زووم..
رۆژنامە عەرەبییەكان
شەرقلئەوسەت
لە سنوورە ئاوییەكانی عێراقدا دەستگیرا بەسەر كەشتییەكدا كە كاپتنەكەی ئێرانییە
هێزی دەریایی عێراق رایگەیاند، لە سنوورە ئاوییەكانی كەنداودا دەستیانگرتووە بەسەر كەشتییەكی نەناسراودا كە هەڵگری نەوتی قاچاخ بووە.
هێزی دەریایی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەناو كەشتییەكەدا 11 كەسیان دەستگیركردووە كە ویستیوویانە نەوتە قاچاخەكە بەرەو بازاڕەكانی جیهان ببەن و تائیستاش نەزانراوە نەوتەكە لەكوێوە باركراوە و ویستویانە بۆ كوێی ببەن.
راشیگەیاندووە، هەشت كەسیان هەڵگری رەگەزنامەی هیندین و دووانیان عێراقی و كاپتنی كەشتییەكەش ئێرانییە، دوای پشكنینی تەواوی كەشتیەكە رادەستی پۆلیس و بەندەری ئوم قەسر كراون و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە پرۆسەكە پرسیار زۆر هەڵدەگرێت و پێدەچێت فێڵێكی لایەنە عێراقییەكان بێت بۆ باوەڕپێهێنانی ئەمریكییەكان كە قاچاخی نەوتیان كۆنترۆڵكردووە، بەڵام هێشتا پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوتی بەسرە بەردەوامە و بەرپرسانی باڵا و گروپ و میلشیای گەورەی لە پشتەوەیە.
سەباح
لە عێراق بەرتیل كەمبووەتەوە و پارێزگاریكردن لە موڵكوماڵی گشتیی زیادیكردووە
ئەحمەد تەها روبەیعی ئەندامی لیژنەی دەستپاكی عێراق رایگەیاند، رێژەی پێدانی بەرتیل لە فەرمانگەكانی حكومەت بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمیكردووە.
ئەوەش لەكاتێكدا كە سەعید یاسین موسا پسپۆڕی بواری دەستپاكی و نەهێشتنی بەرتیل ئاماژە بەوەدەكات پێدان و وەرگرتنی بەرتیل گەورەترین نیشانەی گەندەڵی بەرپرسانە و حكومەت باجەكەی دەدات و هۆكارەكەشی لێنەپێچینەوە و رووبەڕوونەكردنەوەیانە لەگەڵ یاسا.
رۆژنامەكە نوسیوویەتی، لە راپۆرتی لیژنەی داراییدا هاتووە لە مانگی كانوونی دووەمدا لەكۆی 95 حاڵەتی پێدانی بەرتیل 20 كەس بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن دەستگیركراون، فەرمانی لێكۆڵینەوە و دەستگیركردنیش بۆ 32 كەسی پلەباڵا دەركراوە، 185 كەسیش سزای جۆراوجۆر دراون و 61 كەسیش دوای ئەنجامدانی تاوانەكانیان وڵاتیان بەجێهێشتووە.
دكتۆر غازی فەیسەڵ حسێن بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژیی رایگەیاندووە، هەرچەندە بەرتیل رووی لە كەمبوونەوە كردووە، بەڵام گەورەترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم بەرەوپێشەوەچوونی حكومەتە لەبواری نەهێشتنی گەندەڵیدا.
دەستور
عێراق لە قەتەر و جەزائیر غاز هاوردە دەكات
دوای كۆتاییهاتنی بڕیاری لێخۆشبوونی ئەمریكا بۆ هاوردەی غازی ئێران، بەرپرسانی عیراق رایانگەیاند، كێشەی گەورە بۆ كارەبای وڵاتەكە دروستدەبێت لەبەرئەوەی زۆرینەی بەرهەمهێنانی كارەبا پشت بە غاز دەبەستێت.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە، عێراق سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ وڵاتانی قەتەر و جەزائیر و پێشتریش لەگەڵ وەزیری كارەبای توركیا لەوبارەیەوە گفتوگۆیان ئەنجامداوە و بڕیاریشە 300 مێگاوات كارەبا بۆ عێراق دابینبكات و بریارە لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا كارەبا بۆ پارێزگاكانی باكوری عێراق دابینبكرێت.
هەروەها لە هەمانكاتدا بەمەبەستی هاوردەكردنی غاز لە بەندەری بەسرەوە پێویستی بە ڕاكێشانی 40 كیلۆمەتر بۆری دەبێت تا ببەسترێتەوە بە بۆری غازی عێراقەوە.
رۆژنامەكە نوسیویەتی، عێراق لە دانوستاندایە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەی دیكەدا كە گرێبەستێكیان لەگەڵدا بكات بۆ ماوەی 3 بۆ 5 ساڵ غازیان بۆ دابیبنكات، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی كۆتایی.
عەرەبی جەدید
لە غەزە نرخی غازی ماڵان لە 200% بەرزبووەتەوە
سەرەڕای دەستپێكردنەوەی هێرشەكان، ئابڵۆقەی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە بەردەوامە و لە مانگی رەمەزانیشدا چڕتركراوەتەوە و بووەتە هۆی دەستنەكەوتنی خۆراك و پێداویستییە پزیشكییەكان.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئامانجی ئیسرائیل كۆچپێكردنی خەڵكی غەزەیە و بۆ ئەو مەبەستەش سوپای ئیسرائیل ئاگاداریی بڵاوكردووەتەوە كە شارەكە بەجێبهێڵن.
هاووڵاتیانی غەزەش ئاماژە بەوەدەكەن، لە مانگی رەمەزانەدا كە خەڵك بەڕۆژووە خواردنیان دەستناكەوێت و ئەگەر دەستیشیان بكەوێت لەبەرئەوەی غازی ماڵان دەستناكەوێت ناتوانن خواردن ئامادەبكەن.
هاووڵاتییەكی غەزەش بە رۆژنامەكەی گوتووە، نرخی غازی ماڵان لەسەدا دووسەد بەرزبووەتەوە، پرۆگرامی خۆراكی جیهانیش بڵاویكردووەتەوە ئیسرائیل سەرجەم ئەو رێگایانەی داخستووە كە هاوكاریی لێوە دەگەیەنرێتە كەرتی غەزە.
رۆژنامە تورکییەکان
بیرگون
ئەم گەلە نادۆڕێت
کۆشک ئەو جەنگە ناباتەوە کە دژی تەواوی کۆمەڵگە دەستیپێکردووە.
ئەو ئۆپەراسیۆنەی کرایە سەر ئیمامئۆغڵو دواین بازنەی دیکتاتۆری رژێمی تاکەکەسیە، خواستی دەسەڵاتە بۆ ئۆپزسیۆنێکی کارتۆنی، لە ئیستانبوڵ و زۆر خاڵی تر دژی ئیرادەی خانەنشینکراوی کۆشک گردبوونەوە هەیە.
بەم کارە نەخشە رێی دەسەڵات دیارە، دوای ئەوەی لەسەر خواستی ئیسرائیل و ئەمریکا پاشگەزبووەوە لە بانگەشەکانی لەبارەی سوریا، دواتر وا دەزانێت پشتگیری لە ناوخۆ بەدەست هێناوە، بێپەروا هێرش دەکاتە سەر ئۆپۆزسیۆن.
یەنیبیرلیک
لێپێچینەوەی گەندەڵی و تیرۆر لە دژی ئیمامئۆغڵو
کۆمەڵێک تۆمەت دراونەتە پاڵ ئیمائۆغڵو، ئەمانەن:
یەکەم: ئیدارەدانی گرووپی تاوانکار
دووەم: ئەندامبوون لە گرووپی تاوان
سێیەم: بەرتیل
چوارەم: هەڵخەڵەتاندن
پێنجەم: بەدەستخستنی زانیاریی کەسی لە دەرەوەی یاسا
شەشەم: گەندەڵی لە پێدانی تەندەر
ئایدنلک
لە حیساب و کیتابەکەدا دەبێت ئاگاداری باکووری سوریا بین
سەرۆکی پارتی وەتەن چەند پێشنیازێکی بۆ دۆخی ئێستای تورکیا خستووەتەڕوو کە وایدەبینێت بۆچوونەکانی تاکە رێگەی بەردەم تورکیان
دەبێت مستێکی پۆڵایی بدرێت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بۆ ئەمەش دەبێت لەگەڵ هەریەک لە روسیا، ئێران، عێراق، فەڵەستین، لوبنان و چین هەماهەنگی بکرێت.
دەبێت هەرچی زووترە دەستبەرداری سیاسەتی پیشاندانی دۆڕانی دەوڵەت بین
لەگەڵ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا دەبێت چەکەکان بەزۆر بێدەنگبکرێن، هەریەک لە دەمپارتی و هەدەپە دابخرێن و رێگری بکرێت بەو هەوڵە رەنگاڵەیانەی ئەمریکا سیناریۆی ئاهەنگەکەی لە تورکیا داڕشتووە.
دەبێت ئاگاداری سیستەمی دەوڵەت بین و دادگاکان سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن.
بۆ هەموو ئەمانە سیاسەتێکی مییللی بەرهەمدارمان پێویستە.
تورکیا
کەس پارێزبەندی نییە و دادگا دەستی بە هەمووان دەگات
لە وەڵامی جەهەپەدا کە لایەنەکان بە کودەتا تۆمەتبار دەکات لەبەرامبەر دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو، باخچەلی وەڵامی دایەوە و دەڵێت، کەس پارێزبەندیی نییە لەدەست دادگا.
رۆژنامە ئینگلیزییەكان

گاردیەن
ترەمپ و زێلینسكی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی “ئەرێنی”یان ئەنجامدا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و ڤۆلۆدیمێر زێلینسكی سەرۆكی ئۆكراین پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و گفتوگۆكانیان بە “زۆر باش” وەسفكرا.
ئەمەش یەكەم پەیوەندیی بوو لەدوای گفتوگۆ توندەكەی نێوانیان لە كۆشكی سپی كە سێ هەفتە لەمەوبەر كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە.
زێلینكسی پەیوندییەكەی بە “ئەرێنی، گرنگ و راشكاو وەسفكرد كە تیایدا ئاماژە بە ئاگربەست كراوە دوای ئەوەی ترەمپ و پوتین لەسەری رێككەوتوون.
ژاپۆن تایمز
گرووپە میلیشیا دۆستەكانی ئێران لەژێر هێرشدان
سوپای ئیسرائیل بە هێرشكردنە سەر كەرتی غەزە و كوشتنی سەدان فەڵەستینی، كۆتایی بە ئەگربەستەكەی لەگەڵ حەماس هێنا، بەڵێنیشیدا هێرشەكانی فراوان بكات دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاریدا هێرشەكانی بۆ سەر حوسییەكان چڕ بكاتەوە.
ئەمەش بەشێكە لە زیادبوونی گرژییەكان لەدژی گرووپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران.
دوای هێرشەكانیش ترەمپ رایگەیاند، هەر هێرشێكی تۆڵەكاریی لەلایەن حووسییەكانەوە بەوە هەژمار دەكرێت كە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدراوە.
ئۆرشەلیم پۆست
هەزاران كەس لە دژی حكومەتی ئیسرائیل خۆپیشاندان دەكەن
خۆپیشاندانەكانی قودس/ئۆرشەلیم لە ئیسرائیل گرژی تێكەوت و پۆلیسی وڵاتەكە ناچاربوو بەهۆی توندوتیژییەكانەوە بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران هێز بەكاربهێنێت.
لە چەندین ناوچەی دیكەی وڵاتەكەدا بەهۆی لەكارلادانی سەرۆكی ئاژانسی ئاسایشی ئیسرائیل و دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی سەر غەزە هەزاران هاووڵاتیی ئیسرائیلی رژانە سەر شەقامەكان، چونكە بە بڕوای ئەوان گفتوگۆكانی ئازادكردنی بارمتەكان ئاڵۆزتر دەكات، لەكاتێكدا هێشتا 59 بارمتەی دیكە لەژێر دەستی حەماسدا ماون.

عەرەب نیوز
ئیسرائیل كەرتی غەزە بۆ دوو بەش دابەشدەكات
سوپای ئیسرائیل دەستی بە دابەشكردنی كەرتی غەزە كردووە بۆ دووبەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە راڕەوی نەتساریم.
لەكاتێكدا لە دووەم رۆژی هێرشە ئاسمانییەكاندا 20 هاووڵاتی دیكەی فەڵەستین كوژران، دوای ئەوەی لە یەكەم رۆژی هێرشەكاندا زیاتر لە 400 فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران، بەمەش ئاگربەستەكە كە لە سەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵەوە دەستیپێكردبوو بەتەواوەتی كۆتایی پێهات.
ئیسرائیلیش هەڕەشە دەكات و دەڵێت، ئەم هێرشانە تەنها سەرەتای هێرشەكانیانن بۆ سەر حەماس.