کاساس یارییەکەیان بەرامبەر کوەیت بە گرنگ و تایبەت دەزانێت و پێشیوایە هێشتا سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال بەدەستنەهێناوە.
لە کۆنفرانسى رۆژنامەنوسى تایبەت بە یارییەکەى ئەمشەوى بەرامبەر کوەیت، خیسۆس کاساسى راهێنەرى عێراق ئاماژەى بەوەکرد، یارییەکەیان زۆر گرنگ و تایبەتە، لەبەرئەوەی هەنگاوێک زیاتر لە سەرکەوتن بۆ مۆندیال نزیکیان دەکاتەوە.
کاساس گوتى: هێشتا سەرنەکەوتووین بۆ مۆندیال، سەرەتا بیر لە یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر کوەیت دەکەینەوە ئینجا یارییەکانی داهاتوومان، دەزانم ئەگەر ئاستی داواکراو پێشکەش نەکەین، ئەوا فشارێکی زۆرمان لەسەر درووست دەبێت.
باسى لەوەشکرد، بەرامبەر تیپێک یاری ئەکەین، کە بەم دواییانە ئاستێکی باشی لە جامی کەنداو پێشکەش کردووە، بەڵام متمانەیان بە توانای تیپەکەیان هەیە سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنێت.
لە بارەى لێدوانەکانى پێشووى لەسەر هاندەران، کاساس دەڵێت: قسەکانی پێشووم لەسەر هاندەران بۆ هاندەرانی ناو یاریگا نەبوو، بەڵکو بۆ هاندەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوو، دەمەوێت هاندەرانی یاریگا لە سەرەتاوە تا کۆتایی هوتاف و پاڵپشتی هەڵبژاردەیان بکەن بە بەردەوامی، من ئەوەندە بێ ئەقڵ نیم رەخنە لە هاندانی هاندەران لە یاریگادا بگرم.