زووم..
سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە زوومی راگەیاند، کاتژمێر 11ـى شەوی رابردوو هەموو گەنجینەکان لیستی مووچەی مانگی سێیان تەواوکرد و دەسبەجێ بۆیان ناردوون.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، لە دەستپێکى دەوامى ئەمڕۆوە تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاری وەزارەت سەرقاڵی وردبینییە، تائێستا بەشێکی زۆری کارەکان تەواوکراون، چونکە لیستەکە گۆڕانکارى مانگى پێشووە کارەکانى زوو تەواودەکرێت و هەر ئەمڕۆ ئامادەدەبێت، رەوانەى وەزارەتى دارایی فیدراڵى دەکەن.
بەگوتەى سەرچاوەکە زیاتر لە 700 هەزار مووچەخۆر ناویان لەڕێی سیستمی پایڕۆڵ ئامادەکراوە و کەمتر لە 200 هەزار مووچەخۆر ماون لە سیستمەکە ناویان تۆماربکرێت، ئەویش کەمتر لە دوو کاتژمێری دیکە تەواودەبێت.
دەڵێت، خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانیش بە سیستمی کۆن لیستەکەیان ئامادەدەکرێت، تاوەکو ئێوارە لیستی ئەوانیش وردبینی بۆ دەکرێت و ئامادەدەبێت.
سەرچاوە باڵاکەى زووم لە وەزارەتى دارایی رایگەیاند، بۆ ئەم مانگەش تیمی تەکنیکی لیستەکە دەبەنە بەغداد، گەشبینە وەزارەتى دارایی پێش جەژنى رەمەزان مووچە بنێرێت و دەڵێت، کێشەى ئەوتۆ نییە ببێتە رێگر لەبەردەم ناردنى، تەنها گۆڕینی بەڕێوەبەری ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق هەیە، چونکە نازانین ئەم بەڕێوەبەرە نوێیە مامەڵەی لەگەڵ لیستی مووچەى هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت.