زووم..
حکومەتی عێراق دەستپێکردنی فۆڕمی داواکاری وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوونی راگەیاند کە بۆ ماوەی 20 ساڵ و بەقیستی مانگانەی 438 هەزار دینار دەبێت.
سامی ئەحمەد بەڕێوەبەری بەشی قەرز لە بانکی خانووبەرە، بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، لینکی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرزی نیشتەجێبوون کاراکراوە و بەشێوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی لەڕێی پلاتفۆڕمی ئورەوە دەبێت.
لەبارەی مەرجەکانەوە دەڵێت، دەبێت رووبەری یەکەی نیشتەجێبوونەکە لە 100 مەتری چوارگۆشە کەمتر نەبێت لەگەڵ کەفیلێک کە مووچەکەی لە دوو هێندەی قیستی مانگانە کەمتر نەبێت، بڕی ئەو قیستەی مانگانە وەردەگیرێتەوە 438 ھەزار دینار دەبێت و ماوەی دانەوەی قەرزەکەش بە 20 ساڵ دەبێت.
هاوکات حسێن عەرەب ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کرێنشنین عێراق پێویستی بە ملیۆنێک یەکەی نیشتەجێبوونەو سەرۆکوەزیران دەستپێکردنی راگەیاندوە، بەدروستکردنی ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبونیانەش کاریگەری گەورەی لەسەر دابەزاندنی نرخی یەکەی نیشتەجێبوون دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت بەڕێژەی 30% نرخەکان داببەزێت.