(لە پەیوەندییدا بە کۆمۆنسێنسەوە)
وەلید عومەر
کۆمۆنسێنس (common sense),واتە هەستى هاوبەش یاخۆ درکى گشتى و تەنانەت “عەقڵى باو”یش دەگەیەنێت. بەو واتایەى لێرەدا بەکاریدەهێنین, زاراوەکە مانایەکى تایبەت و سنوردارترى هەیە. کۆمۆنسێنس لە مانا باوەکەیدا, درکێکى بەڵگەنەویست و گشتییە کە هەموو کەسێکى نۆرماڵ یان “سەلیم” هەیەتى بۆ ئەوەى بتوانێت لەناو کۆمەڵگادا بژى, تێبگات, شت هەڵبسەنگێنێت, سنورە ڕەمزییەکانى خۆى بزانێت و هتد. بۆ نمونە, “گەر دنیا هەور بیت, ئەگەرى باران هەیە”, ڕاستییەکى سەر بە کۆمۆنسێنسە. هەتا گوزارەگەلى ئاڵۆزترى وەک “فەلسەفە, خۆشویستنى زانینە” بەشێکن لە مەعریفەى کۆمۆنسێنس. بەڵام هەر ئەم زاراوەیە ماناى تریشى لێوە هەڵدەگۆزرێت: بەتایبەت لە پەیوەندى دا بە پانتایی ڕۆشنبیرییەوە کە گرژییەک دەخاتە ناو پانتاییەکە خۆیەوە. لەجیاتیی ئەوەى پانتاییەکە بەراوردبکرێت بە “دەرەوە”, ئەمجارەیان بەراورددەکرێت بە خۆى, و دەخرێتە پەیوەندییەکى پڕگرژییەوە لەگەڵ خۆیدا. واتە بەردەوام بەشێک لە مەعریفەى ناو پانتاییەکە, دەبێتە مەعریفەى باو و کۆمۆنسێنس.
دیاردەکانى ناو جیهان و پاشان کۆمەڵگا, بەردەوام لە جووڵەدان؛ ئەمەش وادەکات پێویستیان بە نوێکردنەوە بێت, یاخۆ لە گۆشەیەکى ترەوە ببینرێن کە نەبینراون. ئاشکرایە زۆرینەى خەڵک لەبەر “ئاسایشى دەروونى”, حەزبان بەم نوێبوونەوەیە نیە. فەنتازیاى خۆیان لەسەر کۆمەڵێک پێناسە هەڵچنیوە کە ڕێچکەى خۆیان وەرگرتووە. لێرەوەیە ئەو پێناسانە بۆ پانتایی ڕۆشنبیرى بەس نین, پێویستیان بە پشکنینى وردترە. هەتا وەک وتمان, پێناسە و بۆچوونەکانى ناو پانتاییەکە خۆیشى بە تێپەڕینى کات ڕەقهەڵدێن و دەبنە کڵێشە. هەتا دوور نیە بەشى زۆرى مەعریفەى سەردەمێک, ببێتە کۆمۆنسێنسى سەردەمێکى تر بێئەوەى هەستى پێ بکرێت. بۆیە وێڕاى ئەمانەش, کۆمۆنسێنس هۆشیارییەکى مردووى تەواو بێکەڵک نیە, بەڵکو گەنجینەیەکى مرۆییە بۆ ئەوەى شتى لێوە دەربهێنرێت و بخرێتەژێر ڕامان و تازەکردنەوەوە. کەرەستەکانیش بۆ ئەم ئەرکە, لە دیالەکتیکەوە دەگرێتەوە تا پارالێکس و ڕاڤەى هێرمینۆتیکى و سیاقدۆزیی نوێ. لەم بەشەدا, سەرنج لە یەک دوو نمونە دەدەین کە چۆن کۆمۆنسێنس کێشەى ناو پانتایی ڕۆشنبیرییە نەک دەرەوە- دونیاى دەرەوە وەک بەڵگەنەویستێک سەیرى گوزارە و کڵێشەکانى خۆى دەکات, لەکاتێکدا پانتایی ڕۆشنبیرى بەردەوام ڕەگەزى مردووى ناو شتەکان نەفیدەکات.
یەکەم: چەمکى سوبێکت (سەبجێکت-subject), چەمکێکى مۆدێرنى ناو پانتایی ڕۆشنبیرییە. بەپێى ئەم چەمکە, مرۆڤ چیتر مرۆڤە تەقلیدییە پڕ و کامڵەکەى جاران نیە؛ بەڵکو چنراوێکى کۆمەڵایەتى و مێژووییە, هەڵکەوتێکە لەناو کۆمەڵگایەک و ئایدۆلۆژیایەک و سایکۆلۆژیایەکدا درووستدەبێت. بە مانایەکى تر, سوبێکت مرۆڤ نیە لە تایپە تەواو عەقڵانییەکەى جاراندا, بەڵکو بوونەوەرێکە لەسەرەتاوە ساکار, ساوا, ناعەقڵانى و دەڵەمەیە. ئەوە دواترە شتێکى بەناوى “عەقڵ”ـەوە بەبەردا دەکرێت. عەقڵ و عەقڵانییەت, شتێکە درەنگتر دەبێتە چارەنووسى مرۆڤ. یان بەپێى دابەشکارییە فرۆیدییەکە, مرۆڤ ل “پرەنسیپى چێژ”ـەوە دێتە ناو “پرەنسیپى واقیع”ـەوە. لە پانتایی دەروونەوە دێتە ناو پانتایی کۆمەڵایەتییەوە. لە سرووشتى یەکەمەوە دێتە ناو سرووشتى دووەم (کەلتور)ـەوە. سوبێکت بریتییە لەم پەڕینەوانە, بێ ئەوەى هەرگیز بگاتە کۆتا خاڵى گەشە و ڕسکان. لە کەلتورى ئێمە و پانتایی ڕۆشنبیرییشدا, زوو زوو بیرماندەچێتەوە کە بەپێى هۆشیاریی کۆمۆنسێنس سەیرى مرۆڤ دەکەین. هێشتا لەناو ئاسۆى “مرۆڤ”دا دەسوڕێینەوە تا “سوبێکت”.
بۆ نمونە, ئەو کۆمەڵکوژییەى بە دەستى دکتۆرێک ڕوویدا, تووشى شۆکى کردین. ئەم شۆکە, تەنیا هاوسۆزى نەبوو بۆ قوربانییەکان, بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوە بوو لەگەڵ ئەو ناکۆکییەشدا کە چۆن “مرۆڤێکى بەرپرسیار و هۆشیار” دەست بۆ کوشتن دەبات. کەسێک کە وەک پیشە و پێگەى ڕەمزى, ئەوانیتر لە مردن ڕزگاردەکات, بەڵام ئەم جارە خۆى ڕاستەوخۆ و بێنێوانگر ئەوانیتر دەکوژێت. بەشێک لەو ناکۆکییەى تێىکەوتین, مانەوە بوو لەناو پێناسە کۆنەکەى مرۆڤدا کە ناکرێت شتى واى لێ بوەشێتەوە. بەڵام کاتێک مرۆڤ وەک سوبێکت دەبینین, ئەوسا ناکۆکییەکە دەچێتەوە جێگاى ئاسایی خۆى و شۆکى مەرگ تەنیا بۆ مەرگەکە خۆى دەبێت. بەپێى پرسى سوبێکت, مرۆڤ دکتۆر بێت یان نا, لەبەردەم داڕووخانى دەروونى و هەڵوەشانەوەى سوبێکتیڤیتە (کەسایەتى)دایە و ئەویش سەرەنجام چنراوێکى کۆمەڵایەتییە. کاتێک دەڵێین چنراوێکى کۆمەڵایەتییە, تەنیا مەبەستمان لەوە نیە لەناو کۆمەڵگادا لەدایکدەبێت و دەژى, بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە هەڵگرى کێشەکانى کۆمەڵگاشە. مەعریفەى تایبەتیی پزیشکێک یان پارێزەرێک سەرەنجام تێکەڵ بە هۆشیاریی گشتیی کۆمەڵگا دەبێت و ئەوەى سوبێکت هەڵدەسوڕێنێت ئەو هۆشیارییە گشتییەیە کە بووەتە یاسا و ڕێسا. تەنانەت زۆرجار مەعریفەى پسپۆڕیی هەر پیشەوەرێک, وەک مەعریفەیەکى ئەبستراکت و دابڕاو دەمێنێتەوە و بەشدارى لە یاسا کۆمەڵایەتییەکاندا ناکات. لەپشت پێگەى سیمبوڵیی دکتۆرێکەوە, کەسێکى کۆمەڵایەتى هەیە کە وەک هەموو ئەوانیتر ژیانى ڕۆژانەى خۆى دەژى. کەلێنى نێوان پێگە سیمبوڵییەکە و کەسەکە, بە ئاسانترین جووڵە دەردەکەوێت. سوبێکت ناتوانێت دایمودرهەم ئەم کەلێنەى نێوان پێگەکەى و ناوکە کۆمەڵایەتییەکەى خۆى ڕابگرێت- نەخوازەڵا لە کۆمەڵگایەکدا کە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکە هەوڵدەدات دزەبکاتە ناو پێگەى سیمبوڵیی کەسەکانەوە و پیشەکەیان بەو بەهایانەى خۆى بارگاوى بکات. کاتێک لەناو پێناسە کلاسیکەکەى مرۆڤدا دەمێنینەوە, ئەویتر دەکەین بە بوونەوەرێکى خودائاسا؛ بەڵام لە پرسى سوبێکتدا مرۆڤ ڕێژەییدەکرێتەوە, دونیاییدەکرێتەوە, و چاوەڕوانى ئەوەى لێ دەکرێت ڕەگەزە ناعەقڵانییەکانى بەسەر ڕەگەزە عەقڵانییەکانیدا زاڵ ببن و پیشە و ژیانى ڕۆژانە ببنە یەکێک. هەمیسان, بۆیە وتمان سوبێکت “چنراوێکى کۆمەڵایەتى”یە, تاکو بەشێکى زۆرى ئۆباڵەکە لە ئەستۆى تاکەکەس دووربخەینەوە و شوێنى مرۆڤ لەناو کۆمەڵگا و یاسا و کەلتور و دەسەڵاتى سیاسییدا دیارى بکەین و بەرپرسیارییەکەش دابەشبکرێت.
دووەم, ڕاستى بەپێى کۆمۆنسێنس, سەرتاپا ڕاستە. هەم کۆمۆنسێنسى دەرەوەى پانتاییەکە و هەم کۆمۆنسێنسى ناو پانتاییەکەش لەسەر ڕستێک ڕاستیی بنجى ڕاوەستاون. شتێک هەیە لەوێدا ڕاستە, وەک ڕاستییش دەمێنێتەوە, و بکەرێکى “ڕاستگۆ”ش دەتوانێت بە “ئەمانەت”ـەوە بیگوازێتەوە. بەم پێیە, “ڕاستى” لە هەموو پەیوەندى و نێوانگرێک دادەماڵرێت و دەکرێتە شتێکى ڕووت و ئەبستراکت. ئەو بکەرەشى ڕاستییەکە دەگوازێتەوە و شایەتیی لەسەر دەدات, پێگەیەکى تەواو بێلایەن و ئەبستراکت وەردەگرێت و هەر دەڵێى بکەرەکە و ڕاستییەکەش کارناکەنە سەر یەکتر. ئاشکرایە ئەم دیدە بۆ ڕاستى, دیدێکى کورتهێنە و هەموودەم ڕاست دەرناچێت. ڕاستى, لە تێگەیشتنى کۆمۆنسێنسدا لە حەقیقەت (Truth)ـەوە کورتدەکرێتەوە بۆ فاکت (fact). لە پرسێکى گشتەکییەوە دەکرێتە پرسێکى بەشەکى و بچووک. ئەمە بێ لەوەى کە هەموو ڕاستییەک پەیوەندیی بە پێگەى قسەکەرەکەوە هەیە و بەشێک لە بەرپرسیارێتى دەکەوێتە ئەستۆى وى. ئەم دیدە, بەپێى زاراوە فەلسەفییەکان, دیدێکى پوزەتیڤیستییە؛ چونکە ڕاستى کورتدەکاتەوە بۆ فاکتێکى یەکانگیر و تۆکمە لە دەرەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و مێژووییەکانەوە. قسەکەرەکەش بەجیا و سەربەخۆ لە ڕاستییەکە وەردەگرێت و لە هەر دەروەستێکى دیالەکتیکیی دادەماڵێت. نمونە زۆرە بۆ ئەم جۆرە مامەڵەیە بە ڕاستییەوە. نزیکترین نمونە لە واقیعى ڕۆژنامەوانى و سیاسیی ئێمەدا, ئەو چالاکوانانەن کە پێیانوایە خاوەنى ڕەواى ڕاستیین. ئەرکى خۆیشیان بەوە دەبینن ڕاستى لە جێیەکەوە بۆ جێیکى تر بگوازنەوە (لەوانەوە کە لە ڕاستى لایانداوە بۆ جەماوەر). نمونەى ڕوون و بەرجەستەتر, ئەو چالاکوانانەن کە تەلەفۆن بۆ فڵان و فیسار دەکەن تاکو دان بە ڕاستى دا بنێن و پێ لە گەندەڵیی خۆیان بنێن. لێرەدا دوو ڕەهەندمان هەیە, دەرەکى و ناوەکى. لە ناوەوە گەندەڵییەکە هەرچى هەیە, پرسێکى ترە. بەڵام لەڕووى دەرەوەوە, سەلماندنى ڕاستى بەو شێوەیە, پرسەکە دەگۆڕێت بۆ پرسێکى سەر بە کۆمۆنسێنس. ئەو بڕە ڕاستییەى لە پرسەکەدا هەیە, دەبێتە قوربانیی شێوازى گەیاندنەکەى و قسەکەرەکە. ئەو ژێستەى قسەکەرەکە دەینوێنێت, هەڵگرى گوزارەیەکى لەم جۆرەیە “من نەک هەر ڕاستم, بگرە خودى ڕاستییشم”. ئەم ژێستە, لە دەنگى بێگرێى قسەکەرەکە و غروورە عەنتیکەکەیدا ڕەنگدەداتەوە. نیچە لە بڕگەیەکى کورتدا باسى ئەوە دەکات کە کێشەى سەرەکیی مرۆڤەکان چۆنیەتیی گەیاندن و دەربڕینە. زۆرجار ڕاستییەکى گەورە دەبێتە قوربانى گەیاندنێکى کرچ و هەڵە. ڕاستى, بە چەندین میۆدیۆم و چەوتى دا بووەتە ڕاستى. بەبێ هەژمار لەسەر ئەو پێچ و میدیۆمانە, ڕاستى یان پاشەکشەدەکات یاخۆ بڕێکى لێ بە باردەچێت. پەرەسەندنى کەلتورى جنێویش دیسان سەر بەو تێگەیشتنەیە کە “ڕاستى, سەرتاپا ڕاستە و دەتوانین لە جێیەکدا یەکسەر گشتى بڵێین”, کەلتورێک کە قسەکەرەکە خۆیشى تێیدا بەشدارە.