زووم..
دواى هێرشەکەى ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکانى یەمەن، گرووپە میلیشیا شیعییەکانى عێراق بە گشتى و حەشدى شەعبی بەتایبەتى ترسی ئەوەیان لێنیشتووە لەناکاو هێرشیان بکرێتەسەر.
رۆژنامەى عەرەبی چاپی لەندەن بڵاویکردەوە، بەوپێیەى ئەمریکا گرووپە میلیشیا شیعییەکان بە باڵی ئێران دەزانێت، بەرپرسانى عێراقى ئاگادارکردووەتەوە کە سنوورێکیان بۆ دیاریی بکات و جڵەویان بکات.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، لە کاردانەوەدا بزووتنەوەی نوجەباى عێراقى بەیاننامەیەکیان لەبارەى ئەو هێرشەوە بڵاوکردووەتەوە، بوون و مانەوەى ئەمریکایان لە ناوچەکەدا بە ماڵوێرانى و شەڕو پشێویی ناوبردووە. دەشڵێن، بێدەنگیی بەرەی مقاوەمە بۆ بەردەوامیی ئاگربەستى غەزە دەگەڕێتەوە و دەیانەوێت پابەندبن.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، ترسێکى زۆر لەنێو میلیشیا شیعییەکان بڵاوبووەتەوە، ترسی جدیشیان لە سیاسەتە توند و بڕیارە خێراکانى ترەمپ هەیە.
رۆژی 15ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر حوسییەکان کرد، پەیامێکی هۆشداریشی دایە ئێران و داوای کرد دەستبەجێ هاوکاریی و پشتیوانیی بۆ حوسییەکان رابگرێت. لەو هێرشەدا پێگەکانی حوسییەکانیان لە شەش پارێزگای یەمەن کرانە ئامانج و بەهۆیەوە 53 کەس کوژرا و 98 کەسی دیکەش برینداربوون.