دۆسیەى گیانلەدەستدانى سەهەند ئەحمەد داخرا، ئەو گەنجەى 12ى مانگى رابردوو لە رووداوێکى تەمومژاویدا لە سلێمانى گیانى لەدەستدا، پارێزەرى دۆسیەکەش دەڵێت، “پێمان سەیرە دۆسیەیەکى کوشتن بەو خێراییە دادەخرێت”.
ئێوارەى ئەمڕۆ، ئەحمەد محەمەد مەحمود، پارێزەرى دۆسیەى سەهەند لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، راپۆرتى پزیشکى یەکەم بە ناراستەوخۆ ئاماژەبەوەدەدا کە سەهەند بەهۆى ئەشکەنجە و لێدانەوە گیانى لەدەستداوە، بەڵام راپۆرتى دووەم دژە بە راپۆرتى یەکەم.
پارێزەری دۆسیەکە:
سەهەند لە راپۆرتی یەکەم بەهۆی ئەشکەنجە گیانی لەدەستدا، بەڵام راپۆرتی دووەم دژ بە راپۆرتی یەکەمە
گوتیشى، راپۆرتى پزیشکى دووەم کە پاش هەڵدانەوەى گۆڕى سەهەند کراوە و دوێنێ ئەنجامەکەى هاتووەتەوە دەڵێت، “سەهەند بەقەزاوقەدەر مردووە”، لەکاتێکدا بەڵگەى تەواو هەیە سەهەند لەژیر فشار و لێدان و ئەشکەنجەداندا گیانى لەدەستداوە.
“ئەوەى کە وا سەرى ئێمەى سوڕماند و بوو بە جێگەى سەرسوڕماندنى هەموو لایەک، ئەوە بوو کە تەنها لە ماوەى 20 رۆژدا دۆسیەیەکى تاوانى کوشتن کە هەشت پۆلیسى لەسەر دەستگیرکراوە، دابخرێت، بۆیە دەبوو دادوەر چاوەڕێى هەموو بەڵگەکانى بکردایە ئەوکاتە دۆسیەکەى دابخستایە” پارێزەرى دۆسیەکەى سەهەند وایگوت.
سەهەند کاتێک گیانى لەدەستدا تۆمەتباربووە و لەلایەن پۆلیسى سلێمانییەوە دەستگیرکراوە، شوێنى راگرتنەکەشى بنکەى پۆلیسى سەرچنار بووە، هەربۆیە لە رووداوى گیانلەدەستدانەکەیدا پەنجەى تۆمەت ئاراستەى ئەو پۆلیسانە دەکرێت کە لەکاتى گرتن و گواستنەوەیدا لەگەڵیدا بوون.
هەشت پۆلیس لەسەر رووداوى گیانلەدەستدانى سەهەند دەستگیرکراون، پارێزەرى دۆسیەکە دەڵێت، بە داخستنى دۆسیەکە پۆلیسە دەستگیرکراوەکان ئازاد ناکرێن و دادوەر بڕیارى داوە ئەو کەسانە لە شوێنى تایبەتى خۆیانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزاى ئەو کارەیان وەربگرن.
بە داخستنی دۆسیەکە، پۆلیسە دەستگیرکراوەکان ئازاد ناکرێن
بەگوتەى ئەحمەد محەمەد مەحمود، پۆلیسە دەستگیرکراوەکان لە سەرەتادا نکوڵیان کردووە کە دەستیان لە کوشتنى سەهەنددا هەبووبێت، بەڵام دواتر کە بە تاک گوتەیان لێوەرگیراوە، هەموو دانپێدانانێکیان لەسەر تاوانەکە کردووە.
ئەو دەشڵێت، کامێراى چاودێرى بنکەى پۆلیسەکە کارى کردووە، بەڵام دواتر سڕاوەتەوە، هەرچەندە ئێستا هەندێک لە دیمەنە سڕاوەکان هێنراونەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت یەکێک لەو پۆلیسانەى ئەشکەنجەى سەهەندى داوە، بە توندى لە سەرى داوە و ئازارى زۆرى پێگەیاندووە، “بەڵگە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن چەند کەس دەستى لەم تاوانەدا هەبووە و ناتوانن نکوڵى لێ بکەن”.
پارێزەری دۆسیەکە:
کامێراى چاودێرى بنکەى پۆلیسەکە کارى کردووە، بەڵام دواتر سڕاوەتەوە
پارێزەرى دۆسیەى سەهەند باس لەوەش دەکات کە ئەو گرتە ڤیدیۆیانەى لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن پۆلیسەکان چەند بە توندی ئازارى سەهەند دەدەن، دەشڵێت “لە پشتەوە بە لولە تفەنگ و قۆناغە تفەنگ دەدەن لەم کەسە، سەرى زیانى بەرکەوتووە، راپۆرتى پزیشکى یەکەمیش ئاماژەبەوە دەدا دەڵێت سەهەند کاتێک گیانى لەدەستداوە هەموو ماسولکەکانى بە رەقى وەستاون، ئەمەش بەڵگەیە بۆئەوەى کە هێز و فشارێکى زۆرى بەکارهێناوە پێشئەوەى گیان لەدەست بدات”.
سەهەند ئەگەر ماددەی هۆشبەریشی بەکارهێنابێت، پاساو نیە بۆ ئەشکەنجەدان و کوشتنی
لە کۆتاییدا پارێزەرەکەى دۆسیەى سەهەند دەڵێت، لە راپۆرتى پزیشکى دووەمدا هاتووە کە سەهەند ماددەى هۆشبەرى بەکارهێناوە، لەکاتێکدا لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت سەهەند بە “چستوچالاکى” جوڵە دەکات، وەکو ئەو دەڵێت، سەهەند ئەگەر ماددەى هۆشبەریشى خواردبێ بەڵام لێدانەکەى و ئەشکەنجەدانەکەى و کوشتنى بەوجۆرە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت ئەگەر “تاوانى هەموو سلێمانیشى کردبێت”.
سەهەند لە رووداوێکی تەمومژاویدا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا
سەهەند، گەنجێکى 17 ساڵ بوو، 12ى تشرینى دووەمى 2022 لە رووداوێکی تەمومژاویدا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، ئەوکات پۆلیس رایگەیاند، سەهەند تۆمەتبار بووە و بۆ ماوەی دوو رۆژ تەوقیفکراوە، لە دووەم رۆژی مانەوەیدا لە بنکەی پۆلیسی سەرچنار هەڵاتووە و چەند کارمەندێکی پۆلیسیش دوای کەوتوون، لەکاتی هەڵهاتنەکەدا کەوتووە و بەوهۆیەوە دەستگیرکراوەتەوە و جارێکی دیکە براوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی سەرچنار.
کەسوکارەکەی سەهەند، گومانیان لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان هەبوو، هەر لە سەرەتاى رووداوەکەدا گوتیان سەهەند لەلایەن چەند پۆلیسێکەوە لێیدراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە، هەروەها بێمتمانەیی خۆیان بەو راپۆرتەى پزیشکی دادی نیشاندا کە سەبارەت بە هۆکارى گیانلەدەستدانى سەهەند ئامادەکرابوو، ئەوان گوتیان: بڕوامان بەو راپۆرتە نییە، گۆڕی سەهەند هەڵدەدەینەوە، دەبێت جارێکی دیکە توێکاریی بۆ بکرێتەوە.
گومانەکان و رازى نەبوونى کەسوکارى سەهەند بەو راپۆرتەى لەبارەى هۆکارى گیانلەدەستدانى کوڕەکەیان نوسرابوو، پاش دوو هەفتە دادوەر ناچاربوو بڕیاربدات گۆڕى سەهەند هەڵبدرێتەوە، ئێوارەى رۆژى 26ى تشرینى دووەم کەسوکاری سەهەند گۆڕی کوڕەکەیان هەڵدایەوە بە مەبەستی ئەوەی پزیشکی داد دووبارە توێکاری بۆ تەرمەکە بکاتەوە.
ئیستا دواى داخستنى دۆسیەکە لەلایەن دادوەرەوە، لە بەردەم کەسوکارى سەهەند هیچ رێگەچارەیەک نەماوە تەنها دادگاى تەمیز نەبێت، هەربۆیە پارێزەرى دۆسیەکە دەڵێت “ئێمە تەمیزى بڕیارەکە دەکەینەوە و ئەوەشى کە جێگەى دڵخۆشییە، هێشتا لیژنەکەى وەزارەتى ناوخۆ بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانى و کۆکردنەوەى بەڵگە لەسەر رووداوەکە”.