هەڵبژاردەى عێراق ئامادەکارییەکانى لە شارى وەرزشى بەسرە دەستپێکرد و ٢٠ى مانگ رووبەڕووى کوەیت دەبێتەوە.
دواى ئەوەى لیستى یاریزانە بانگهێشتکراوەکانى هەڵبژاردەى تۆپى پێى عێراق بڵاوکرایەوە، لە ئێستادا شاندى هەڵبژاردەکە لە شارى وەرزشى بەسرەیە و بە سەرپەرشتى خیسۆس کاساسى راهێنەر ئامادەکارییەکانى بۆ دوو یارى داهاتوو لە پاڵاوتنى مۆندیالى 2026 دەستپێکردووە.
عێراق لە گەڕى حەوتەمى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى مۆندیال میواندارى هەڵبژاردەى کوەیت دەکات، کە 20ى ئەم مانگە لە یاریگاى نێودەوڵەتى بەسرە بەڕێوەدەچێت.
عێراق دواى پێنج رۆژ لەو یارییە و لە گەڕى هەشتەمى پاڵاوتنەکاندا، رووبەڕووى هەڵبژاردەى فەڵەستین دەبێتەوە، کە بەهۆى خراپى ئاسایشى فەڵەستین یارییەکە لە عەمانى پایتەختى ئوردن بەرێوەدەچێت.
لە ئێستادا عێراق بە ١١ خاڵ لە پلەى دووەمى کۆمەڵەى دووەمى قۆناغى سێیەمى پاڵاوتنى مۆندیالدایە و بەجیاوازى سێ خاڵ لە دواى کۆریاى باشورى پێشەنگەوەیە، هاوکات بەجیاوازى دوو خاڵ لە پێش ئوردنى پلەى سێیەمەوەیە.