زووم..
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەى ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی سێ رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ کراوە. دەشڵێت، لیستی مووچەی مانگی سێ هەمان لیستی مووچەی مانگی دووە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەنراوێکدا دەشڵێت، لیستەکە لە رێگای تیمی تەکنیکی وەزارەتەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە.
پێشتر سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بە زوومى راگەیاندبوو، لیستی مووچە بە شێوەى پایرۆڵ ئامادە کراوە و ئێوارەى ئەمڕۆ بۆ بەغدادى دەنێرین.
گوتیشی، لیستى مانگى سێ هەمان لیستى مانگى دووە، ئەو تێبینییانەى تەیف سامى، وەزیرى دارایی لەسەرى هەیبوو، هەموویمان چاک کردووە، چاوەڕوانین رۆژى چوارشەممە و پێنجشەممە وردبینییەکەى لە وەزارەتى دارایی عێراق تەواو بکرێت.
سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایی رایگەیاند، لیستەکەمان هیچ کێشەیەکى نییە، بۆیە چاوەڕوانى ئەوەین مووچەى ئەم مانگە بەبێ کێشە و دواکەوتن رەوانە بکرێت.