زووم..
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە رایگەیاند، پێویستە نەورۆزی 2025 نەورۆزی ئازادکردنی ئۆجالان بێت، چونکە ئازادکردنی ئۆجالان و چارەسەری کێشەی کورد گرێدراوی یەکن.
موراد قەرەیلان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سترێک تیڤی رایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی بۆ گەلی کورد و تورکیش گرنگە و بۆ سەرخستنیشی دەبێت زەمینە بڕەخسێندرێت و زمانی دەوڵەت ئاشتیانە بێت نەک زمانێکی دوژمندارییانە.
گوتیشی، مەرج قبوڵناکەن و دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازادبکرێت و دەرفەتی بەشداری هەبێت لە کۆنگرەی پەکەکەدا و لەهەموو هەنگاوەکانی کۆنگرەدا ئاگاداربێت و رۆڵی هەبێت.
موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامیان بۆ بانگەوازەکەی ئۆجالان ئەرێنی بووە و تورکیاش شەڕ یان ئاشتی بوێت ئەوان ئامادەن.
هەروەها پێیوایە هەندێک لایەن لە تورکیا و کوردستان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش خوازیاری سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی نین.
موراد قەرەیلان دەشڵێت، گەریلاکانیان خۆیان رادەستی تورکیا ناکەنەوە و گیان فیدایین، رایگشتی ئاگادارنییە لەوەی تەکنیکیان هەیە و دەتوانن تا 800 کیلۆمەتر ناوەڕاستی تورکیا بۆردومان بکەن.