زووم..
رێکخراوی ئینسایت لە رۆژاڤای کوردستان بڵاویکردەوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانی رۆژاڤا 74 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، کە 20ـیان منداڵبوون، هەروەها 314 کەسی دیکەش بریندار بوون کە 40ـیان منداڵبوون.
ئەو رێکخراوە دەڵێت، تورکیا بەشێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژاڤا فراوانکردوە و ئەوەش تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەڵەتییەکانە.
رێکخراوەکە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکات بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و راگرتنی هێرشەکان هەڵوێستیان هەبێت.
لەدواین هێرشی تورکیا لە رۆژاڤا، نۆ ئەندامی یەک خێزان لە کۆبانێ گیانیان لەدەستدا کە پێکهاتبوون لە حەوت منداڵ و باوک و دایکیان، لەسەر گیانلەدەستدانیشیان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە” و پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات رێگری لەو تاوانانە بکات.