زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
پۆلیسی میسر و ئوردن بۆ بەڕێوەبردنی غەزە راهێنان دەکەن
بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوی میسر ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئوردن پێکەوە سەرقاڵی راهێنانن بە ژمارەیەکی زۆر پۆلیس، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی غەزە.
بەگوێرەی گوتەکانی عەبدولعاتی بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوتا وەزیرەکانی لە وڵاتانی عەرەبی گفتوگۆی کردووە بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پلانەی کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە دایانناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەزە کە دەبێت بۆ ماوەی شەش مانگ لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە بەڕێوەببرێت.
بەگوێرەی پلانەکە، شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هەموو ئاوارەکان دابیندەکرێت و بۆ ئەومەبەستەش حەوت شوێنیان دیاریکردووە.
وەزیری دەرەوی میسر ئاماژەی بەوەشکردووە، چەند وەزیرێک لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانیان گفتوگۆ دەکەن بەمەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی مادی و مەعنەویی بۆ پرۆژەکەیان، راشیگەیاندووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پرۆژەکەیان پەسەندکراوە و دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایش نوێنەرایەتی لە بەڕێوەبردنیدا هەبێت و هێزی ئاشتی پارێزی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانی تێدا بڵاوببێتەوە.
سەباح
شۆردنی ئۆتۆمبێل لە گەڕەک و شەقامەکان قەیرانی ئاو لە عێراق زیاتر دەکات
لە بەغدادی پایتەخت و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دیاردەیەکی نوێ سەریهەڵداوە ئەویش پەنابردنی گەنجانە بۆ شۆردنی ئۆتۆمبێل لەنێو شەقام و گەڕەکەکان بەمەبەستی دەستکەوتنی بڕێک پارە.
گەنجان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بەدەر لە رێنماییەکان ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان دەشۆن لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەک کە لە پارەی شوێنە تایبەت و دیاریکراوەکان کەمترە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەژاریی و بێکاریی گەنجان بەناچاری دەستیان بەو کارە کردووە و ئەوەش دەبێتە هۆی گەورەتربوونی قەیرانی ئاو و کەمبوونەوەی بڕی دیاریکراوی ئاوی ماڵان.
عەدی جەندیل گوتەبێژی ئەمانەتی بەغدادیش بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگییان کردووە و بڕیاریانداوە هەرکەس ئەو کارە بکات بڕی 500 هەزار دینار سزای دارایی بدرێت لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەدا.
عەرەب
هەژموونی تورکیا لە عێراق لەسەر حسابی ئێران زیاتر دەبێت
دوای بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ راگرتنی هاوردەی غازی ئێرانی بۆ عێراق بەرپرسانی ئەو وڵاتە ترسی کەمبوونەوەی کارەبا دایگرتوون ئەوەش لەکاتێکدایە بەشێکی زۆر لە کارەبای عێراق لەڕێی غازەوە دابیندەکرێت و لە هەمانکاتیشدا لەناوخۆدا ناتوانرێت پڕبکرێتەوە.
ئەنقەرەش بەڵێنی پڕکردنەوەی کەمبوونەوەی غازیداوە بە بەرپرسانی عێراقی بە پێدانی کارەبا، شرۆڤەکارانیش دەڵێن ئەوە دەروازەیەکی دیکەی تورکیایە بۆ هەژموونی زیاتر لە عێراق لەسەر حسابی کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران و پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق بەرەو پێشەوە دەبات و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران کاڵتر دەکاتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق لەدوای سەردانی شاندی تورکیا بە سەرۆکایەتی وەزیری وەزی تورکیا بۆ عێراق تەنها لە بواری کارەبا و غاز و داراییدا نامێنێتەوە، بەڵکو پەیوەندییەکان بواری ئەمنیەتی سنوورەکان و ئەو دۆسییانەش دەگرێتەوە کە پەیوەستن بە بوون و مانەوەی پەکەکە لە عێراق.
زەمان
تەماتەی ئێرانی بازاڕەکانی عێراقی پڕکردووە و جووتیارانی نیگەرانکردووە
لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆییدا ماندوبوونی جووتیارانی ناوخۆیی لەبەرچاوناگیرێت و بازاڕەکانی عێراق پڕدەبن لە تەماتەی ئێرانی و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی جوتیاران و دیاردەکەش هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە.
بەگوێرەی گوتەی شارەزایانی بوارەکە بەهۆی هاتنەناوەوەی تەماتەی ئێران لە سنوورەکانەوە نرخی تەماتە ئەوەندە هەرزانە کە بۆ جوتیارەکانی ناوخۆ دەبێتە کێشە و ناتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە و دەبێتە هۆی زیانی زۆر بۆیان.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سنوورەکانی کوردستانیش لەگەڵ ئێران بەشێک لە کێشەکەیان دروستکردووە و لەوێوە تەماتە دێتە پارێزگانی هەرێمی کوردستان و دواتر دەپەڕێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.
جوتیارەکانی بەسرەو زوبەیر جەخت لەوەدەکەنەوە چەندینجار کێشەکانیان گەیاندووەتە بەرپرسان و بەڵێنی چارەسەریان پێداون، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هاوردەکردنی تەماتە زیانی گەورە لەوان و لە بەرهەمی ناوخۆیی عێراق دەدات و بەپێویستی دەزانن لەکاتی پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆییدا دەروازەکان رێگە بەهاوردەکردنیان نەدرێت.
رۆژنامە فارسییەکان

ئەسکەناس
گرانترین نەورۆزی مێژوو وایکردووە ئەم جەژنە بۆ خەڵک ناخۆش بێت
رۆژانێکی کەم ماون بۆ جەژنی نەورۆز و خەڵک بەرەو گرانترین نەورۆزی ژیانی خۆیان دەچن.
شەقامەکان چۆڵترن و خەڵک بۆ سێ دەستە دابەشبوون: ئەوانەی تەنیا سەیر دەکەن، ئەوانەی کەمترین پێویستی دەکڕن و کەمینەیەکیش کە توانیویانە هەندێک پێداویستی بکڕن.
نرخەکان زۆر بەرزبوونەتەوە، بەتایبەتی نرخی خۆراک و پۆشاک و تەنانەت نرخی نانیش بەرزبووەتەوە.
فرۆشیارێکی جلوبەرگ دەڵێ، هیچ ساڵێک بازاڕی جلوبەرگ بەم شێوەیە نەبووە، فرۆشی رۆژانە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمبووەتەوە.
شیرینی فرۆشییەکیش دەڵێ، ئەم دۆخە پێشینەی نەبووە، فرۆشمان بەراورد بە ساڵانی پێشوو، تەنانەت سەردەمی کۆرۆناش، زۆر کەمترە. هۆکارەکەش گرانی و دابەزینی توانای کڕینی خەڵکە.
شارەزایەکی ئابووریش دەڵێ، کێشەی خەڵک گرانفرۆشیی دوکانەکان نییە، بەڵکو گرانیی سەرتاسەرییە کە رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی حکومەت و سزاکان.

ئارمانی ئیمروز
ئەمساڵ شەش کەس بەهۆی یارییە ئاگرینەکان لە ئیران گیانیان لەدەستداوە
بۆ چێژوەرگرتنێکی سەلامەت لە جەژنی چوارشەممەسوورە کە دوایین چوارشەممەی ساڵە، پۆلیسی تاران رێنمایی گرنگ بڵاودەکاتەوە.
لە کەسانی بێباک دووربکەونەوە و تەقەمەنی بەرەو کەس هەڵمەدەن، یارییە ئاگرینەکان لە شوێنی کراوە و دوور لە دار و ماڵی خەڵک بەکاربهێنن. ئاگر لە شوێنی نیشتەجێبوون مەکەنەوە و لە نزیک پەمپی بەنزین دووربکەونەوە.
ئاگرەکان کۆنتڕۆڵ بکەن و شتی خێرا گڕگرتووی تێمەکەن و کەسێکی پێگەیشتوو چاودێریی بەکارهێنانی تەقەمەنی بکات.
ئەمساڵ تائێستا لانیکەم شەش کەس لە یارییە ئاگرینەکان گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش برینداربوون، بۆیە داوادەکرێت دەستتان بپارێزن و تەقەمەنی مەترسیدار مەخەنە ناو ئاگر. پاشماوەی ئاگرەکان ساردبکەنەوە و لەکاتی رووداودا، پەیوەندی بە ئاگرکوژێنەوە بکەن.
ئاسیا
یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندی ئێران گەشەی بەرچاوی کردووە
هاوردەی 81 تۆن زێڕ لە ئەمساڵدا ئێرانی خستووەتە ریزی پێنج کڕیاری سەرەکیی زێڕ لە جیهاندا.
هاوردەی زێڕ لە مانگانی رابردوودا بەراورد بە ساڵی پێشوو سێ هێنده زیادیکردووە و ئێران بەهۆی سزاکانەوە لە زێڕ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەبری دۆلاری بەکاردەهێنێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری ئاڵوگۆڕی دراو و زێڕ، لە کۆی 81 تۆن زێڕی هاوردەکراو، 16 تۆن لە بازاڕدا مامەڵەی پێوەکراوە و 61 تۆنیش بۆ یەدەگی بانکی ناوەندی زیادکراوە کە وایکردووە زێڕ ببێتە دراوی سەرەکی بۆ بازرگانیی ئێران لە بازاڕە جیهانیەکاندا.
مەردوم سالاری
ئێران: بە توندی وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا دەدەینەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نامەکەی دۆناڵد ترەمپ گوتی: “ئێمە نامانەوێت ئەم پەیامە بڵاوبکەینەوە. ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاودەکرێتەوە زیاتر گریمانەیە و وەڵامی ئێمە دوای لێکۆڵینەوە دەدرێتەوە.
هەروەها لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکا دوای هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر یەمەن، گوتی: “ئێمە بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە. تۆمەتبارکردنی ئێمە بەهۆی کردەوەکانی خەڵکی یەمەن بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانیانە.”
لەبارەی هەڵوێستەکانی بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، گوتی: “ئەم هەڵوێستانە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان نابێت و وڵاتانی ئەورووپی دەرفەتێکی تایبەتیان لەدەستدا بۆ نیشاندانی توانای خۆیان لە چارەسەری کێشەی ئەتۆمی و بۆیەش هەڕەشەکانیان زیان بە خۆیان دەگەیەنێت”.
رۆژنامە ئینگلیزیییەکان
دەیلی تەلەگراف
چیدیکە سەرەگرتن بۆ سەیرکردنی پاسپۆرتی هاووڵاتیانی بەریتانیا نامێنێت
ئەو هاووڵاتییە بەریتانییانەی کە بۆ گەشتکردن دەچنە دەرەوەی وڵاتی خۆیان، لەمەودوا لە گەڕانەوەیاندا پێویستیان بەوەنابێت سەربگرن بۆ ئەوەی سەیری پاسپۆرتەکانیان بکرێتەوە.
ئەو بەرنامە نوێیەی کە دەخرێتە بواری کارپێکردنەوە سیستمێکە دەتوانێت لەڕێی وێنەگرتنی دەموچاوەوە هاووڵاتیان بناسێتەوە.
ئەم هاووڵاتییانە ئەگەر بە ئۆتۆمبێلی تۆمارکراوی خۆیان لەڕێی بەندەرەکانیشەوە بگەڕێنەوە ناو بەریتانیا، تەنها بە تێپەڕبوونی ئۆتۆمبێلەکەیان بە پێشی کامیرایەکی چاودێریدا تۆماری پاسپۆرتی گەشتیارەکان دەکات، زانیارییەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت.
ئەم پێوەرەی بۆ بەندەرەکان باسکرا، بۆ ناو فڕۆکەخانەکانیش هەر بەهەمان شێوەیە، تەنها هێندەی دەموچاویان بگات بە بەر کامیراکان ئیتر پێویستیان بە سەیرکردنی پاسپۆرتەکان نامێنێت، راڕەوێک هەڵدەبژێرن پێی دەگەڕێنەوە ناو وڵات.
تایمز
هۆشداری لە مایەپووچبوونی حکومەتی بەریتانیا دەدرێت
بادینۆک هۆشداری دەدات و دەڵێت، بەرنامەی نێت زیرۆ بۆ ژینگەی خاوێن حکومەتی بەریتانیا مایەپووچ دەکات.
کێمی بادینۆک سەرکردەی پارتی پارێزگاران دەڵێت، ئەو بەرنامەیەی حکومەت لەپێشچاوی خۆی و خەڵک دایناوە کاری پێبکات، وڵاتەکە مایەپووچ دەکات.
بەگوێرەی ئەو بەرنامەیە حکومەت دەیەوێت تا ساڵی 2050 هیچ گازێکی دەرهاویشتە بۆ ناو بەرگە هەوای ژینگە نەهێڵێت، پرۆژەکەی ناوی نێت زیرۆیە.
بادینۆک دەڵێت ئەو بەرنامەیەی رایانگەیاندووە تەنها خەیاڵێکە، ئەگەر بخرێتە بواری کارپێکردنەوە ئاستەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک هێندە دادەبەزێنێت کە دەیانگەیەنێت بە مایەپووچ بوون، بۆیە ئەگەر بخرێتە بواری کارپێکردنەوە ئەنجامی قورسی لێدەکەوێتەوە و ئەستەمە بەبێ زیان تێپەڕببێت.
فاینەنشیەڵ تایمز
تۆتیی پاشای تۆپی پێی رۆما رایگەیاندووە سەردانی روسیا دەکات و ئەمەش تووڕەییەکی زۆری ناوەتەوە
فرانسێشکۆ تۆتی پادشای ناوداری بواری تۆپی پێی ئیتاڵی رایگەیاندووە، لەبەرنامەیدایە لە مانگی داهاتوودا سەردانی مۆسکۆ بکات، بۆ ئەوەی ئامادەی بۆنەی وەرزشیی گەڵا ببێت، ئەمەش تووڕەیی لەناو ناوەندە ئەوروپییەکاندا دروستکردووە.
لەناو مۆسکۆی پایتەختی روسیاشەوە ئاماژەی ئەوە نێردراون کە تۆتیی کاپتنی پێشووی یانەی رۆما دەچێتە ئەوێ، بۆیە خەڵک هۆشداریی پێدەدەن و داوای لێدەکەن جارێکی دیکە بیر لە پلانەکەی بکاتەوە. چونکە دەگوترێت ئەگەر تۆتی بچێتە مۆسکۆ و وەک بەرنامەی بۆ دانراوە تۆپێکی خۆی پێشکەشی ڤلادیمێر پوتین بکات، ئەو خەڵاتکردنە دەنگی پوتین لە ململانەکردنی بەرامبەر بە ئەوروپا و ئۆکرایندا زاڵدەکات.
عەرەب نیوز
ترەمپ: لەمەودا ئێران بەرپرسە لەهەر جوڵەیەکی حوسییەکان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەمەودوا حوسییەکان هەرهێرشێک لە یەمەنەوە ئەنجام بدەن، ترەمپ خۆی راستەوخۆ ئێران وەک لایەنی بەرپرس لە هێرشەکان دەبینێت.
لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـوە کە شەڕ لە کەرتی غەزەدا دەستیپێکردووە، حوسییەکان کەشتییەکانی جموجوڵە بازرگانییەکانی ناو دەریای سووریان کردووە بە ئامانج. گوایە پشتگیری لە فەڵەستینییەکان دەکەن.
ترەمپ گوتویەتی لەمەودوا هەر یەک دانە فیشەکیش لەلایەن حوسییەکانەوە بتەقێندرێت، وا وەریدەگرێت، کە بە ئاماژەی ئێران تەقێندراوە، هەر ئێرانیش بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت.
رۆژنامە تورکییەکان

سۆزجو
450 ملیار لیرە کورتهێنانی بودجەی هەبووە
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و گەنجینەی تورکیا، بۆ مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵ داهات و خەرجی دوو ترلیۆن و 90 ملیار لیرە بووە، داهات یەک ترلیۆن و 640 ملیۆن بووە.
بەرزترین خەرجی کە بۆ سود تەرخانکراوە 302 ملیار بووە، بە زیادبوونی لەسەدا 102، کورتهێنان لە مانگی دوو گەیشتووەتە 310 ملیار لیرە، خەرجی سود لەسەدا 155 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 140 ملیار لیرە، داهات لەسەدا 35 و خەرجی لەسەدا 50 زیادیکردووە.
سەباح
ئەردۆغان: کێشەی چەندین ساڵە کۆتایی پێدەهێنین
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بە هەوڵی تورکیا خۆی، نزیکبوونەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشەی 40 ساڵەی خۆیان کە سەدان ملیار دۆلار زیانی بە وڵاتەکەیان گەیاندووە.
راشیگەیاندووە، دامەزراوەیەکیان بنیاتنا کە جیاوازی رەگەزی، مەزهەبی و دینی تێدا بەدیناکرێت، هەموو ئەو هەوڵانەشیان بە هەدەردا کە بەنیازی نانەوەی فیتنەی مەزهەبی بوون.
ئایدنلک
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئەو پیاوەی تورکیا دەکاتەوە بە هاوپەیمانی ئیسرائیل
لە ئیسرائیل کە بانگەواز دەکرێت بۆ ئامادەکاری پێکدادان لەگەڵ تورکیا، ئێستا چاوەکانیان خستووەتە سەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی چەهەپە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا.
گلۆبس کە دەنگی سەرمایەی یەهودییەکانە مانشێتێکی نوسیوە و دەڵێت، ئیمامئۆغڵو هەڕەشە لە ئەردۆغان دەکات و چاو لە ئیسرائیل دادەگرێت.
هەرچی سایتی یەهودییەکانی فەرەنساشە بەناوی ژی فۆریم، لەسەر وێنەیەکی ئیمامئۆغڵو نوسیوێتی، ئەو پیاوەی تورکیا دەکاتە هاوپەیمانی ئیسرائیل.
رۆژی رابردوو دەم پارتی لەگەڵ مەهەپە و ئاکپارتیدا کۆبوونەوە، پێنج داواکاریان هەبووە، پێدانی مافی پەیوەندیکردنی نێوان ئۆجالان و پەکەکە، دروستکردنی فەزایەکی ئارام بۆ بەستنی کۆنگرەی پەکەکە، کۆتاییهێنان بە قەیوم و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر یەپەگە لە سوریا و گۆرانکاری یاسایی لە یاسای بەرەنگاری تیرۆر و سزاکان.
جمهوریەت
دەسەڵات بەڵێنەکانی دابووی لەبیری چووە
محەمەد شیمشەم وەزیری دارای و گەنجینەی تورکیا کارتێکی پڕ لە سفری بۆ هاتەوە دوای دوو ساڵ، ئەویش نەیتوانی ئەو بەڵێنانەی دەسەڵات جێبەجێبکات کە بە خەڵکی دابوو.