زووم..
ماڵپەرى ئاڕتیگەرچەکى تورکی بڵاویکردووەتەوە، بانکى وەبەرهێنانى مۆرگان ستانلى ئەمریکى، ئەندامێتى خۆى لە بۆرسەى ئیستەنبوڵ هەڵوەشاندەوە.
ماڵپەرەکە نووسیویەتى، دواى ئەوەى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ دەستگیرکرا، بۆرسەى ئیستانبوڵ و بەهاى لیرە ناسەقامگیربووە، هەر لەو چوارچێوەیەدا، بانکى مۆرگان ستانلى ئەمریکى ئەندامێتى خۆى لە بانکەکە هەڵوەشاندووەتەوە.
هەروەها دەڵێت، ساڵانێکى زۆرە بانکى مۆرگان ستانلى وەکو یەکێک لە گەورەترین بانکەکانى وەبەرهێنان لە تورکیا کاردەکات و پشکى بانکەکە لە بۆرسەى ئیستەنبوڵ تۆمارکراوە و مامەڵەى پێوەدەکرێت، کشانەوەى ئەندامێتییەکەى پێشهاتێکى زۆر خراپە بۆ ئابوورى تورکیا.
بانکى مۆرگان ستانلى مێژووى دامەزراندنى دەگەڕێتەوە بۆ 90 ساڵ لەمەوبەر، لە 42 وڵات کاردەکات، هەزار و 300 ئۆفیس و60 هەزار کارمەندى هەیە، لە سەرجەم بۆرسە باوەڕپێکراوەکانى جیهان مۆڵەتى کارکردنى هەیە.