زووم..
زوومى هەولێر گواستییەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داشکاندنی سەدا 20ـى سزای سەرپێچیی هاتوچۆ و دامەزراندنى دەرچووانى کۆلێژە پزیشکییە حکومییەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەی ئەو فەرمانبەرانەی بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە.
زوومى هەولێر دەشڵێت، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژکردنەوەی بڕیاری تایبەت بە داشکاندنی رێژەی سەدا 20ـی سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بۆ چەند مانگێکی دیکە و تاوەکو ئەمساڵ بکرێت.
دەشڵێت، تەوەرێکى کۆبوونەوەکە، یەکلاکردنەوەی کێشەی ئەو فەرمانبەرانەیە، کە لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام لە یەکى تەمموزى ساڵى رابردووەوە، مووچەیان بۆ نەبەستراوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، بەهۆی جێگیرکردنی میلاکی مانگی تەممووز لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
دەشڵێت، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە، گفتۆگۆکردنە لەسەر پێشنیازێکى دیکەى وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلیژی پزیشکیی گشتیی زانکۆ حکومییەکان بۆ ساڵی 2024.