زووم..
بە گوێرەى هەواڵێکی رۆژنامەى سۆزجو، بەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی ئیستانبوڵ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و ئێستاش لە بنکەیەکی پۆلیسی شارەکە دەستبەرکراوە بۆ وەرگرتنى لێدوان.
رۆژنامەکە نوسیوێتی، بۆ رێگرییکردن لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆککۆمار بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەى بڕوانامەى زانکۆی ئیمامئۆغڵو درا، کە 35 ساڵ پێش ئێستا لە زانکۆی ئیستانبوڵ بەدەستیهێناوە.
پێشتر زانکۆی ئیستانبوڵ بە نوسراوێک رەتیکردەوە کە بڕوانامەکەى ئیمامئۆغڵو ساختە بێت.
هەڵوەشاندنەوەى بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە گوایە ئیمامئۆغڵو ساختەکاریی لە رێکارەکاندا کردووە.
لە کاتی خۆئامادەکردن و پێش چوونی بۆ بنکەى پۆلیس، ئیمامئۆغڵو لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا دەڵێت لە خەباتم لە بەرامبەر ئەو کەسە و ئەوانەشی لەگەڵ ئەودان بەردەوام دەبم.