زووم..
ئێوارەی دوێنی چالاکێکی مەدەنی لە هەولێر لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێنرا، کەسوکارەکەی دەڵێن، پێیان گوتراوە لە ئاسایشی گشتی دەستبەسەرە.
هاوڕێ کوردی، چالاکێکی مەدەنی شاری هەولێرە و دوێنی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە، داوایکردووە هەر کەسێک دەیەوێت بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل بکات، بێبەرامبەر پاسی بۆ ئامادەکراوە، تا لەهەولێرەوە بەرەو قەندیل بچێت.
دوابەدوای بڵاوکردنەوەی پۆستەکەی ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی هاتووەتە سەرماڵیان، ژمارەیەک چەکدار کە جلی مەدەنییان لەبەربووە، هاوڕێ کوردییان لەگەڵ خۆیان بردووە.
کەسوکارەی بەزوومیان گوت، چەکدارەکان هیچ مۆڵەتێکی یاساییان پێنەبووە، هاوڕێیان بە جلی ماڵەوە بردووە، دوای کاتژمێرێک ئۆتۆمبێلێکی حکومی هاتووە و داوای جل و پێداویستی هاوڕێی کردووە و گوتویەتی لە ئاسایشی گشتی دەمێنێتەوە.
کەسوکارەکەی دەلێن، هاوڕێ نزیکەی 30 جار بەمشێوازە نایاساییە دەستگیر کراوە، جگلەوەی چەندجارێک هێرشیکراوەتەسەر و لێیدراوە.