زووم..
فازڵ بەشارەتى ئەندامی پێشووی سەرکردایەتى پارتی دەڵێت، یەکێتی و پارتی یەک مەبەست و ئامانجیان هەیە، دەشڵێت “بەدەست من بێت یەکێتی و پارتی دەکەم بە یەک حزب.”
لەمیانی بەرنامەی زوومی ئێمە کە تێیدا تەوەری سەرەکی لەسەر کۆبوونەوەکەی دوێنێی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و مەسرور بارزانی جێگری پارتی بوو لە پیرمام فازڵ بەشارەتی گوتی: ئێمە و یەکێتى دوو میللەت و دوو حکومەتى جیاواز نین، بەڵکو یەک میللەتین و یەک ئامانج و یەک مەبەستمان هەیە وەک یەک هەوڵ بۆ ئامانجەکەمان دەدەین.
لە بارەى پێشنیازی بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکلیستى پارتی و یەکێتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، فازڵ بەشارەتى بە زوومی گوت، “بە دەست من بێت پارتی و یەکێتى نەک دەکەم بە یەک فراکسیۆن، بەڵکو دەیانکەم بە یەک حزب و جەنابی سەرۆک بارزانیش سەرۆکمان بێت.”
فازڵ بەشارەتی گوتیشی، “با حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئۆپۆزسیۆنی ئێمە بن ئەوکات ئەم پەرتەوازەییەی ناو ماڵی کورد چارەسەر دەبێت و بەغدادیش بە دەم چارەسەری کێشەکانمانەوە دێت.”
زووم پێشتر بڵاویکردەوە بافڵ تاڵەبانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق داوای لە پارتی کردووە بە یەکلیست بەشداری بکەن و پارتیش پێشنیازەکەی “هێشتا قبوڵ نەکردووە” و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.