عێراق لە ئامادەکاریەکانى بۆ پاڵاوتنى مۆندیال بەردەوامە و عەلى حەمادیش بەهۆى پێکانەوە دوورخرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە هەڵبژاردەى تۆپى پێى عێراق بە سەرپەرشتى خیسۆس کاساسى راهێنەر لە ئامادەکارییەکانى بۆ دوو یارى داهاتوو لە پاڵاوتنى نەتەوەکانى ئاسیا بۆ مۆندیالى ٢٠٢٦ بەردەوام بوو، کە لە شارى وەرزشى بەسرە بەڕێوەچوو.
یەکێتى تۆپى پێى عێراق رایگەیاند، عەلى حەمادى هێرشبەرى هەڵبژاردەى وڵاتەکەى تووشى پێکان بووە، بەهۆى ئەمەشەوە لە لیستى هەڵبژاردەکە دوورخراوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ ریزى یانەکەى.
عێراق لە گەڕى حەوتەمى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى مۆندیال میواندارى هەڵبژاردەى کوەیت دەکات، کە سبەینێ لە یاریگاى نێودەوڵەتى بەسرە بەڕێوەدەچێت.
عێراق دواى پێنج رۆژ لەو یارییە و لە گەڕى هەشتەمى پاڵاوتنەکاندا، رووبەڕووى هەڵبژاردەى فەڵەستین دەبێتەوە، کە بەهۆى خراپى ئاسایشى فەڵەستین یارییەکە لە عەمانى پایتەختى ئوردن بەرێوەدەچێت.
لە ئێستادا عێراق بە ١١ خاڵ لە پلەى دووەمى کۆمەڵەى دووەمى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى مۆندیالدایە و بەجیاوازى سێ خاڵ لە دواى کۆریاى باشورى پێشەنگەوەیە، هاوکات بەجیاوازى دوو خاڵ لە پێش ئوردنى پلەى سێیەمەوەیە.