زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز: ئاسوودەیی ئەوەیە ئەگەر جزدانەکەت ونبوو هیوات بە گەڕانەوەی هەبێت
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت کەسانی بێگانەی نیشتەجێی بەریتانیا دڵیان لە بەریتانییەکان باشترە. ئەگەر جزدانەکەت لێ ونبوو، ئەوان دووهێندەی بەریتانییەکان خۆیان گریمانەی ئەوەیان تێدا هەیە، بۆت بگەڕێننەوە.
ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەی ئاشکراکردووە، بەریتانییەکان لە ریزبەندیی ئاسوودەییدا پاشەکشەیان کردووە.
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە بزانرێت ئەگەر جزدانێک ونبوو، پارە و کارتی بانکی و زانیاری و ناونیشانی شوێنی نیشتەجێبوونی تێدابێت، تا چەند هەوڵدەدرێت پەیوەندی بە خانووەنەکەیەوە بکرێت بۆئەوەی بۆی بگەڕێندرێتەوە.
ئەنجامەکانی ئەم راپرسییە، کە لە بۆچووونەکانی خەڵکەوە وەرگیراون، لەگەڵ هەندێک داتای کرداریدا بەراوردکران کە لەلای توێژەرەکان خۆیان هەبووە. چونکە زاناکان دەزانن ئەگەر خەڵک بڕوایان وابێت کەسێک پەیوەندییان پێوەدەکات و جزدانە ونبوەکەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، ئەوە مانای وایە ئەو گەلە ئاسوودەن.
راپۆرتی نێودەوڵەتیی ئاسوودەیی ئەم داتایەی خستووەتە پێشچاو و گوتویەتی خەڵکانی وڵاتانی ئەسەکەندەنافی لەم ڕووەوە لە پێشەوە وڵاتانی دیکەن.
دەیلی مەیل: باجی خانوبەرە بێوێنە بەرزبووەتەوە
ئەمساڵ دابینکردن و ناردنی پارەی باجی خانوبەرە بۆ خێزانەکان بووە بە کێشە، بەهۆی هەڵاوسانەوە ئەم باجەش زۆر بەرزبووەتەوە. لەنێو هەموو شارەوانییەکاندا تێکڕای باجی خانوبەرە گەشتووە بە 2280 پاوەند، چونکە شارەوانییەکان بەرێژەی ٪5 زیاتر لە بڕی رێگەپێدراو باجەکانیان بەرزتر کردووەتەوە. کەسێکی بەرپرس لەو بوارەدا راستیی ئەم هەواڵەی بۆ تایمز دووپاتکردووەتەوە. لە شارێکی وەک بیرمینگهام رێژەی باج 17.5٪ بەرزبووەتەوە و لەسەر خەڵک زیادکراوە.
فاینەنشیەڵ تایمز: ستامەر بۆچوونی لەبارەی ئۆکراین گۆڕیوە
کێیە ستامەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وازی لەو بۆچوونەی هێناوە سوپای پیادە بنێرێت بۆ خاکی ئۆکراین. گۆڕانکاری لە پلانی بەشداری وڵاتەکەی لە هاوپەیمانێتیی خۆویستانەدا کردووە، دەیانەوێت پارێزگاری لە ئاگربەستی روسیا و ئۆکراین بکەن، بەڵام بیر لە ناردنی هێزی ئاسمانی و دەریایی دەکاتەوە. لە کۆبوونەوەیەکدا، کە دوێنێ لە نزیک لەندەن بۆ پلاندانەرە سەربازییەکانی هەر 31 وڵاتە بەشدارەکەی هاوپەیمانێتییەکە رێکخرابوو، ستامەر گوتی پێویستە، پوتین تێبگات لەوەی ئەگەر روسیا ئاگربەستی شکاند، ئەنجامی خراپ چاوەڕێی دەکات.
گەڵف نیوز: لە ریزبەندیی ئاسوودەیی ئیمارات کەوتە پێش ئەمریکا و بەریتانیا
راپۆرتی ئاسوودەیی جیهانی، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پشتگیریی لێدەکرێت بڵاوکرایەوە.
لەو راپۆرتەدا کە دوێنێ بەهۆی رۆژی ئاسوودەیی جیهانیەوە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئیمارات لە پێشی وڵاتەکانی ئەمریکا و بەریتانیەوەیە. لەم پێوەرەدا ئیمارات 21 خاڵی بەدەستهێناوە و تاکە وڵاتی کەنداوی عەرەبییە، لەناو 25 وڵاتی یەکەمدا ناوی هاتبێت، بەڵام لەدوای ئەوانەوە کوەیت لە پلەی 30 ـهەم و سعوودیەش لە پلەی 32ـدا دێت. لەناو وڵاتە ئاسیاییەکاندا پاکستان لە پلەی 109ـدایە، دەکەوێتە پێشی هیندستانەوە کە لە پلەی 118ـدایە و ئەفغانستانیش شۆڕبووەتەوە بۆ پلەی 147.
حوڕییەت: چوار ئەگەر لە بەردەم ئیمامئۆغڵو هەیە
تائێستا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ لە بنکەى پۆلیس دەستبەسەرە بە مەبەستی وەرگرتنی گوتە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی.
ئیمامئۆغڵو لە دۆسیەکەیدا حەوت تۆمەتی ئاڕاستەکراوە لەوانەش هاوکاریکردنی
رێکخراوی نایاسایی و تاوانکاریی، گەندەڵی و هتد… لەئێستادا چوار ئەگەر لەبەردەم ئیمامئۆغڵو هەیە.
لە ئەگەرى ئازادکردنیدا، بەهۆی ئەوەی دۆسیەى تیرۆری لەسەر کراوەتەوە، ئەگەر هەیە قەیوم لە شوێنیدا دابنرێت.
ئەگەریش هەیە ئازاد نەکرێت بەهۆی تۆمەتبارکردنیی بە هاوکاریکردنی تیرۆر، زیندانی بکرێت.
رەنگە بە تۆمەتەکانی دیکە، رەوانەى زیندان بکرێت و لەلایەن ئەنجومەنی گەورەشارەوانی ئیستانبوڵەوە، ئەندامێکی شارەوانی بکرێتە سەرۆک.
سۆزجو: لە شەقامەکان ناکشێینەوە
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی گشتیی جەهەپە بانگەوازی بۆ تەواوی گەلی تورکیا کرد بێ توندوتیژیی لە شەقامەکاندا هەموان پێکەوە داوای دادپەروەریی و ئازادی بکەن.
ئەم پرسە پەیوەندی بەتەواوی گەل و پارتە سیاسییەکانەوە هەیە، بۆیە لە شەقامەکان ناکشێنەوە، خۆپیشاندانەکان لە ئیستەنبوڵ بەردەوام دەبێت.
قەرار: لە رۆژێکدا 11% هەژاریمان زیادیکرد
کاریگەرییە ئابوورییەکان بەهۆی دەستگیکردنی ئیمامئۆغڵو بەردەواممە، لە ماوەى رۆژێکدا خەڵکی تورکیا بەهۆی لەدەستدانی بەهای لیرەى تورکییەوە سەدا 11 هەژار بووەو زیانی 10 ملیار دۆلاری لە گەنجینەى دارایی وڵات داوە.
ناسەقامگیریی سیاسیی، کاریگەری لەسەر ناسەقامگیریی ئابووری کردووە و گورزێکی کوشتندە بە ئابووری وڵات کەوتووە.
تورکگون: خوازیارین پەکەکە لە چواری ئایار کۆنگرەی چەکدانان ببەستێت دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە رایگەیاند هیوادارن نەورۆز ببێتە مایەی بەدیهێنانی تورکیایەکی بێتیرۆر.
باخچەلی خوازیارە پەکەکە لە چواری ئایاردا کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. چەکەکانیان رادەستی دەوڵەتی کۆماری تورکیا بکەن.
باخچەلی دەڵێت: پێشنیاز و پێشبینییان ئەوەیە، لە رۆژی یەکشەممە، چواری ئایار لە شارۆچکەی مەلازگرد لە پارێزگای موش-ی باکووری کوردستان، بە چاودێری سەرۆکشارەوانیی دەم پارت، پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و کۆتایی بە گفتوگۆکانی خۆهەڵوەشاندنەوە بهێنێت.
شەرقلئەوسەت: ئەمریکا لە هێرشەکانی بەردەوامە و حوسییەکان نەکشاونەتەوە
ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر حودەیدە و حوسییەکان هێرشێکى دیکە بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدەدەن
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا دەڵێت هێرشەکانیان بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا بۆسەر حوسییەکان بەردەوامدەبێت.
لە هێرشێکی نوێدا جارێکی دیکە پارێزگای حودەیدە و دەوروبەری و چەند ناوچەیەکى دیکەى ژێر دەسەڵاتى حوسییەکانیان لە یەمەن کردەوە ئامانج.
قودسی عەرەبی: ئەڵمانیا داوای بەشداریی پێکهاتەکان لە دەسەڵاتی دیمەشق دەکات
ئەنالینا بیربوک، وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا، داوا لە دیمەشق دەکات، پێکهاتەنى سوریا بکاتە هاوبەش لە دەسەڵات و ئیدارە و بڕیارەکان.
بیربوک دوای ئەوەى بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى گەیشتە دیمەشق، داوای بەشداریی کارای ژنانیشی لە ئیدارە و دەسەڵاتى سوریای نوێ کردووە.
دووپاتیکردووەتەوە، ئایندە و چارەنووسی وڵات لەدەست سورییەکان خۆیاندایە.
عەرەبی جەدید: ترەمپ پشتیوانى تەواوەتى ئیسرائیل و وێرانبوونی غەزە دەکات
جارێکی دیکە ئیدارەی کۆشکى سپی بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەپ، پشتیوانیی تەواوەتى بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە
بزووتنەوەى حەماسیش بەرپرسیاری شکاندنى ئاگربەست و ئەو کوشتارەى جارێکی دیکە ئیسرائیل لە غەزە دەستىپێکردووەتەوە، دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا.
کارۆلین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکى سپی، گوتى، ترەمپ ئەو پەیامەى بە روونی داوەتە حەماس، ئازادنەکردنی بارمتەکان باجەکەی قورس دەبێت.
عەرەب: خامنەیی جێگرەوەى حەسەن نەسروڵای بۆ نادۆزرێتەوە
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو دەرفەت و بۆنەیەک دەقۆزێتەوە بۆ باسکردنى هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بەو هێرشانەی کە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبوڵا بۆ خامنەیی کەسایەتییەک بوو جێگرەوەی کارێکی زەحمەتە
ئەو دەیتوانى وەک پێویست دەنگی رێبەری ئێران بگەیەنێتە هاوپەیمانەکانى تاران، بەبێ ئەوەی خامنەیی پێویستى بە دەرکەوتنى زۆر و لێدوان هەبێت.