زووم..
دوای دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ، هەزارەها کەس لە ئیستەنبوڵ و چەند شارێکی دیکە رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.
سەرەتا لە ئیستەنبوڵ لە بەردەم بارەگای سەرەکی پۆلیس خۆپیشاندان دەستپێکرد و دواتریش خۆپیشاندەران لە بەردەم بارەگای سەرەکی پارتەکەی ئیمامئۆغلۆ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کۆبوونەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی تورکیا دروستبوو و پۆلیس هەوڵی ئەوەیدا کە خۆپیشاندانەکان کۆتایی پێبهێنێت کە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و حکومەتی وڵاتەکە دروشمیان دەگوتەوە.
دوێنێ چوارشەممە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، کە بڕیاربوو چەند رۆژێکی دیکە وەک کاندیدی سەرەکی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دەستنیشانبکرێت، بە چەند تۆمەتێک دەستگیرکرا.
میدیای تورکیا تۆمەتەکانی دژی ئیمامئۆغلۆ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، لەسەر تۆمەتی ئیدارەدانی گرووپی تاوانکاری، ئەندامبوون لە گرووپی تاوانکاری و یارمەتیدانی پەکەکە، بەرتیلدان، هەڵخەڵەتاندان، بەدەستخستنی زانیاریی کەسی لە دەرەوەی یاسا و گەندەڵەی لە پێدانی تەندەر دەستگیرکراوە.
بەڵام ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دەڵێن، دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلۆ ترسی ئەردۆغانە چونکە گەورەترین رکابەرییەتی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2028.
لە خۆپیشاندانەکاندا چەندین دروشمی تووند دژی ئەردۆغان گوترانەوە و خۆپیشاندەران دەیانگوت، “کۆشکەکەت چۆڵ بکە، ئێمە وا دێین.” بەشێکی دیکەش دەیانگوت، ئەردۆغان “دیکتاتۆرە” و “سبەی وەک دوێنێ نابێت.”
بۆ رێگری زیاتر لە خۆپیشاندانەکان، حکومەتی تورکتا چوار رۆژ قەدەغەی خۆپیشاندانی راگەیاند و چەند رێگایەکی سەرەکیش داخران، ئەمە جگە لەوەی چەند هێڵێکی میترۆ لە ئیستەنبوڵ کارەکانیان وەستێنرا.
بەگوێرەی وێبسایتی نێتبلۆک، لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا حکومەتی تورکیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئێکس، یوتیوب، ئینستاگرام و تیکتۆکی سنووردارکردووە.
لەکاتێکدا ئەو خۆپیشاندانە بەرفراوانە لە تورکیا هەبوو، سەرۆککۆماری تورکیا هیچ قسەیەکی بۆ خۆپیشاندەران نەبوو و گوتارێکی لەبارەی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ دەدا و گوتارەکەی ئاراستەی جووتیاران بوو، لەکاتی خۆپیشاندانە فراوانەکەشدا لە تویتەری ئیمامئۆغلۆ ڤیدیۆیەکی خۆپیشاندانەکە بڵاوکرایەوە و نوسرابوو: ئەم گەلە مەزنە.