى عێراق لەلایەک روبەڕووی قەیرانی بەفیڕۆدان لەلایەن فەرمانگە حکومییەکان و هاووڵاتییان بووەتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە پارە و تێچووەکەی کۆناکرێتەوە و بارگرانی بۆ حکومەت دروستکردووە.