زووم…
رۆژنامە فارسیەکان
کار و کارگەر
لە نەورۆزدا بەکارهێنانی بەنزین دەبێتە 135 ملیۆن لیتر
کەرامەت وەیس کەرەمی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، زیادبوونی بەکارهێنانی بەنزینی لە رۆژانی پشووی نەورۆزدا راگەیاند.
بە گوتەی ناوبراو، تێکڕای بەکارهێنانی رۆژانەی بەنزین لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 124 ملیۆن لیتر بووە، کە پێشبینی دەکرێت لە نەورۆزدا بگاتە رۆژانە 135 ملیۆن لیتر.
وەیس کەرەمی جەختیشی لەوە کردەوە کە رێوشوێنی بەرفراوان گیراوەتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی بەنزین و لە ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی بەنزین 8 ملیۆن لیتر لە رۆژێکدا زیادیکردووە.
هەروەها لەگەڵ زیادبوونی هاتووچۆی رێگاوبان و چاودێریی تایبەت، پڕکردنەوەی بەنزین لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا بە شێوەیەکی رێکوپێک ئەنجام دەدرێت.
جەهانی سەنعەت
کشتوکاڵی مۆدێرن و گوڵخانەیی 161% گەشەی کردووە
ئەنجامی سەرژمێریی کشتوکاڵی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە، کە “بازدانێکی 161٪ـی لە کشتوکاڵی شووشەیی یان گوڵخانەیی لە ماوەی دەیەی رابردوودا نیشان دەدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەرتی کشتوکاڵی ئێران بەهۆی کەمئاوی و وشکەساڵییەوە پێویستییەکی زۆری بە پەرەپێدانی ئەم جۆرە کشتوکاڵە پێشکەوتووە هەیە.
بەگوێرەی ئامارەکان، چوار ملیۆن کەس لە بواری کشتوکاڵدا کار دەکەن، 11٪یان لە شارەکانن و 89٪یان جووتیاران لە گووندەکانن.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی خاوەن ئاژەڵ، ژمارەی ئاژەڵ زیادی کردووە و 92٪ی جووتیاران پیاون و تەنها 8٪یان ژنن بەڵام تەمەنی جووتیاری بەرز بووەتەوە و تێکڕای تەمەنی جووتیاران 53 ساڵە.
بەکارهێنانی ئاودێرانی نوێ زیادی کردووە و گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی و کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان بەدی دەکرێت.
بەرپرسان جەخت لەوە دەکەنەوە کە کشتوکاڵ بەرەو مۆدێرنبوون دەڕوات و ئەوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو.
ئارمانی ئێمروز
مایک واڵتز: هەموو بژاردەکان دژی ئێران لەسەر مێزن
مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، دووپاتی دەکاتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو بژاردەکانی لە بەرامبەر ئێران بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و هۆشداری دەدات کە “ئێران دەبێت بە وردی گوێ لە قسەکانی سەرۆک ترەمپ بگرێت.”
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، واڵتز گوتی، پشتیوانیی ئێران بۆ حوسییەکان و گرووپە چەکدارەکانی دیکە “جێگای قبووڵ نییە”. هەروەها ئاماژەی بە توانای سەربازیی حوسییەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان کرد.
واڵتز جەختی کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ بە توندی وەڵامی دەبێت و حوسییەکان و ئێران بەرپرسیار دەکات.
لەبارەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەنیش گوتی کە ئامانج لێیان لێپرسینەوەیە لەگەڵ ئێران. هەروەها، ئێران تۆمەتبار دەکات بە تێکدانی هێڵە بازرگانییە دەریاییەکان و ئابووریی جیهان.
دەڵێت ئەم دۆخە بۆ ترامپ “جێی قبووڵ نییە” و هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ “ئازادکردنی بازرگانیی جیهانی.
ئەبرار
بەهۆی قاچاخی کەرەستەی جوانکاری خراپ لە ئێران تسۆنامییەکی شێرپەنجەی پێست بەڕێوەیه
فرود ئەمینی، سەرۆکی یەکێتیی پیشەی جوانکاری و تەندروستی لە ئێران، هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی کەرەستەی جوانکاریی ساختە و مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستی.
ئەمینی رایگەیاند، کە قەڵەمی چاوی ساختە و بێ کوالێتی بووەتە هۆی کوێربوونی ژنان لە ئێران. هەروەها، تەمەنی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست بەهۆی بەکارهێنانی کەرەستەی جوانکاریی خراپەوە بۆ 14 ساڵ دابەزیوە.
ئەمینی جەختی لەوە کردەوە، کە ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار کەرەستەی جوانکاریی ساختە و شێرپەنجەهێنەر بە قاچاغ دێتە ئێران.
هۆشداریشی دا لە “تسونامی”یەکی شێرپەنجەی پێست و قژ بەهۆی بەکارهێنانی کەرەستەی جوانکاریی قاچاخەوە کە بەرەو ئێران دێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
باخچەلی دەستخۆشی لە دەم پارتی دەکات
لە راگەیەنراوێکدا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، سەبارەت بە هەوڵەکانی دەم پارتی و شاندی ئیمراڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی، باخەچلی رایگەیاندووە ،خەباتی دەم پارتی بەرز دەنرخێنم.
باخچەلی دەڵێ، ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆک و دامەزرێنەری پەکەکەیە لەم پڕۆسەیەدا چاوەڕێین لە بەرژەوەندی تورکیا هەندێ هەنگاو بنێت.
سۆزجو
جەهەپە رەخنە لە گوتەکانی باخچەلی دەگرێت
مەنسوڕ یەڤاش سەرۆکی شارەوانی گەورەی ئەنقەرە تانە لە گوتەکانی دەولەت باخچەلی دەدات سەبارەت بەوەى عەبدوڵا ئۆجالانی بە سەرۆک و دامەزرێنەرى پەکەکە ناوبردووە. یەڤاش دەڵێت ئەوەى ئێمە دەیزانین تەننها یەک سەرۆک و دامەزرێنەر هەیە ئەویش مستەفا کەمال ئەتا تورکە.
لە درێژەى گوتەکانیدا راشیگەیاندووە، پەکەکە بە هەمانشێوەى ساڵی 2015 بەنیاز نییە چەک دابنێت و مەترسی ئەوەش هەیە دووبارە چەکەکان لەدژى تورکیا بەکاربهێنێتەوە.
گوتیشی، تاکوو مۆڵەت و گەردن ئازایی لە کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان وەرنەگرن، ئێوە ناتوانن لەم پڕۆسەیەدا هەنگاوێک بنێن.
قەرار
ژیانکردن لە تورکیا قورس بووە
تادێت کاریگەریی قەریرانی ئابووری بەسەر ژیانی خەڵکەوە زیاتر دەبێـت و ژیانکردن قورستر دەبێت.
بەگوێرەى راپۆرتێک، لە تورکیا و باکووری کوردستان لە کۆی 100 کەس، تەنها 14 کەسیان دەتوانن وەک مرۆڤێکی ئاسایی بژیت و پێداویستییەکانی ژیانیان بەبێ کەموکورتی دابین بکەن.
بە گوێرە راپۆرتێکی دەزگای ئامار، لە کۆی 100 کەس، 29 کەسیان پێویستیان بە هاوکاریی دارایی هەیە. لە کۆیی 100 کەسیش تەنها 57 کەس توانای پارەدان بە ئاو و کارەبا و غازی هەیە.
میللییەت
ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی سەردانی مەهەپە و ئاک پارتی دەکات
لەچوارچێوەى بەڕێوەچوونی دیدارەکانی ئاشتی، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی ئیمڕاڵی سەردانی ئاک پارتی و مەهەپە بکات.
سەردانەکە لەپاش بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پەکەکەوە دێت، بەگوێرەى زانیارییەکان دەولەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە کۆبونەوەى ئەمڕۆ ئامادەنابێت، بەهۆی ئەوەى ماوەیەک پێش ئێستا نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە و هێشتا لە ماڵەوە پشوو دەدات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
یونسێف: تا کات بەدەستەوە ماوە فریاى منداڵانى غەزە بکەون
ئیدوارد بیگبیدەر بەڕێوەبەری هەرێمایەتى رێکخراوى یونسێف لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا رایگەیاند، دۆخی منداڵانی غەزە بەڕێژەیەکی زۆر جێگەى نیگەرانییە، بەهۆی جەنگەکەوە دوو ملێۆن و 400 هەزار منداڵ رووبەڕووی نائارامی ژیان و کێشەى دەروونى و دابڕان و نەبوونى خۆراک و شوێنى مانەوە و ئاسایش بوونەتەوە.
بەڕێوەبەرەکەى یونسێف گوتیشى، ئەگەر پێداویستییەکان نەگەنە غەزە یەک ملیۆن منداڵ لەبەردەم هەڕەشەى لەناوچووندان، چوار هەزار منداڵی تازە لەدایکبوو لە غەزە هەیە و بەشێکى زۆریان پێویستیان بە چاودێریکردنى نێو شوشە و هەناسەدانى دەستکرد هەیە بۆ ئەوەى نەمرن، بەڵام بەهۆی نەبوونى بنکەى تەندروستى و بەردەست نەبوونى پێداویستییەکان لەبەردەم مەترسی لەناوچووندان.
سەباح
شوێنى نیشتەجێبوونى کوردە فەیلییەکان ئاوەدان دەکرێتەوە
تاریق مەندەلاوی راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى کوردە فەیلییەکان رایگەیاند، لیژنەیەکى تایبەتییان پێکهێناوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو پاریزگاى واست و دیالە بەمەبەستى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە سنوورییەکان کە پێشتر زێدى کوردانى فەیلى بووە بەتایبەتى لە زەباتییە و مەندەلی.
راشیگەیاندووە هەر دوو ئیدارەکە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دانانى پلانێکى هاوبەش بەمەبەستى دابینکردنى دارایی پێویست.
بەگوێڕەی بڕیاری 426ـى ساڵی 2010 ـى ئەنجومەنى وەزیران بۆ قەرەبووى زیانلێکەوتووانى کوردیی فەیلى لەو بوارەدا پشتیوانییەکی باشە بۆ ئەوەى کارەکان بەخێرایی بەڕێوەبچن.
مەندەلاوی ئاماژەى بەوەکردووە، حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانى عێراق 22 هەزار کەسى لە کوردە فەیلییەکان کوشتووە و هەزارانى ئاوارە و دەربەدەر کردووە، پێشنیازێکیش لەبەردەستدایە کە لیژنەیەک دروستبکرێت بۆ سەردانیکردن و بەسەرکردنەوەى کوردانى فەیلى لە دەرەوەى عێراق ئیتر لە ئێران بن یان لە وڵاتانى دیکە و داوایانکردووە لە وەزارەتى ناوخۆش ئەو ژمارەیەى ماوون رەگەزنامەکانیان پێ بدرێتەوە کە کاتى خۆی حکومەتى بەعس لێی وەرگرتوونەتەوە.
دەستور
سامەڕا دەکرێتە پایتەختى رۆشنبیریی عێراق
بەدر ئەلفەحل پارێزگاری سەڵاحەدین رایگەیاند، ئامادەکارییەکانى بە پایتەختکردنى رۆشنبیریی شارى سامەڕا بەباشى بەڕێوەدەچێت، بەشێک لە پرۆژەکانیش لەناوەندى قەزاکە و دەوروبەرى بەرەو تەوابوون دەچن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ترلیۆنێک دینار بۆ پرۆژەکە تەرخانکراوە، بەڵام تائێستا سەد ملیاریان وەرگرتووە، لە سەروبەندى ئەوەدان بەگوژمەى تر بودجەى دیاریکراویان بۆ خەرجبکرێت.
سامەڕا قەزایەکی سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدینە و دەکەوێتە کەنارى روبارى دیجلە و 125 کیلۆمەتر لە باکوورى بەغداد هەڵکەوتووە.
عەرەب
دواى هێرشەکەى ئەمریکا بۆ سەر سەنعا میلشیاکانى عێراق ترسیان لێنیشتووە
دواى هێرشەکەى ئەمریکا بۆسەر حوسییەکانى یەمەن لە سەنعاى پایتەخت میلشیا شیعیەکانى عێراق بەگشتى و حەشدى شەعبی بەتایبەتى ترسی ئەوەیان لێنیشتووە لەناکاو هێرشیان بکرێتە سەر.
بەو پێیەى ئەمریکا بە باڵی ئێرانیان دەزانێت لە عێراقدا و بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانى عێراقى ئاگادار کردووەتەوە کە سنوورێکیان بۆ دیاریی بکات و لە قاڵبیان بدات.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، لە کاردانەوەدا بزووتنەوەی نوجەباى عێراقى بەیاننامەیەکیان لەبارەى ئەو هێرشەوە دەرکردووە و دەڵێت، مانەوەى ئەمریکا لە ناوچەکەدا جگە لە ماڵوێرانى و شەڕ و پشێویی هیچى ترى لێ چاوەڕێ ناکرێت.
هیچ چاوەڕوانییەکی باش و ئاوەدانى و سەقامگیرییان لێ ناکرێت جگە لە وێرانى و بەتاڵانبردنى داهاتى وڵاتان، هەروەها تێیدا هاتووە بێدەنگی مقاوەمە بۆ بەردەوامی ئاگربەستى غەزە دەگەڕێتەوە و دەیانەوێت پابەندبن پێوەى.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
نەوەی نوێ لە هەر دە کەس چواریان دەیانەوێت واز لە کارکردن بهێنن
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت، نەوەی نوێ حەوسەڵەی کارکردنیان نەماوە، لە هەر دە کەسیان، چواریان واز لە کارەکەکانیان دەهێنن و دەیانەوێت گوزەرانی خۆیان بە مووچەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی دابین بکەن.
چوار کۆمپانیای گەورەی ناو بەریتانیا رایانگەیاندووە، کە ژمارەی کرێکارە گەنجەکانیان روویان لە کەمبوونەوە کردووە و بە بەردەوامیش هەر کەم دەبنەوە.
دەگوترێت هۆکاری پاشەکشەکردنیان لە بازاڕی کار هۆکارێکی ترسناکی لە پشتەوەیە، کە بریتیییە لە نائارامیی تەندروستیی عەقڵی. ئەم کەسانە کە دەست لە کارەکانیان هەڵدەگرن، نە دەیانەوێت جارێکی دیکە بگەڕێنەوە و نە دەشچن بەدوای کارێکی نوێی دیکەدا بگەڕێن.
تایمز
رەنگە سەربازانی سوپای بەریتانیا بنێردرێنە ئۆکراین و بۆ چەندان ساڵی داهاتووی دیکە لەوێ جێگیربکرێن.
سێر کێیە ستامەر دەیەوێت هەزاران سەربازی بەریتانی بۆ ماوەی چەندان ساڵ لە ئۆکراین جێگیربکات، بۆئەوەی کار لەسەر پاراستنی ئاگربەست بکەن و رێگە نەدەن جارێکی دیکە روسیا ئەو وڵاتە داگیربکاتەوە.
سەرۆکوەزیران کەوتوەتە ئامادەکاریکردن بۆ ناردنی ئەو سوپایە بۆ ئەوەی هەتا پێویستیی مانەوەیان لەناو ئۆکرایندا بمێنێت، ئەوانیش لەوێ بن. بڕیارە ئەم هێزەی بەریتانیا ببن بە بەشێک لە ئەو سوپای ئاشتیپارێزەی کە هاوپەیمانانی رۆژئاوایی دەیانەوێت لەوێ دروستی بکەن.
وابڕیارە وەزیرانی بەرگریی هاوپەیمانێتیی خۆویستانە رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو لە لەندەن کۆببنەوە، بۆئەوەی قسە لەسەر ئەو کاتە بکەن، کە پێویست دەکات ئەو هێزەی تێدا پێکبهێنن.

فاینەنشیەڵ تایمز
هاووڵاتیانی ئەمریکا توانای کڕینیان کەمبووەتەوە
کڕیارانی ئەمریکی لە ئێستادا دەست لە کڕین دەگێڕنەوە. بەهۆی زۆربوونی باجەکانی حکومەتەکەی ترەمپەوە توانای شتکڕینیان لاوازبووە.
وا چاوەڕواندەکرێت یەکێک لە گەورەترین ئابوورییەکانی دنیا تووشی قەیران ببێت، هەڕەشەی بۆ دروستبووە.
عەرەب نیوز
حوسییەکان لە دەریای سوور کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکییان پێکا.
ژمارەی کوژراوەکانی ئەم گروپە لە هێرشەکانی ئەمریکادا بۆ سەر بنکەکانیان گەشت بە زیاتر لە 50 کەس.
لەپاش ئەو بۆردومانانەی ئەمریکاوە، کە چەند ناوەندێکی حووسییەکانی بەئامانج گرت، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوانی ئەم دوو لایەنە گەشتووە بە ئاستێکی ئاڵۆزتر. لەوکاتەوە حووسییەکانیش هێرشەکانی خۆیانیان بۆسەر یەکێک لە قەرەباڵەغترین رێگا بازرگانییەکانی جیهان دەستپێکردووە، کە دەریای سوورە. لەوێ لە چەند کەشتییەکی سەربازی و بازرگانییان داوە. رۆژی یەکشەممە حوسییەکان رایانگەیاند بە چەند کاتژمێرێک لە پاش بۆردومانەکانی ئەمریکاوە بۆسەر بنکە و ناوەندەکانی ئەوان، ئەوانیش لە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکییان داوە.