لە خەرتومی پایتەختی سودان، رێوڕەسمى واژۆکردنی رێککەوتننامەی “چوارچێوەیی” لە نێوان فەرماندە سەربازییەکان و هێزە سیاسییە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەى رێککەوتنەکە، هێزە مەدەنییەکان بۆ ماوەى دوو ساڵ سەرۆکایەتى قۆناغى گواستنەوەى سیاسیی دەکەن و بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن، کۆتایی بە قۆناغەکە دێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی کانوونی یەکەمی 2022، رێککەوتنەکە لە خەرتومى پایتەخت، بە ئامادەبوونی چەندین لایەنی نێودەوڵەتیی و هەرێمیى بەڕێوەچوو کە رۆڵیان هەبوو لە گەیشتن بە رێککەوتنەکە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی سیاسی سودان و گەڕانەوەی فەرمانڕەوایی مەدەنی.
رێوڕەسمى واژۆکردنی رێککەوتننامەی “چوارچێوەیی”
لە رێوڕسمەکەدا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی بەڕێوەچوو، هەریەکە لە عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەریی و فەرماندەی گشتى سوپاى سودان و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانى سوپا ئامادەبوون، هەروەها سەرکردەى پارتە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانی “ئازادی و گۆڕان” ئەوانیش ئامادەى رێوڕەسمەکە بوون.
هەروەها “میکانیزمی سێ قۆڵی” کە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەفریقا و رێکخراوی ئیگاد لە خۆدەگرێت، ئامادەى رێوڕەسمەکە بوون، لەلایەکی دیکەشەوە “میکانیزمی چوار قۆڵی” کە لە هەر یەک لە سعودیە و ئەمریکا و بەریتانیا و ئیمارات پێکدێت ئەوانیش ئامادەبوون، لەگەڵ نوێنەری یەکێتی ئەوروپا و نێردە دیبلۆماتکارەکان.
دەسەڵات دەگۆرێت بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی بێ بەشداری هێزە چەکدارەکان
گرنگترین بەندەکانی رێککەوتنەکە
بەگوێرەى راگەیەندراوی هاوپەیمانی “ئازادی و گۆڕان” پوختەی بەندەکانی رێککەوتننامەکە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
- قۆناغی دەسەڵاتی راگوزەر بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و لە ساتی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی دەستپێدەکات.
- رادەستکردنی دەسەڵات بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی تەواو بە بێ بەشداری هێزە چەکدارەکان.
- سەرۆکی دەوڵەت فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکان دەبێت، سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی فراوانی دەبێت و بەکۆدەنگی لەلایەن هێزەکانی نێو رێککەوتننامەکە هەڵدەبژێردرێت، ئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنی ئاسایش بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران دادەمەزرێت.
- رێژەی 40%ى ئەنجومەنی یاسادانان دەبێت لە ژنان بێت.
- دوورخستنەوەی سوپا لە سیاسەت و چالاکییە ئابوریی و بازرگانییەکان، هەروەها “هێزەکانی پشتیوانی خێرا” و هێزە چەکدارەکانی دیکە بخرێنە سەر سوپا، ئەمەش بەمەبەستی پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانی.
- چاکسازیی لە دامەزراوەکانی پۆلیس و دامەزراوە هەواڵگرییەکاندا بکرێن و بخرێنە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئەرکی دامەزراوەی هەواڵگری، تەنها کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاریی و رادەستکردنی بێت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دووربن لە گرتن و بەندکردنى خەڵک.
- چاکسازیی لە دامەزراوە دادوەرییەکاندا بکرێت بە جۆرێک سەربەخۆ و بێلایەن بکرێن، هەڵمەتێکى فراوان بکرێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی و ئاشکراکردنی تاوانەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
- هەوڵدان بۆ ئامادەکردنى دەستورێک، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی و پێویستییەکانی لەخۆبگرێت، لە کۆتایی قۆناغی راگوزەردا.
- دوورخستنەوەی تەواوەتی رژێمی پێشوو (عومەر بەشیر) لە جومگەکانی دەوڵەت، گەڕاندنەوەی ئەو داهاتەی بە نایاسایی دەستیان کەوتووە.
- کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئابوریی و چارەسەری قەیرانی بژێوی.
- جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی جۆبا و هەڵسەنگاندن و دەوڵەمەندکردنی.
- سیاسەتی دەرەوەی وڵات دەبێت هاوسەنگ بێت و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تێدا رەچاو بکرێت.
- پرۆسەی ئاشتی بەدیبێت لەگەڵ ئەو هێزە چەکدارانەی هێشتا نەهاتوونەتە نێو رێککەوتنەکەوە.
- پێکهێنانی میلیشیای سەربازیی و نیمچە سەربازیی قەدەغەیە.
لە کانوونی یەکەمی 2018 سودان چەندین خۆپیشاندانی گەورەی بە خۆوە بینی کە داوای کۆتایی هێنانی دەسەڵاتی 30 ساڵەى عومەر بەشیری سەرۆکى وڵاتیان دەکرد، سەرەنجام لە 11ی نیسانی 2019 سوپای سودان دەستگیرکردن و لەکارلادانی عومەر بەشیری راگەیاند و سوپا دەسەڵاتی وڵاتەکەى گرتە دەست.
لەوکاتەوەى عومەر بەشیر لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە، تائێستا دۆخى وڵاتەکە ئاسایی نەبووەتەوە
بەڵام لەوکاتەوەى عومەر بەشیر لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە، تائێستا دۆخى وڵاتەکە ئاسایی نەبووەتەوە و دەسەڵات لە دەستى فەرماندە سەربازییەکاندایە، بەوهۆیەوە لە تشرینی یەکەمی 2021 جارێکى دیکە خۆپیشاندانی گەورە لە سودان دەستیپێکردەوە و خۆپیشاندەران داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەدەنییان دەکرد.