زووم..
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەدوای هۆشدارییەکەی ترەمپ بە وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا هیچ مافێکی نییە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دیاری بکات و دەبێت کۆتایی بە کوشتنی خەڵکی یەمەن بهێنرێت.
عەراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: دەوڵەتی ئەمریکا هیچ مافێکی نییە سیاسەتی دەرەوەی ئێران دیاری بکات، ئەو سەردەمە لە ساڵی 1979 کۆتایی هاتووە، کۆتایی بە پشتگیریکردنی ئیسرائیل بهێنن، کوشتنی خەڵکی یەمەنیش بوەستێنن.
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای هێرشەکانی ئەمریکا دێت لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر پێگەی حوسییەکانی یەمەن کە بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی دەسەڵاتی حوسییەکانی، 31 کەس کوژراون و 101 کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
لەدوای هێرشەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، “کاتی حوسییەکان کۆتایی هاتووە، دەبێت هێرشەکانتان لەمڕۆوە بوەستێت ئەگەرنا ئاگربارانێک دەکرێن کە پێشتر شتی واتان نەدیتبێت”، ترەمپ هۆشداری بە ئێرانیشیدا کە “دەستبەجێ” کۆتایی بهێنێت بە پشتگیری و هاوکارییەکانی بۆ حوسییەکان.